هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی (المدی) بڵاویکردەوە، کە پەیامێکی هۆشداریی ئەمریکا گەیشتووەتە عێراق و داوای لێکراوە خۆی بەدوور بگرێت لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، بەپێچەوانەوە نوسینگەکانی حەماس و گروپی حوسییەکان لە بەغداد دەکاتە ئامانج، لەگەڵ گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەكە، ئەو هۆشدارییەی ئەمریکا، لە میانی کۆبونەوەیەکی هەفتەی رابردوى نێوان جۆشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵێۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدادو نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشوتری عێراقدا هاتووە.
باس لەوەکراوە: ئەو پەیامە مەترسیدارە گەیشتووەتە سەرکردە سیاسیەكان، کە هۆشداری دەدات لە هێرشێکی نزیکی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق و لەڕێگەی هەڵسوڕێنەرە نوێیەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە گەيەندراوە، كە داوای لە لایەنی عێراقی کردوە حەماس و گروپی ئەنساروڵای حوسی یەمەن دادڵدە نەدات.
رۆژنامەکە لە زاری "محەمەد نەعناع" توێژەر و ئەکادیمیست ئەم زانیارییانەی پشتڕاستکردۆتەوەو وتویەتی: زانیارییەکان دزەپێكراوەكان لە دیدارەکەی ئەم دواییەی نوری مالیکی لەگەڵ جوشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، ئاماژە بەوەدەكەن، جۆشوا بە مالیكی وتووە، وڵاتەکەتان لە هێرشەکانی ئیسرائیل بەدوور بگرن، پەیامەكەش گەیشتووەتە زۆربەی سیاسەتمەداران و سەرکردەکان چوارچێوەی هەماهەنگی.
هاوكات عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیاش لە بەغداد، هەمان پەیامی گەیاندوەو چەند کاتژمێرێک پێش رۆشتنی بۆ قەتەر لەگەڵ سودانی کۆبووەتەوە.
ڕوونیشیکردووەتەوە، پەیامە هۆشدارییەكە ئاماژە بە رێگریکردن لە کۆبوونەوەکانی حەماس یان حوسییەکان دەكات لە عێراق، کە دەکرێت بیانویەك بێت بۆ هێرشێکی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژ لەمەوبەریش ماڵپەری "ارم نیوز" بڵاویکردەوە، ترەمپ لەماوەی ڕابردوودا هەڕەشەی بۆردوومانکردنی 15 پێگەی حەشدی شەعبی کردبوو ئەگەر کچە ئیسرائیلییە ڕفێندراوەکەیان ئازاد نەکردایە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا چەند رۆژ لەمەوبەر لە ڕێگەی نێردراوێکی ئەمریکییەوە، نامەیەکی توندی ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عێراق کردووە، هەڕەشەی بۆردومانكردنی 15 پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی كردووە لە بەغداد و چەند شارێکی تری عێراق، ئەگەر لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەلیزابێس تسورکۆڤ ئازاد نەکرێت، ترەمپ لە نامەكەیدا بە روونی ئەو شوێنانەشی دەستنیشانكردبوو كە بۆردومان دەكرێن.