هەرێم نیوز
ئەنجوومەنی خزمەتی فیدڕاڵی دەڵێت، دەست بە دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا دەكەنەوە و هەشت هەزار و ٦٠٠ دەرچوو دادەمەزرێنن.
ئەنجومەنی خزمەتی فیدڕاڵی لە بەیاننامەیەكدا بڵاویکردەوە، سیستمی کۆدکردن دەكەنەوە بۆ دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و خوێندکارە یەكەمەكان و لە وەجبەی سێیەم تا رۆژی ١٦ـی ئەیلول بەردەوام دەبێت بۆ نوێکردنەوەی داتای ئەو کەسانەی لە دامەزراندنەکاندا هاتووە.
ئەنجومەنی خزمەتی فیدڕاڵی ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی ئەو پلە وەزیفیانەی کە بۆ ئەم وەجبەیە تەرخانکراون بریتین لە هەشت هەزار و ٦٠٠ پلە.
دەشڵێت، بانگهێشتی سەرجەم هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا و خوێندکارە یەكەمەكانی دەرچووانی زانکۆکانی عێراق و دەرچووانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە نیشتەجێی پارێزگارەکانی دەرەوەی هەرێمن سەردانی زانکۆ و پەیمانگاکانیان بکەن بۆ نوێکردنەوەی داتاکانیان، بەڵام بۆ دەرچووانی زانکۆ لە دەرەوەی عێراق پێویستە سەردانی بەشی سکۆلەرشیپ بکەن بۆ نوێکردنەوەی داتاکانیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، قۆناغی داهاتوو دوای نوێکردنەوەی داتاکان قۆناغی دابەشكردنی وەزیفییە، دوای ئەوە ئەنجومەن کۆدەکان راستەوخۆ بۆ ئەوانەی وەردەگیرێن دەنێرێت.
جەختیشی كردووەتەوە، ئەنجومەن خزمەت ئەولەویەت دەدات بە تەواوکردنی فایلی دامەزراندنی وەجبەی سێیەم بەپێی ستانداردە پیشەییەکان، شەفافیەت و یەکسان.