دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

وەزارەتی کارەبا: قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا کراوەتەوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كە كارمەندەكانیان چارەسەری كێشەی كارەبایان بەهۆی هێرشەكەی دوێنێی كێڵگەی غازی كۆرمۆر كردووە و ئێستا بەرهەمهێنانی كارەبا ئاسایی بووەتەوە.

وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان بە(وەكالەت) لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، وێڕای سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو چوار كرێكارە بیانییەی كە گیانیان لەدەستداوە، سوپاسی تیمەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندارەكانی دیكەی دەکات کە پاش هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆر توانیویان قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەن و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەننە 1600 مێگاوات و ماندوونەناسانە بە درێژایی شەوی رابردوو تا ئێستا بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی هێرشەكە و بە پلانێكی تۆكمە قەرەبووی بەشێکی زۆری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبایان کردووەتەوە و رێگایان نەدا كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبا رووبدات.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانی چارەسەركردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گاز دایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان و ئاسایبوونەوەی دۆخەكە.

ئەمەش لە کاتێکدایە،  رۆژی هه‌ینی له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و به‌هۆیه‌وه‌ چوار کرێکاری یەمەنی گیانیان لەدەستدا، تائێستاش هیچ گروپێك به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرتوه‌.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP