دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 30/06/2024

چوارچێوەى هەماهەنگی لە بڕیارێکى ئەمریکا توڕەن کە سەرۆکی ئەنجومەنى دادوەریی دەکاتە ئامانج

هەرێم نیوز

لەم رۆژانەدا پرۆژە یاسایەک پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمریکا کراوەو بریارە بخرێتە ئەجێنداى کۆبوونەوەکانیەوە سەبارەت بە سزادانى گەورە بەرپرسانى عێراق و بەپاساوى پەیوەندییان بە ئێران و کارکردنیانە لەبەرژەوەندى ئەو وڵاتە لە عێراق، ئەمە بەتوندی گروپ و لایەن و کەسایەتیەکانى نێو چوارچێوەى هەماهەنگی توڕەکردووە، کە ئەم چوارچێوەیە جگە لە موقتەدا سەدر و وابەستەکانى هەموو شیعەکانى عێراقى لە خۆگرتووە.

پێدەچێت ناوى سەرۆکی ئەنجومەنى دادوەریی وڵات لە سەروو لیستى سزادانەکەى ئەمریکادا هێندەى تر توڕەیی چوارچێوەکەى زیاتر کردبێت.

راپۆرتە رۆژنامەوانییە ئەمریکیەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە مایک واڵتز (نوێنەرى کۆمارییەکان لە ویلایەتى فلۆریدا) و ئەندانى لیژنەکانى هێزى سەربازیی و کاروبارى دەرەوە لە ئەنجومەنى نوینەران، پرۆژەیەکى بۆ هەموارکردنەوەى (پرۆژە یاساى بنەچەى بیانییەکان)ئامادەکردووە و بەگوێرەى راپۆرتەکان فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنى دادوەریی یەکێکە لەو کەسایەتیانەى کە لە بەرژەوەندییەکانى ئێران لە عێراق کارەکانى کردووە.

رۆڵی زێدان لەگەڵ ئێران:

– بەگوێرەى راپۆرتەکان- زێدان لەنێو ئەو گروپانەدایە کە پشتیوانى لە بەهێزکردنى رۆڵی ئێران دەکەن لە عێراق و هاوکاریی میلشیاکانى تاران دەکات بۆ ئەوەى لە عێراقدا شوێنپێى خۆیان قایم بکەن.

راپۆرتى رۆژنامەکان دەڵێن: کە یەکێکیان -بیکون فری- ئەمریکییە، ئەو بڕیارە یاساییەى کە دادگاى فیدراڵى لە مانگی شوباتى سالی 2022 دەریکردووە، سەبارەت بە نیسابی یاسایی ئەندامانى پەرلەمان بۆ دیاریکردن و دەنگ پێدان بە سەرۆککۆمار، بووە هۆی دواخستنى دانیشتنەکەى پەرلەمان و ئەوەش لە بەرژەوەندى چوارچێوەى هەماهەنگی بوو کە دۆڕاوى هەڵبژاردنەکان بوو، ئەوەش بووە هۆی ئەوەى کە رەوتى سەدر کە براوەى هەڵبژاردنەکان بوون و زۆرترین کورسى پەرلەمانیان بەدەستهێنابوو لە پرۆسەى یاسایی و سیاسی بکشێنەوە، ئەوەش ببێتە هۆی کردنەوەى دەرگاى زیاتر لەبەردەم  چوارچێوەى هەماهەنگیدا تا حکومەت پێکبهێنێت.
سەرەڕای ئەوەش کە دادگاى فیدراڵی دامەزراوەیەکى تاڕادەیەک سەربەخۆیەو جیاوازە لە ئەنجومەنى دادوەریی، کە تەنها کاروباری کارگێڕیی دادگاکان بەڕێوە دەبات، بەڵام یاسادانەرانى ئەمریکا فایەق زێدان تاوانباردەکەن بە کۆنترۆڵکردنى و پێیان وایە ئەو واداری کردوون کە بڕیارەکانی لە بەرژەوەندى ئێران و ئەو هێزە عیراقییانە بێت کە لەوەوە نزیکن، دەڵێن: ئەگەر ئەو لە پشتى تانە لێدان لەو بڕیارەى دادگاى فیدراڵی نەبوایە کە لە مانگی شوباتى 2022 دا دەرچوو، ئەوا حکومەتێک لە عێراق دادەمەزرا کە لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندى بەهێزى هەبوایە.

پێشینەى مەترسیدار:

شارەزایانى یاسایی باوەڕیان وایە، پرۆژە یاساییە نوێیەکەى ئەمریکا و جێبەجێکردنى، وادەکەن هیچ دامەزراوەیەکى ئەمریکى مامەڵە لەگەڵ فایەق زێدان و سەرجەم دامەزراوە یاساییەکانى عێراقدا نەکەن، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەى هەموو ئەو وڵاتانەى کە شوێنپێهەڵگری ئەمریکان هەمان هەڵوێستیان هەبێت و هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ دامەزراوە یاساییەکانى عێراقدا نەکەن.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، مامەڵە نەکردن لەگەڵ دامەزراوە یاساییەکانى عێراق واتە، شکستپێهێنانى هەموو بڕیارە یاساییەکانى عێراق لە دەرەوەى سنوورەکانى ئیتر پەیوەندییان بە هەرچییەوە هەبێت لەوانەش شوێنپێهەڵگرتنى تیرۆریستان و گەندەڵکاران. هیچ بایەخێک بۆ پسوڵەى دەستگیرکردنى تاوانباران و هێڵی سوورى عێراق ناکرێت، هەروەها عێراق ناتوانێت داوا لە پۆلیسی ئەنتەرپول بکات بۆ جێبەجێکردنى داواکارییە یاساییەکانى ، سەرەڕای هەموو ئەوانەش دەبێتە هۆی راگرتنى هاوکارییەکانى دادگاى نێودەوڵەتى بۆعێراق.
لەیەکەم کاردانەوەى فەرمیدا موحسین مەندەلاوى سەرۆکی پەرلەمانى عێراق بە وەکالەت رۆژى شەممە رایگەیاند  پرۆژەکەى مایک والتز، بۆ هەموارکردنەوەى یاسایەک کاریگەریی و کێشە بۆ فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنى دادوەریی دروست دەکات و ئەوەش دەبێتە پێشینەیەکی مەترسیدار.

وەزارەتى دەرەوەش رایگەیاند پرۆژەکەى مایک والتز لە بارەى فایەق زێدانەوە دەستێوەردانێکى راستەوخۆوحاشاهەڵنەگرە لەبارەى کاروباری ناوخۆیی عێراق، لە بەیاننامە رۆژنامەوانییەکەى وەزارەتى ناوخۆدا هاتووە، ئەوان لێدان لە سەرۆکی ئەنجومەنى دادوەری و مافە یاساییەکانى عێراق رەتدەکەنەوە، رایانگەیاندووە دادوەریی ماف و سەربەستی لە عێراقدا مسۆگەر دەکات.

عەلى شابەندەر، سیاسەتمەدارى عێراقى و نزیک لە چوارچێوەى هەماهەنگی لە تۆڕی ئێکس لەوبارەیەوە نوسیویەتى: ئەو پێشنیازەى کۆمارییەکان بۆ کۆنگرێس بۆ ریزبەندیى کردنی بەرپرسانى عێراق کە گوایە هاوکاریی ئێرانیان کردبێت تا لە عێراق هەژمونی هەبێت و دانانى دامەزراوەى دادوەریی لە عێراق لە ریزبەندى یەکەمدا و ناوهێنانى سەرۆکەکەى قبوڵنەکراوەو دەستێوەرادنێکى راستەوخۆو حاشا هەڵنەگرە لە کاروبارى ناوخۆیی عێراق.
عەلى بەیاتى، ئەندامى پێشووى کۆمیسیۆنى مافەکانى مرۆڤ لە عێراق رایگەیاندووە: ئەم پرۆژەیە دەبێتە هۆی دابڕانى عێراق لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، وەک چۆن پێشتر لەبەرامبەر سیاسەتەکانى سەدام حسێن دا گیرایە بەر، بەیاتى لە تۆڕی کۆمەڵایەتى ئیکس نوسیویەتى: جموجوڵی کۆنگرێس بۆ سزادانى ئەنجومەنى دادوەریی و سەرۆکەکەى زۆر مەترسیدارە، پێویستى بە جوڵەى دبلۆماسی خێرا هەیە، وە نابێت بەرپرسان خۆیان سەرقاڵی لێدوان و بەیاننامە دەرکردن بن و واز لە موجامەلەکردن بهێنن. ئەو چاوەڕێش دەکات لەڕێگەى ئەم بڕیارەوە عێراق لە سەر ئاستى نێودەوڵەتى بەتەواوەتى پەراوێز بخرێت. بەیاتى لە درێژەى نوسینەکەیدا گوتویەتى: دوو رۆژ پێش ئێستا راپۆرتێکى مەترسیدار لەبارەى مافەکانى مرۆڤ لە جنێف بڵاوکرایەوە، بەداخەوە هەڵوێستى بەرپرسانى عێراقى بەجۆرێک بوو کە دەتگوت ئەو راپۆرتە لەبارەى وڵاتێکى ترەوەیە نەک عێراق.

گرفتەکە ئێرانە:

غازی فەیسەڵ، دبلۆماتکارى عێراقى دەڵێن پرۆژە یاسا نوێیەکەى کۆنگرێس لەبارەى دەستێوەردان و هەژموونى ئابورى و سیاسی و ئەمنى ئێرانەوەیە لە عێراق و هەردوو حیزبی کۆماری و دیموکراتەکانیش لە کۆنگرێس دا هاوبەشن و ئەوەش گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکانى عێراق و ئەمریکا دروستدەکات. بە رۆژنامەى شەرقلئەوسەتى راگەیاندووە: ئەمریکا رژێمى ئێران بە پەرەپێدەرو شوانى تیرۆر دەزانێت لە جیهاندا، ئەوەى کە لە کۆنگرێس دەگوزەرێت پەیوەستکردنى سەرکردەکانى عێراق بە دامەزراوە ئەمنییەکانى ئێرانەوە کێشەى زۆر گەورە لە پەیوەندییەکانى نێوان بەغداد و واشنتۆن دێنێتە ئاراوە بە تایبەتى کە ئێستا عێراق لە لایەن چوارچێوەى هەماهەنگییەوە بەڕێوەدەبرێت.

فەیسەڵ گوتوشیەتى هەرچەندە کۆنگرێس تێکەڵییەکى لەنێوان دادگاى فیدراڵی و ئەنجومەنى دادوەرییدا دروستکردووە لەوانەیە هەردوو دامەزراوەکە بگرێتەوە و بچنە لیستى سزادراوەکانەوە.

رۆژنامەى -بیکون فری- لە زارى والتزى نوێنەری کۆمارییەکانەوە کە خاوەنى پرۆژە یاساکەیە نوسیویەتی:  ئەمە هەنگاوی یەکەمە بۆ دابڕانى ئێران لە حکومەتى عێراق و هەڵکێشانى هەژموونى بەردەوامى ئەو رژێمە توندڕەوەیە لە عێراق.

والتز گوتوشیەتى: دەبێت رژێمى ئێران لەوە تێبگات کە کۆنگرێسی ئەمریکا رێگەى بە عەلى خامنەیی رێبەریان نادات کە عێراق بکاتە پاشکۆی وڵاتەکەى خۆی، هەروەها فایەق زێدان و هاوسۆزەکانیشی بە باشى لەو بابەتە تێبگەن.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP