دواین هەواڵ

ئابوری‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: داوا دەکەین حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێنە سەر خەت

هەرێم نیوز
وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاند، دووبارە بانگەوازی هەموو لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە بێنە سەر خەت.

 وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە رێكەوتی 16ی تەمووزی 2025 كاتژمێر (7:10)ی ئێوارە بۆ جاری دووەم لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە، هێرش كرایەوە سەر كێڵگەی نەوتی هانت ئویلی ئەمەریكی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك، كە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی لێ نەكەوتووەتەوە. 

باسی لەوەشکرد، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نیگەرانییەكی قووڵی لە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە هەیە و بە تووندی ئەم هێرشە تیرۆریستییانە ئیدانە و شەرمەزار دەكات، كە دەكرێتە سەر دامەزراوەكانی وزە لە هەرێمی كوردستان و مەترسیی لەسەر هاوڵاتییانی ئەم ناوچانە و سەلامەتی كارمەندانی مەدەنی كەرتی وزە دروست دەكات.

ئەوەشی خستەڕوو، لەهەمان كاتدا دووبارە بانگەوازی هەموو لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی فیدراڵی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین كە بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی سیڤلی ناوچەكە و كارمەندانی مەدەنی و ئەمنییەتی ووزە و ڕێگرتن لە هێرشی دیكە بۆ سەر كەرتی ووزەی كوردستان.

جەختی لەوەشکردەوە، هێرشە درۆنییەكانی 14و 15و 16ی تەمووزی 2025 بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و كێڵگە نەوتییەكانی (خۆرمەڵە و سەرسەنگ و بیشخاپوور و عین سفنی) لە پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.

ئاشکراشی دەکات، زیانی ماددی گەورەی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دروست كردووە، بۆیە جارێكی دیكە داوا دەكەین كە حكومەتی فیدراڵی بەئەركی خۆی هەڵسێت بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەم هێرشانە دابنرێت.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP