دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 2 هەفتە

کۆبوونەوەیەکی فراوان لە پارێزگای هەولێر لەسەر ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەری بەڕێوەچوو

هەرێم نیوز

بۆ جێبەجێکردنى فەرمان و ڕاسپردەکانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم، بە سەرپەرشتى وەزیرى ناوخۆ، کۆبوونەوەیەکى فراوان ئەنجامدرا، چەند بڕیارێک بۆ زیاتر توندوتۆڵکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بازاڕی هەولێر دەرکرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بۆ جێبەجێکردنى فەرمان و ڕاسپردەکانى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بە سەرپەرشتى ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆ و ساسان عەونى، وەزیرى شارەوانى و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە ڕووداوەکانى ئاگر کەوتنەوە لە بەشێک لە بازاڕەکانى شارى هەولێر، لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئیدارەى شارى هەولێر ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، وێڕاى نیگەرانی دەربڕین بەرامبەر بە سووتانی بازاڕی قەیسەریی شارى هەولێر و هاوخەمی لەگەڵ دوکاندار و کاسبکارانى زیانلێکەوتووى بازاڕەکە، دەستخۆشى لە تیمەکانی بەرگرى شارستانى، تەندروستى و هێزە ئەمنیەکان و هێزەکانی ناوخۆ کرا، پاشان تیشک خرایە سەر بڕیار و ڕاسپاردەکانى کۆبوونەوەى پێشوتر و بەدواداچوون لە جێبەجێکردنیان بڕیارەکان کرایەوە و تەئکید لەوە کرا کە دەبێت سەرجەم بڕیارەکان وەکو خۆى لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێبکرێت و لە بەرمبەر هەر کەم و کوڕییەک هەر یەکە و بەئاستى خۆى بەرپرسیار دەبێت.

هەروەها لە پێناو پاراستنى شوێنە گشتییەکان و سەلامەتى گیانى هاوڵاتییان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە، جەخت لە سەر پابەندبوون بە ڕێنماییەکان و ڕێکارەکانی پاراستن و سەلامەتی لە شوێنە گشتیەکان و نێو بازاڕەکان کرایەوە و تەواوى لایەنەکان ڕاسپێردران دەستبکەن بە ڕێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕى قەیسەرى و سەرجەم بازاڕە میللیەکان و شوێنە گشتییەکان و هەڵگرتنى سەرپێچى و زێدەڕۆییەکان و هەموو ئەو مەترسیانە کە دەبنە هۆکارى دروستبوونى ڕووداوى لەمشێوەیە، بە تایبەتى نەهێڵانى هەڵواسینی پەردە لە دوکانەکان کە هۆکارێکی سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکان و تەشەنەسەندنەکانى بووە.

کۆبوونەوە هەروەها سەبارەت بە سیستەمى جێگیرى ئاگر کوژێنەوە لە بازاڕەکان، بەرگرى شارستانى و قائیمقامیەتى ناوەندى و سەرۆکایەتى شارەوانى ڕاسپرد پێداچوونەوە بەو سیستەمانەى کە جێگیر کراون بکرێت و هەر کێشە و گرفتێکی تەکنیکیان هەبێت لە زووترینکاتدا چاکبکرێن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP