هەرێم نیوز
نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، کاتێک مانگی رابردوو ئیسرائیل هێرشی کردە سەر دانوستاندنکارانی حەماس لە قەتەر، هەستی بەوە کردووە لە لایەن ئیسرائیلەوە ناپاکیی لە بەرامبەر کراوە.
ستیڤ ویتکۆف نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست, لەگەڵ جارید کوشنەری زاوای ترەمپ، لە چاوپێكەوتنێكدا لە کەناڵی CBS بەشدار بوو و باسی لە هێرشەکە کرد.
ویتکۆف لە بەشێکی چاوپێکەوتنەکەدا کە رۆژی هەینی بڵاوکرایەوە، بە بەرنامەی “60 Minutes”ـی کەناڵی CBSـی وت: "پێموایە هەم من و هەم جارید، هەستمان بەوە کرد کەمێک ناپاکیمان لە بەرامبەر کراوە" .
ویتکۆف وتیشی: "کاریگەرییەکەی تەشەنەی سەند، چونکە قەتەرییەکان بۆ دانوستاندنەکە گرنگ بوون، هەروەک میسری و تورکەکانیش. ئێمە متمانەی قەتەرییەکانمان لەدەستدا، بۆیە حـ.ـەمـ.ـاس خۆی شاردەوە و زۆر زەحمەت بوو بگەینە لایان."
هێرشەکە 9ی ئەیلوول کرایە سەر ئەو شوێنەی کە بەرپرسانی حەماسی تێدا کۆببوونەوە لە دەوحە. ویتکۆف دەڵێت، رۆژێک دواتر، بە هێرشەکەی زانیوە.
قەتەر هاوپەیمانێکی سەرەکیی ئەمریکایە و وەک نێوەندگیر لە هەوڵەکاندا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە کاری دەکرد.
ئەو کاتە هێرشەکە بووە هۆی پەکخستنی پرۆسەی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بوو بە جەنگی غەززە.
ئەو کاتە ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیبووی، بڕیاری ئەنجامدانی هێرشەکەی دەوحە لەلایەن بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە دراوە.
لە کۆتاییدا ئیسرائیل و حەماس پلانێکی ئاشتییان قبووڵ کرد، کە لەلایەن ترەمپەوە پێشکەشکرابوو بۆ ئازادکردنی بارمتە و زیندانییەکان و راگرتنی شەڕ.
لەژێر فشاری ترەمپدا لە کاتی سەردانێکیدا بۆ کۆشکی سپی لەم مانگەدا، نەتەنیاهوو پەیوەندیی بە سەرۆکوەزیرانی قەتەرەوە کردو داوای لێبووردنی لێ کرد.