هەرێم نیوز
سەرچاوەکان بە کەناڵی ئەلعەرەبیەیان ڕاگەیاندووە، ئەمریکا دوای کشانەوەی بەشێک لە سوریا، بوونی سەربازی خۆی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان زیادکردووە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت ئەمریکا بەشێکی زۆری کارمەندی ناپێویستی خۆی لە بەغداد بەهۆکاری ئەمنی کشاندووەتەوە. هەروەها لە بەحرەین و کوەیتیش ڕێگەی بە بنەماڵەی کەسانی سەربازی داوە کە ناوچەکە جێبهێڵن.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە پشتڕاستی کردەوە کە بڕیاری کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانی دیپلۆماسی ئەمریکا لە عێراق لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ئەمنی نوێ بووە.
بەرپرسێکی ئەمنی عێراقی و سەرچاوەیەکی ئەمریکی ڕایانگەیاند، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئامادەکاری دەکات بۆ دەرچوونێکی ڕێکوپێک. بە گوتەی ئەو دوو بەرپرسە، ئەو بڕیارە دوای هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ زیادبوونی مەترسییە ئەمنییەکان لە ناوچەکە دراوە.
لە لایەکی دیکەوە، هەندێک سەرچاوەی ئاگادار بە ئەلعەرەبیەیان ڕاگەیاندووە، کشانەوەی ژمارەیەک کارمەندی بیانی کە لە کۆمپانیاکانی پشتیوانی لۆجستی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کاردەکەن، بەشێکە لە بەرنامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی تێچووی کارکردن. ئەم بەرنامەیە لە ژمارەیەک نوێنەرایەتی دیپلۆماسی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهان جێبەجێ دەکرێت.
ئەم سەرچاوانە جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم ڕێوشوێنە پەیوەندی بە هەڕەشە ئەمنییەکانەوە نییە و لە چوارچێوەی پێداچوونەوەی هەمەلایەنەی وەزارەتی دەرەوە بە پێداویستییەکانی باڵیۆزخانەکان و تێچووی ئێستایان، بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە گۆڕانکاری سیاسی یان ئابوورییان بەسەردا هاتووە، گیراوەتەبەر.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە لە دواین لێدواندا ترەمپ ڕایگەیاند هیوای بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران کەمبووەتەوە. هەروەها بەرپرسی سێنتکۆم ڕایگەیاند بۆ هەموو سیناریۆیەک ئامادەن لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
دواتر ئێران هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لە ئەگەری ئەوەی هێرشبکرێتە سەریان، دەتوانن پێگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بە ئامانج بگرن و کارێک بکەن ئەمریکا ناوچەکە چۆڵ بکات.