هەرێم نیوز
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشوتری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، روسیا هیچ پشتیوانییەکی ئێرانى نەکردووە، سیاسەتەکەی بەرامبەر بە تاران لەسەر بنەمای دوو پایەی جێگیربووە: یەکەمیان رێگریکردنە لە دروستکردنی پەیوەندییەکی سەقامگیرو ئاشتیانەی ئێران لەگەڵ رۆژئاوا، دووەمیشیان رێگریکردنە لە چوونە ناو روبەڕوبونەوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ رۆژئاوا.
زەریف لە چاوپێکەوتنێکدا كە ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران"ئیرنا" بڵاویکردەوە، وەک وەڵامێکی راستەوخۆ بۆ لێدوانەکانی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا، سەبارەت بە گەڕانەوەی میکانیزمی سناپباک، لاڤرۆڤی تۆمەتبار کرد بە خستنەڕووی گێڕانەوەیەکی شێواو و نادروست.
وتیشی: لاڤرۆڤ راستییەکان دەشێوێنێت کاتێک بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم بڕگەیە راستەوخۆ لە نێوان من و جۆن کیریدا رێککەوتنی لەسەر کراوە.
زەریف رونیشیکردەوە، ئەو پێشنیازە لە بنەڕتدا لەلایەن روسیا و فەرەنساوە کراوە، بەڵام ئێران رەتیکردەوە، چونکە تەڵەيەکی یاساییبوو، ئامانج لێی گۆڕینی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بۆ لێکتێگەیشتنێکی کاتی و ناسەقامگیر.
بە گوتەی زەریف ئەو کات لاڤرۆف پێشنیاری کردبوو هەڵپەساردنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش بە شێوەی کاتی و بۆ ماوەی شەش مانگ بێت و هەر شەش مانگ جارێک نوێ بکرێتەوە بەڵام ئێران ئەوەی ڕەت کردووەتەوە.
وتیشی روسیا لە بیست ساڵی ڕابردوودا تەنیا جارێک لە ئەنجومەنی ئاسایش بە قازانجی ئێران دەنگی داوە و هەموو کات لە دژی ئێران بووە. هەر ڕوسیاش دژی بەئەندامبوونی ئیران لە ڕێکخراوی شانگهای بوو.
ئاماژەی بەوەش کرد، ڕووسەکان هەم سەردانی قاسم سولەیمانی بۆ مۆسکۆ و هەم ناردنی درۆنی ئێرانی بۆ جەنگی ئۆکراینایان لە ڕاگەیاندەکان بڵاو کردەوە.
وەزیری پێشوتری دەرەوەی ئێران باسی لەوەشكرد، "روسیا هیچ پشتیوانییەکی ئێرانى نەکردوە. هەرچەندە هێشتا باوەڕم بە پەیوەندی ستراتیجی لەگەڵ ڕوسیا و چین هەیە، بەڵام ئەوان هیچ بۆ ئێمە ناکەن".