دواین هەواڵ

ئابوری‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

بەغدا 15 ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی رەوانە کرد

هەرێم نیوز

بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی وردەكاریی دابەشكردنی 15 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەخاتە ڕوو. دەڵێت: "پارەكە كەمە، بەڵام بەرپرسانی بەغدا بەڵێنیان داوە بڕی زیاتر بنێرن."


نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە: "بەشێكی دیكەی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراق گەیشتووە و چەکی بانکیی هاتووە و ڕێکارە کارگێڕی و داراییەكان دەستیان پێ کردووە، لەسەرەتای هەفتەی داهاتوودا دەست بە دابەشکردن دەکرێت."

سەبارەت بە وردەكاریی بڕی پارەكە وتی: "بڕی پارەكە 15 ملیار و 500 ملیۆن دینارە."

نەوزاد شێخ کامیل، دەشڵێت: "بڕی پارەكە كەمە، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانیی فیدراڵی بەڵێنیان داوە لە بەشەكانی داهاتوودا زیادی بكەن."

سەبارەت بەوەی پارەكە بەسەر كێ دابەش دەكرێت، بەرپرسەكەی بازرگانی وتی:" ئەو جووتیارانەی 50 تۆن بەرەوخوار گەنمیان رادەستی سایلۆ كردووە، پارەی ئەوان دەدرێت، پارەكە تەواوكاری قۆناغی یەكەمە، لە هەر سایلۆیەك ئەوەی 50 تۆنی مابێت، پارەی ئەوانی لێ دەدرێت، هێشتا نەهاتووینەتە سەر قۆناغی سەرووی 50 تۆن".

جەختی كردەوە، بڕەپارەی دیكە بنێردرێت قۆناغی دووەم كە 50 تۆن بەسەرەوەیە دابەش دەكرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 15ی 9ی 2025، وەزارەتی بازرگانیی فیدڕاڵ قۆناغی چوارەمی پارەی گەنمی جووتیارانی خەرج كرد، لە قۆناغی چوارەمدا 500 ملیار دینار بوو، لەو بڕەش بەشی هەرێمی کوردستانی تێدابوو كە 57 ملیار دینار بوو، لە 30ی9ی 2025وە دەست بە دابەشكردنی كرا.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕاشیگەیاند، بۆ هەر تۆنێک گەنم بڕی 800 بۆ 850 هەزار دینار بە جووتیاران دەدرێت.

ڕۆژی 10ی 6ی 2025، دەرگای سایلۆکان بە ڕووی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران کرایەوە و بڕی 391 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی کوردستان وەرگیرا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP