هەرێم نیوز
داوای دورخستنەوەی دوانزە حزب دەکرێت لە هەڵبژاردنی عێراق، بەهۆی ئەوەی کە گروپی چەکداریان هەیە و رێكخراوی بەدر و گروپی عەسائبی ئەهلی هەق و بابلیون دیارترینیانن.
بە گوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەکان بە فەرمی سكاڵای گردبونەوەیەكی مەدەنی بە ناوی (گردبونەوەی سەربەخۆیی)، بەرزکراوەتەوە كە تیایدا داوای دورخستنەوەی ١٢ حزبی عێراقی كە خاوەنی گروپی چەكدارین، لە كێبڕكێی هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق، کراوە.
میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردوەتەوە کە سکاڵاکە رادەستی دادگای باڵای فیدراڵی و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و فەرمانگەی پارت و رێكخراوە سیاسیەكان، کراوە و جەختیشیان کردوەتەوە کە ئەوە پێشهاتێكی نوێ و بێوێنەیە لە پرۆسەی سیاسی عێراق لە دوای ٢٠٠٣وە.
ئاشکراشیان کردوە کە دیارترین ئەو حزبانەی دوای دورخستنەوەیان كراوە، بریتین لە (رێكخراوی بەدر و گروپی عەسائبی ئەهلی هەق و بابلیون و كەتایبی ئیمام عەلی و سەید ئەلشوهەداو چەند گروپێكی تر).
عەباس فەتلاوی، یەکێک لەو پارێزەرانەی سكاڵاكەیان بەرزكردووەتەوە دەڵێت:بە پشتبەستن بە مادەی ٩ی دەستور و مادەکانی ٨ و ٤٧ لە یاسای ٢٠١٥ی حزبە سیاسیەكان، سكاڵاكەیان تۆماركردووەو داوای دورخستنەوەی ئەو حزبانەیان كردووە لە هەڵبژاردنەكان.
بەوتەی چاودێرانی سیاسی، ئەم هەنگاوە دادگای باڵای فیدراڵی دەخاتە دۆخێکی سەختەوە، بە تایبەت دوای ئەوەی گردبونەوەی سەربەخۆیی داوای فەرمان سالاری كردووە کردووە بۆ راگرتنی کاری ئەو حزبە چەکدارەکانە، بەوپێیەی خاوەن هەژمونێكی سیاسی و سەربازی گەورەن لە عێراق.
عەباس فەتلاوی، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزۆینیدا ئاشكرایكردووە: لە ٢٧ی ئاب سکاڵايان لە کۆمسیۆن تۆمار کردووەو لە ٢ی ئەیلولیشدا داوای فەرمان سالاریان كردووە بۆ راگرتنی ئەو حزبانە، کۆمسیۆن ئاگاداری کردوونەتەوە کە لە ماوەی (١٠) رۆژدا ئەنجامی سکاڵاکە رادەگەیەنرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ رووینەدا، بۆیە ئەوان تەنها لەبەر ئەم هۆکارە روومان لە میدیا کردووە نەک لە پێناو نمایشی میدیایی.
ئەوەش یەكەم جارە لە دوای دامەزراندنی ئەو حزب و گروپانەوە سكاڵایان لەسەر تۆمار بكرێت، جەختیشدەكات، ئەوەی کردویانە دەچێتە مێژووەوە، بەو پێیەی دەوڵەت دەبێت لەسەر بناغەیەکی دروست بونیاد بنرێت، فەرمانگەی پارت و رێكخراوە سیاسەكانی كۆمسیۆنیش لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەدایە.