هەرێم نیوز
منداڵێکی نۆ ساڵان لە کەلار بە دەمانچەی باوکی تەقەی لە منداڵێکی شەش ساڵان کردووە و کوشتوویەتی.
شەوی ڕابردوو علی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند: لە گەڕەکی بەردەسووری قەزای کەلار، منداڵێکی شەش ساڵان بەناوی ( لانۆ سروود سەعدون ) کە لە لایەن منداڵێکی دیکەوە بە دەمانچە کوژرا تەرمەکەی گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی شەهید هەژار.
بە وتەی باوکی منداڵەکە، کاتێک کوڕەکەی لە کۆڵان یاری کردووە، ئاگادار کراوەتەوە کە گوللەی بەرکەوتووە و کوژراوە.
دەستبەجی پۆلیس و تیمی کامیرامانی بەشی پۆلیسی کەلار چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەرکەوت، منداڵێکی 10 ساڵان دەمانچەکەی باوکی کە کارمەندی هێزە ئەمنیەکانە، لەگەڵ خۆی دەباتە کۆڵان و گوللەیەک بەو منداڵەوە دەنێت و دەیکوژێت.
بەوتەی پۆلیس منداڵەکە و باوکی منداڵەکە کە تاوانەکەی کردووە، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ( 405 ) دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.