هەرێم نیوز
وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، داشکان لە کرێی خوێندنی قوتابیانی زانکۆ لە زانکۆ حکومییەکان دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە نووسراوێکدا ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی و ئەو دەسەڵاتەی هەیانە، بڕیاریان داوە داشکان لە کرێی خوێندنی قوتابیانی زانکۆ بکەن بەشێوەیەک، هەر خانەوادەیەک دوو قوتابی یا زیاتری هەبێت لە خوێندنی ئێواران و پاڕالێل، بۆ هەریەکەیان بەرێژەی سەدا 50 داشکان لە کرێی خوێندنەکەی دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم داشکاندنە لە بڕی پارەی داواکراو لەدوای داشکاندنی رێژەی سەدا 45ـی کرێی خوێندن ئەژمار دەکرێت.
ئاشکراشیکرد، ئەو داشکاندنە سەرجەم قوتابیانی بەرایی و خوێندنی باڵا لە دبلۆم و بەکالۆریۆس و دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکوومییەکان دەگرێتەوە، بڕیارەکەش بۆ ساڵی خوێندنی 2024-2025 جێبەجێ دەکرێت.