دواین هەواڵ

ئابوری‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

وادەی ناردنی لیستی مووچەی مانگی 3 ئاشکرا دەکرێت

هەرێم نیوز 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی ئاشکرایکردوە، کۆتایی هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی سێ دەنێردرێت بۆ بەغداد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ی 3ی 2025، بەپێی زانیاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە میدیای گۆڕانی ڕاگەیاندووە، لەڕۆژی یەکشەممەو دوشەممەی هەفتەی داهاتوو وەزارەتەکان لیستی موچە بۆ وەزارەتی دارایی دەنێرن، هەوڵدەدرێت ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو لیستی موچەی مانگی سێ ڕادەستی بەغدا بکرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، تائێستا هیچ وەزارەتێک لیستی موچەی بۆ وەزارەتی دارایی هه‌رێم نەناردوە.

چوارشەممە 12ی 3ی 2025، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەوڵدەدەن پێش جەژنى رەمەزان مووچەی مانگی ئازار مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان دابەشبکرێت و ئەمڕۆش (12ی ئازار) لیستى مووچەى مانگى شوبات بڵاودەکرێتەوە.

پێشەوا هەورامانی ئەوەشی خستەڕوو، "مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرجەم وەزیرەکانی راسپاردووە، وەزارەتەکانیان لیستی مووچەی مانگی ئازار بەپەلە ئامادەبکەن و بۆ بەغدادی بنێرن".

ئاماژەى بەوەشکرد، سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان، وەزیرەکانى راسپاردووە لە رۆژانی پشوودا دەوام بکەن، بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت پێش جەژن مووچەی مانگی ئازار دابەشبکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەر دوێنێ چوارشەممە 12ی 3ی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە و رایگەیاند، دوای دوو هەفتە لە کۆبوونەوەی چڕ و پڕی نێوان تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردن و وەڵامدانەوە و پێدانی ڕوونکردنەوە بۆ سەرجەم ئەو داواکارییە نوێیانەی کە بۆ ئەم مانگە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە هاتبووە ئاراوە، بڕی ( ٩٥٧،٩٢٥،٨٨٠،٠٧٨ ) دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق. 

ئاماژەی بەوەش کرد، پێنج شەممە ( ١٣ ی ئازاری ٢٠٢٥ ) دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت و لە چەند ڕۆژێکدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP