دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

كوژرانی زیاتر لە 100 چەکداری ئەفغانستانی ڕاگەیەنرا

هەرێم نیوز 

حكومەتی پاكستان ڕایگەیاند، هێزەکانیان زیاتر لە 100 چەکداریان کوشتوە کە پلانی هێرشی تیرۆریستییان لە ناوچە سنورییەکانی ئەفغانستان دادەنا، تاڵیبانیش دەڵێت، "بەهۆی بەڕێوەچونی دانوستانەكان لە قەتەر وەڵامی هێرشەكە نادەینەوە".

عەتاوڵڵا تارار، وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان لە پلاتفۆرمی "X" بڵاویكردەوە، لە ماوەی 48 کاتژمێری ئاگربەستدا، چەکدارانی سەر بە بزوتنەوەی تاڵیبانی پاکستان کە لە ئەفغانستان جێگیربون، چەندین هێرشی تیرۆریستییان لەناو پاکستاندا ئەنجامداوە، و هێزە ئەمنییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا کردوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، "هێزەکانی پاکستان شەوی ڕابردو کەمپەکانیان کردە ئامانج، و بەپێی زانیارییە هەواڵگرییە پشتڕاستکراوەکان، لانیکەم 70 چەکدار و سەرکردەکانیان بەهۆی ئەو هێرشە ئامانجدارەوە کوژراون". هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە باس لە قوربانیانی مەدەنی دەکەن.

ئەوە لەكاتێكدایە لە 15ـی ئەم مانگە، ئەفغانستان و پاکستان گەیشتنە ڕێککەوتنێک بۆ ئاگربەستێکی 48 کاتژمێری، کە لە کاتژمێر 16:00ی ئێوارەی بە کاری پێکرا و وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئاماژەی بەوەدا کە هەردولا لەم ماوەیەدا "هەوڵێکی زۆر" دەدەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە.

لایخۆیەوە بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، لە کاتی گفتوگۆکاندا و بۆ ڕێزگرتن لە هەوڵەکانی نێوەندگیری کە ئامانجیان کەمکردنەوەی گرژییەکانی سەر سنورە، وەڵامی دواین هێرشەکانی پاکستان نادەنەوە.

زەبیحوڵا موجاهد، وتەبێژی بزوتنەوەکە ڕایگەیاند، تاڵیبانی ئەفغانستان مافی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی پاکستانی هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕاگرتوە لە پێناو ڕێزگرتن لە تیمی گفتوگۆ.

ئەمڕۆ شەممە حکومەتی تاڵیبان جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، بەشداری لە گفتوگۆکان لەگەڵ پاکستان لە قەتەر دەکات ڕۆژێک دوای شكستی ئاگربەستەکە کە بە شێوەیەکی کاتی ئارامیی بۆ سنوری نێوان هەردو وڵات گەڕاندەوە.

زەبیحوڵا موجاهد، لە پلاتفۆرمی "X"ـەوە بڵاویكردەوە، "شاندێکی باڵای وڵاتەكەی بە سەرۆکایەتی محەمەد یەعقوب، وەزیری بەرگری، ئەمڕۆ شەممە بەرەو دەوحە بەڕێکەوت".

لایخۆیەوە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی پاکستان پێشتر ڕایگەیاندبو، شاندێکی پاکستانی ڕۆژی شەممە بەرەو قەتەر بەڕێدەکەوێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP