دواین هەواڵ

جیهان‌

 13/02/2024

ئەمریکا؛ هێزەکانمان لە عێراق دەمێنەوە و پلانی کشانەوەمان نییە

هەرێم نیوز

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایدەگەیەنێت، ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمێننەوە  و گۆڕینی ئەرکەکانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق لەلایەن بایدنەوە پێداچونەوەی بۆ دەکرێت. 

پاتریک رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆن رایگەیاند، ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن و پلانی کشانەوەیان نییە.

وتیشی، ئاگادارنین بەغداد بە رەسمی داوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکای کردبێت و ئەوان لەسەر داوای عێراق ماونەتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆکانی 11ی ئەم مانگە لەبارەی شەڕی دژی داعش و ھەماھەنگی ئەمنی و تەکنینی نێوان واشنتۆن و بەغداد بووە.

ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕینی ئەرکەکانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق لەلایەن بایدنەوە پێداچونەوەی بۆ دەکرێت. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 10ی ئەم مانگەش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر داوای 100 پەرلەمانتار کۆبوەوە و داوایانکرد، حکومەتی عێراق بڕیارێکی ئەنجومەنەکە کە لە ساڵی 2020دەری کردووە بۆ کشانەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق جێبەجێ بکات، بەڵام سونە و بەشێک لە فراکسیۆنە کوردییەکان بەشداری کۆبونەوەکەیان نەکرد.

لەسەرەتایی ئەم مانگەوە ئەمەریکا دووجار خاکی عێراقی بۆردوومانکردووە، جارێک لەقائیم و عەکاشات و جارێکی دیکەش لەناوەندی پارێزگای بەغدا.

شەوی حەوتی ئەم مانگە بە درۆن هێرش کرایە سەر ئۆتۆمبێلێک و دوو سەرکردەی باڵای هێزە چەکدارەکانی عێراقی تێدا کوژرا، دواتر هێزەکانی ئەمریکا بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشەکە راگەیاند.

هەفتەی رابردووش ئەمریکا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر گروپە چەکدارە لەیاسا دەرچووەکان لە عێراق و سوریا.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP