حەمەسوار عەزیز
بەپێی نوێترین تیۆرە ڕەخنەییەکانی وەک (تیۆری وەرگرتن و ڕەخنەی کەڵچەری)، بینەرو وەرگر، دواتریش ڕەخنەگر نوسەری کۆتایی کاری ھونەریین و بە جیاوازی ڕۆشنبیری و باگکراوەندی کۆمەڵایەتییانەوە، لە ڕوانگەی دونیابینی خۆیانەوە، چیڕۆکەکان تەواو دەکەن و ئەو بۆشاییانە پڕدەکەنەوە کە لەنێو کارە ھونەرییەکە ھەیەو ڕەخنەگریش ئەو نەسەقە شاراوەو داپۆشراوانە دەدۆزێتەوە کە کەوتۆتە نێو دیووە نەبینراوەکەی کاری ھونەری و ئاشکرایان دەکات، لەبەر ئەوەی لە قۆناغی کۆتاییدا، ئەمانە دەتوانن مانای جیاواز و لێکدانەوەی جیاواز بە تێکستەکە ھونەرییە ببەخشن و بە زیندوویی بیانھێڵنەوەو لە تاکمانایی دەربازیان بکەن، مەرجیش نییە ئەم بۆشاییانە وەک مەبەستی نوسەری سەرەکی پڕبکرێتەوەو لێکدانەوەو تەئویلی جیاواز قەبوڵ نەکەن، تەنانەت کاتێ ڕەخنەگریش نەسەق و گوتارە شاراوەو داپۆشراوەکانی نێو تێکست دەخاتە بەردەم شڕۆڤەو لێکۆلینەوەو کاریگەری ئەو گوتارە شاراوەیە بەسەر ئەو تێکستە ئاشکرا دەکات، مەرج نییە تەبا بێت لەگەل دیدو بۆچوونی نووسەری ڕەسەنی تێکستەکەو کۆک بن لەسەر ماناکان، تێکستی ھونەری، جا شیعر بێت، ڕۆمان بێت، فیلمی سینەمایی بێت، شانۆ بێت، درامای تیڤی بێت، تابلۆی شێوەکاری بێت، کاتێک کە بڵاودەکرێتەوە دەبێتە موڵکی خوێنەرو بینەرو ڕەخنەگر، ئەوانیش دەبنە نوسەری ڕاستەقینەو کۆتایی تێکستەکەو پەیوەست نابن بە دونیابینی نوسەری یەکەمەوە، چونکە ڕەنگە بەشێکی ئەو گوتارە شاراوانەی نێو تێکست بە مەبەست لەوێ نەبن و لە ڕێگەی نەستی نوسەر و زاکیری گشتی کۆمەڵگاوە خزابێتە نێو دیووە تاریکەکانی تێکستی ھونەرییەوە.
لە زنجیرە درامای بەرەو بەرزاییەکان، ھەر لە ناونیشان و ئەو پاڕادۆکسەی ناونیشان دروستی دەکات، بەر ئەو نەسەقە داپۆشراوانەی نێو تێکست دەکەوین، ناونیشان بەشێوەیەکی بەرچاو دەیەوێت بینەر فریوو بدات و وەک دروشمێک کێرڤەکەی بەرەو سەرەوە ھەڵدەکشێت، لەکاتێکدا ھەموو ڕووداوەکانی دراماکە ڕێک پێچەوانەی ئەمە وێنا دەکات، لە ھێرشی داعش بۆ سەر شارۆچکەکە، یەک تاکە پێشمەرگە نابینرێت کە بەرگری لە شارەکە بکات، بەو مانایەی ھەمووی ڕایکردووەو شارەکە چۆڵکراوە، تەنانەت ڕەوشی خەڵکەکەش ھیچ ئاماژەیەکی تێدانییە کە ئەم شارە دەیەوێ خۆی بەدەستەوە نەدات و بەرگری لە مانەوەی خۆی بکات، بۆیە پاڕادۆکسێکی گەورەیە کاتێ پاڵەوانەکانی ئەم درامایە لەژێر تایتلی (بەرەو بەرزاییەکان) خەریکی ڕاکردنن !!!، لەڕووی ھزری و چەمک و مانای ڕستەکە، بەرەو بەرزاییەکان، واتە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەو مردن لە پێناو ئامانج و نەتەوەدا، کەچی ئەو نەتەوەیەی کە دراماکە باسیکردووە، تاکە بەرگریکارێکی نییە، تەنانەت لە دەرەوەی شارۆچکەکەش کە دوو شەو و دوو ڕۆژ پاڵەوانەکان ڕادەکەن، ھیچ ھێزێکی بەرەنگاری کوردی نابینرێت کە ھیچ نەبێت لە دەرەوەی شارەکە خۆی قایمکردبێت و ڕێگری بکات لە پێشوەوچوونی زیاتر داعش، ئەو داعشەی کە بە پیکابێکەوە لەنێو ئەو شاخانە دەسوڕێتەوە و ڕاوی خەڵکی ھەڵاتوو دەکات، لەم حاڵەتەدا ئەو وێنەیەی کە کەوتۆتە دیووە تاریکەکەی ئەو درامایە ئەوەیە کە لەم وڵاتە کەسێک نییە بڕوای بەوە ھەبێت بەرگری بکات و قوربانی بدات، بۆیە ناونیشانی دراماکە ڕێک پێچەوانەی واقیعی نێو دراماکەیە، ڕاستتر دەبوو کە ناونیشانەکە بکرێت بە (ھەڵاتن بەرەو بەرزاییەکان)، بەڵام لە دراماکە دەردەکەوێت کە ھەڵاتنەکە لە بەرزاییەکانیش تێپەڕیووە، چونکە لە بەرزاییەکانیش ھیچ ھێزێکی بەرگری بوونی نییەو وارەکە بە تەواوی چۆڵکراوە، تەنانەت گۆرانییەکەی ھەڵوێستیش (لێرەین)، پاڕادۆکسێکی ڕوونە لەنێو دراماکە، چونکە ھەر دوای گۆرانیەکە ھەڵاتن بەردەوامی ھەیە.
من دەمەوێ ئەم حاڵەتە بە دیمەنێکی تری نێو باڵەخانەکە ببەستمەوە، کاتی (نەجیبە خان_ژیان ئیبراھیم خەیات) باس لە ھاتنی پێشمەرگە دەکات و تەقەکان ئاماژەی ئەوەی بۆ دروست دەکەن کە پێشمەرگە لە شاخ دابەزیووەتە نێو شارو ڕاوی دوژمن دەنێت، بەڵام لە ڕووبەری یەکەمی دراماکە دەردەکەوێت کە پێشمەرگەکانی شار پێش تەقەکانیش ڕایانکردووەو شارەکەیان بەجێھێشتووە.
لێرەشدا بەراووردکردنێکی شاراوەو ناڕاستەوخۆ دەبینین لەنێو ئەو پێشمەرگانەی کە کاتی خۆی دادەبەزینە نێو شارەکان و دوژمنەکانی کوردیان بەسزای گەل دەگەیاند، لەگەڵ ئەو پێشمەرگانەی ئێستا کە لە ھەندێ ناوچەی کوردستان بێ تەقە پاشەکشەیان کردو چاڕەنووسی خەڵکەکەیان خستە بەردەم ڕەحم و بەزەیی مرۆڤکوژەکانی داعش و بە چەک و تفاقی زۆرو بە ژمارەی یەکجار زۆر لەبەر دەم ژمارەیەکی کەمی تێرۆرستانەوە ڕادەکەن و لە دیمەنێک نابینرین تەقەیەک بکەن یا سەنگەرێکیان لە بەرامبەر دوژمن گرتبێت، ئەم بەراووردکردنەش بۆ ئەوەیە کە نیشانی بدات کاتێ پێشمەرگەو سەرکردە بە یەکەوە لەنێو یەک سەنگەر شەڕیان دەکرد، ھەمووی پێشبڕکێی ئەوەی بوو زیاتر بچێتە پێشەوەو خۆی بکاتە قوربانی و دوژمن لەبەردەمیان ڕایدەکرد، ئێستاش لە سایەی ئەو سەرکردانەی کە وەک فیرعەون دەژین و لە دووری دوورەوە، بە سەیارەی دوامۆدێل و قاتی ئوتوکراوەوە سەرکردایەتی شەڕەکان دەکەن، پێشمەرگە بە تەنیا لەبەردەم لێشاوی مەرگ جێدەھێڵن، لە زۆر کاتتدا پێشمەرگە بڕوای بە پرسەکە نامێنێت و نایەوێ خۆی بۆ ئەو جۆرە سەرکردانە بە کوشت بدات.
ئاماژەیەکی شاراوەی تر لەم درامایە، مامەڵەکردنی یاسایە، من لە بەشی یەکەمدا باسم لەوە کرد کە ڕاکردنی ئەو ھێزە گەورەی پۆلیس بەدوای عەرەبانچییەک، ئاماژەیەکی ڕوونە کە یاسا تەنھا دەتوانێت ئەوانە گەمارۆ بدات کە پشت و پەناو عەشیرەت و بنەماڵەو خێلیان نییە، دەنا مافیاکان بە سەیارەی بەرزو جامی ڕەشەوە دەسوڕێنەوە و کەس نایانبینێت و خۆیان لێیان لادەدەن، تەنانەت ئەو دیمەنەی کە سەرۆکی مافیاکە پرسیار لە پۆلیسەکە دەکات کە چییانکردووەو تاوانبارەکەیان گرتووە، پۆلیسەکە ناتوانێت پرسیار لە کابرای مافیای قات لەبەر بکات کە ئەو کێیە، بە چ سیفەتێک ئەو پرسیارە دەکات، کە پرسیاریش دەکات مافیای قات لەبەر سوکایەتی پێدەکات، لێرەشدا ئاماژەی گرنگ ھەیە کە یاسای ئەم وڵاتە ناتوانێت لە قات لەبەرەکان بپرسێتەوە، لە ھەموو دونیا کە پۆلیس پرسیارێک دەکات و داوای خۆناساندن لە بەرامبەر دەکات دەبێ وەڵامی بدرێتەوە، چونکە ئەو نوێنەرایەتی یاسا دەکات کە ھیچ کەسێک ناتوانێت لەسەرووی ئەو یاسایەوە بێت، لە وڵاتی ئێمە ھیچ پۆلیسێک جورئەت ناکات سەرکێشی لەگەل قات لەبەرێک بکات، چونکە سوکایەتی پێدەکرێت و ڕەنگە بەر تووڕەیی و سزادانیش بکەوێت، بۆیە لەو دیمەنە پۆلیسەکە ناتوانێت پێداگری لەسەر ئەوە بکات کە کابرای قات لەبەر خۆی بناسێنێت و تەسلیمی ئیڕادەو فەرمانی ئەو مافیا قات لەبەرە دەبێت، ئەمە گوتارە داپۆشراوەکەی نێو دراماکەیە.
ئەگەر لە ڕووێکی تری دراماکەوە باس لە کارەکتەری (کارزان_شوان کەریم) بکەین، دەبینین لەم درامایە کارەکتەرێکی خۆشەویستە، دزێکە ھەموومان خۆشمان دەوێ و ھیواخوازین نەگیرێت، چونکە ئەم دزە بچووکە لەچاو دزە گەورەکان و مافیا و گەندەڵەکان، وەک فریشتە و فریادڕەس دەردەکەوێت، ڕۆبن ھوودێکە بۆ خۆی، ڕۆبن ھوود لە سەردەمێک دزی و ڕاوەڕووتی لە دەسەڵاتدارانی ئینگلیز دەکرد کە ھەموو میللەتی ئینگلیز بەدەست باج و خەراج و سەرانەی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی ئەو کاتە زیڕەی لێ ھەَلسا بوو، لێرەشدا پێدەچێت ڕەوشەکە جارێکی تر لە فۆرمێکی تردا دووبارە بووبێتەوە، بۆیە دزێکی بچووک خۆشەویست دەبێت و زۆر مرۆڤانە مامەڵە دەکات و دڵی بە خەڵکی ھەژارو بێدەرەتان دەسووتێت.
ئەگەر سەیری ماڵی ژن و مێردەکە بکەین (دیدار عومەر و کارزان کەریم ) دەبینین لە ھیچەوە کێشەیان ھەیە، لە ڕاستییدا ئەم کێشانە لە ھیچەوە نیین، ھەمووی پەیوەستە بە فشارو کاریگەری ئەو ڕەوشە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەی کە لەم وڵاتەدا جێگەی گرتووە، ئێمە کۆمەڵگایەکی نائاراممان دروستکردووەو تاکی ئەو کۆمەڵگایەمان خستۆتە ژێر دەیان و سەدان جۆری فشاری تاقەتپڕوکێن، ئارامی تاک و خێزان لەژێر ھەڕەشەی گەورەدایە، کاتێک جۆرێک لە ناعەدالەتی و جیاوازی چینایەتی خەریکە کۆمەڵگا بەرەو ھەڵوەشانەوە دەبات و چینی ناوەڕاست لەناو دەبات، فشاری کارو باج و جۆرەھا سەرانەو رسومات، ئەمە جگە لەو فشارە دەروونییەی کە لێکترازان و ململانێ سیاسی و حیزبیەکان دروستیانکردووە، خێزان و ئارامی خێزان لەژێر ھەڕەشەدایە، بۆیە مرۆڤ ھەمیشە ھەستدەکات لە شەڕدایە و لەبارێکی دەروونییە کە ھەمیشە ئامادەیە بۆ ھەڵچوون، ئەم شەڕەش کە لە دەرەوە ناتوانێ بیکات، دەیباتەوە ماڵەوە، وایلێدێت ژن و پیاو بەسەر یەکترییدا بتەقنەوە، بۆ ئەوەی تۆزێک لەو بارگاویبوونە ناتەندروستە بەتاڵبکەنەوە، خۆزگە ھەموو جارێکیش مەسەلەکە بەو بۆڵە بۆڵ و بەرکەوتنە ئاساییە کۆتایی بێت و کارەساتی گەورەی لێنەکەوێتەوە، وەک ئەوەی ڕۆژانە لە تۆِرە کۆمەڵایەتییەکان بەریدەکەوین و مرۆڤەکان خەریکن خۆیان و کەس و کاریان قڕ دەکەن.
ئەگەر سەرێک بەو ماڵەدا بکەین کە شامپۆ ساختەکەیان بەکارھێناوە، دەبینین کێشەیەکی گەورە لە پشت ئەم دیمەنە ھەیە، چونکە کارەکە تەنھا بە شامپۆی ساختە نەوەستاوە، ئەم وڵاتە پڕکراوە لە کەلوپەلی ساختە، دەرمانی بێ کوالیتی، خواردنی بەسەرچوو، گۆشتی نەشیاو بۆ خواردن، ھێلکەی بێ بەروار، سەیارەی بێ کوالیتی، کەلوپەلی کارەبایی و ماڵی بێ کەڵک، گۆرانی ترشاو، درامای ئابڕووبەر، سیاسی فەیک، نوسەری فەیک، پەڕلەمانتاری فەیک، بیرمەندی فەیک، بازرگانی بێویژدان، دکتۆری قەساب، دەرمانفرۆشی چاوچنۆک، ڕاگەیاندنی گەمژێنەر، لەوانەش خراپتر ئەفکارو ھزری بێ کەڵک و فەیک کە ھەمووی کردۆتە پاڵەوانی فەیسبۆک و تیکتۆکچی، ڤاینەرە نەخوێندەوارەکان کە بە بوونەتە ئامراز بەدەست دەیان کۆمپانیای ساختەچی و تەزویرچی و کۆمەڵگا بەرەو گەمژاندن دەبەن و خۆیان وەک دەمڕاستی کۆمەڵگا دەنوێنن.(ماویەتی)