دواین هەواڵ

ئابوری‌

 پێش 3 هەفتە

یەکێتیی خانەنشینان: بڕیارەکەی حکوومەتی ھەرێم بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە بەرژەوەندیی خەڵکە

هەرێم نیوز 

وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی، زۆر گرینگە و لە بەرژەوەندیی خانەنشیناندایە، لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٥ ھەزار کەس لەو بڕیارە سوودمەند دەبن".

سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بە میدیای فەرمی پارتی ڕایگەیاندووە، بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە ٦٣ ساڵەوە بۆ ٦٠ ساڵ، پابەندبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بە یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٤ و بڕیاری دادگای فیدراڵی، ئەوەش یەکێکە لە بڕگەکانی یاساکە، چونکە بەپێی بڕیاری دادگا پێویستە ئەو یاسایە لە ھەرێمیش جێبەجێ بکرێت و بەرکار بێت.

دەشڵێت، ئەمەش سوودی زۆری بۆ خانەنشینان دەبێت و پێویستە ئەو شایستە داراییانەی لە عێراق دەدرێن، لە ھەرێمیش بدرێت و پلەبەرزکردنەوەش دەست پێ بکرێتەوە، ئەوەشیان بۆ حیساب بکرێت کە لە ساڵی ٢٠١٣ تا ئێستا پلەی فەرمانبەران بەرز نەکراوەتەوە، بۆیە ئەوانەی خانەنشین دەبن ژمارەیان زۆرە، ھەرچەندە ئامارێکی ورد نییە، بەڵام بە خەمڵاندن ٢٥ ھەزار کەس خانەنشین دەکرێن و ئەو بڕیارە دەیانگرێتەوە".

ئاماژەی بەوەش کردووە، " بەپێی ئەو بڕیارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داویەتی، بۆ ئەوانەی خانەنشین دەبن، لە خاڵی ھەشتەم باس لەوە دەکرێت، ھەموو ئەو ئیمتیازاتانەی دەدرێت بە خانەنشینانی عێراق، پێویستە بدرێتە ئەوانەی ھەرێمی کوردستانیش، بۆیە ئەوانەی خانەنشین دەبن لەجیاتی ئەوەی شەش مانگ مووچەی تەواو وەربگرن، پێویستە مووچەی ساڵێکیان بە ھەموو دەرماڵەکانەوە پێ بدرێت".

سادق عوسمان باسی لەوەش کردووە، "بە شێوەیەکی گشتی ئەو بڕیارەی دراوە زۆر گرینگە، بۆیە پێویستە عێراقیش بە ھەمان شێوەی ھەرێمی کوردستان پابەند بێت، چونکە ئەوە بڕیاری دادگای فیدراڵییە، ئەوەی کەمتەرخەم بێت، ئێمە ڕێگای دادگا دەگرینە بەر، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش پابەندبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە، بەم شێوەیەش خەڵکێکی زۆر سوودمەند دەبێت و بازاڕیش دەبووژێتەوە و لە بەرژەوەندیی خەڵکی ھەرێمی کوردستاندایە".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP