هەرێم نیوز
دوای ماوەیەک لە دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی، دواجار وەزارەتی بەرگریی سووریا ئاگربەستی لە شاری سوەیدا لە باشووری سووریا ڕاگەیاند.
مورهەف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگریی سوریا، ڕایدەگەیەنێت بۆ هەموو ئەو یەکانەی کە لە چوارچێوەی شاری سویدا ئەرکیان پێسپێردراوە ئاگربەستێکی تەواو ڕادەگەیەنین.
کەمێک لەمەوبەر وەزیری بەرگریی سوریا ئەوەى خستەڕوو دوای ئەوەى ڕێککەوتینیان لەگەڵ کەسایەتیە ناودارەکانی شارەکە کردوە ئاگربەست ڕادەگەیەنن، وتیشى: بەو مەرجەی کە تەنها وەڵام ئەو سەرچاوانە بدەینەوە کە تەقە لەهێزەکانمان بکرێت و بەئامانج بگیرێن لەلایەن گروپە نایاساییەکانەوە.
ئەم ئاگربەستە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێ شەممە، هێزەکانی حکومەتی سوریا چونە ناو پارێزگای سوەیدای زۆرینە دروز نشینەوە بەمەبەستى کۆتایی هێنان بەگرژییەکان.
ماوەى سێ ڕۆژە لە چەند ناوچەیەی سوەیدا شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەنێوان هێزەکانی حکومەتی دیمەشق و ئەنجومەنی سەربازیی دروزەکان دەستیپێکردووە.
ئەنجومەنی روحانیی دروزەکان داوا دەکات گروپە چەکدارەکان هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری سوریا بکەن و خۆیان لە پێکدادان بە دووربگرن.
ئەنجومەنی روحانی داوای دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانوستانی راستەقینە و دادپەروەر لە حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشی کردووەتە سەر "چەند تانکێک لە ناوچەی گوندی سامیع لە ناوچەی سوەیدا لە باشووری سوریا".
ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل، پێشتر ئەوەى دووپات کردەوە کە ئەو هێرشانەی سوپای سوریا لە باشووری سوریا ئەنجامیان داوە "هۆشدارییەکی ڕوونە بۆ ڕژێمی سوریا" بۆ ئەوەی دروزەکان نەکاتە ئامانج.
ئیسرائیل پێشتر پشتڕاستی کردبووەوە کە دەستوەردان دەکات بۆ پاراستنی کەمینە دروزەکان ئەگەر هەڕەشەیان لێ بکرێت، هەروەها هۆشداریشی داوەتە دەسەڵاتدارانی سوریا لە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی لە ناوچەکانی باشووری وڵاتەکەی تەنیشت بەرزاییەکانی جۆلان کە لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکراوە.
ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لە چوونە ناوەوەی سوپای سووریا بۆ ناو شارەکە بۆ کۆتاییهێنان بەو پێکدادانانەی کە بە هۆیەوە دەیان کەس کوژران.
بەهۆی ئەو شەڕ و پێکدادانەوە، لایەنی کەم 100 کەس گیانیان لەدەستداوە لەوانەش؛ 18 ئەندامی هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی کە بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە بڵاوەیان پێکرابوو هاوکات لایەنی کەم 200 کەس برینداربوون.