هەرێم نیوز
بەرپرسێکی باڵای کورد بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، کوردانی سوریا بڕیارە داوای سیستمێکی فیدراڵی بکەن لە سوریای دوای ئەسەد، ئەمەش پێچەوانەی دیدگای لامەرکەزی کە سەرۆکی کاتی سوریا باسی لێوە دەکات.
ڕۆیتەرز بڵایکردووەتەوە، داواکاریی بۆ حوکمڕانی فیدراڵی لە کاتێکدا لە کەمینەکانی سوریادا بڵاوبووەوە کە کوشتنی بەکۆمەڵی عەلەوییەکان لە مانگی ڕابردوودا ڕوویدا، لە هەمان کاتدا گروپە کوردییەکان ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا تۆمەتبار دەکەن بەەوەی ڕێڕەوی هەڵە بۆ سوریای نوێ و قۆرخکردنی دەسەڵات دادەنێت.
سەرچاوە کوردییەکان ڕایانگەیاندووە، پارتە کوردییەکان، لەنێویاندا فراکسیۆنی باڵادەست لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مانگی ڕابردوو لەسەر دیدێکی سیاسی هاوبەش - لەنێویاندا فیدراڵیزم - ڕێککەوتوون. تا ئێستا بە فەرمی پەردەی لەسەر لانەداوە.
ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە، کە هێزی کورد ماوەی شەڕی ناوخۆی ١٤ ساڵەدا نزیکەی چارەکێکی خاکی سوریایان کۆنترۆڵکرد. هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پشتیوانی ئەمریکا، مانگی ڕابردوو ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ دیمەشق واژۆکرد سەبارەت بە تێکەڵکردنی ئۆرگانەکانی حوکمڕانی و هێزە ئەمنییەکان بە سەرۆکایەتی کورد لەگەڵ حکومەتی ناوەندی.
وێڕای پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکە، بەرپرسانی کورد ناڕەزایەتیان بەرامبەر بەو شێوازەی کە دەسەڵاتدارانی سوریای پاش ئەسەد بەڕێوەیدەبەن دەربڕیوە و دەڵێن، سەرەڕای بەڵێنەکانیان بۆ گشتگیری لە دەسەڵاتدا، ڕێز لە فرەچەشنی سوریا ناگرن.
بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی خۆسەر، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر "دیدێکی سیاسی هاوبەش" ڕێککەوتوون، کە جەخت لەسەر پێویستی "سیستەمێکی پەرلەمانی فیدراڵی، فرەیی، دیموکراسی" دەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی بنەڕەتی بۆ سوریا "پاراستنی تایبەتمەندی ئیداری و سیاسی و کولتووری هەر هەرێمێکە" کە پێویستی بە "ئەنجومەنە یاسادانانی ناوخۆیی لەناو هەرێمەکە و دەستە جێبەجێکارەکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکە و هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆی سەر بەوان" دەبێت.
وتیشی، پێویستە ئەمە لە چوارچێوەی دەستووری سوریادا دابنرێت.
سلێمان ئۆسۆ بەرپرسی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سوریا "ئەنەکەسە" دەڵێت، پێشبینی دەکات تا کۆتایی مانگی نیسان دیدگای هاوبەشی کورد لە کۆنفرانسێکدا ڕابگەیەندرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشهاتەکانی سوریا لە دوای لادانی ئەسەد لە مانگی کانوونی دووەمدا وایکردووە زۆرێک لە سوریاییەکان سیستەمی فیدراڵی وەک "چارەسەرێکی گونجاو" ببینن. ناوبراو ئاماژەی بۆ هێرشکردنە سەر عەلەوییەکان و بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتی ناوەندی لەناو کەمینەی دروزەکان و ڕاگەیاندنی دەستووری حکومەتی نوێ کرد، کە کوردانی ڕۆژئاوا ڕایانگەیاند دەستوورەکە ناکۆکە لەگەڵ فرەچەشنی سوریا.
ئۆسۆ وتی: ئێمە پێمان وایە چارەسەری گونجاو بۆ پاراستنی یەکگرتوویی سوریا سیستمێکی فیدراڵییە، بەو پێیەی سوریا وڵاتێکی چەندین نەتەوە و ئایین و مەزهەبی تێدایە.
دەشڵێت "کاتێک دەچینە دیمەشق، بە دڵنیاییەوە بۆچوون و داواکارییەکانمان دەخەینەڕوو".