هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەتى ناوخۆ لە سۆشیال میدیای تایبەتی خۆی وەڵامی ئەو چەواشەکاریانە دەداتەوە کە لەسەر کامێرای پۆینت تو پۆیند کراون،"بە چاوبەستکردنی خەڵکی ناوی دەبات".
د. هێمن میرانى، بهڕێوهبهری گشتیی دیوانی وهزارهتی ناوخۆ لە وەڵامی ئەو پرسیارەی، داهاتى کامێراى هاتوچۆ بۆ کۆمپانیایە؟ رایگەیاند: " بەڕاستی ئەوە یەکێکە لە گەورەترین چەواشەکارییەکانی ئەوانەی لەسەرپشتی خەڵک دەبنە ئەندامی پارلەمان یان دواتر پۆستی حکومی وەردەگرن یان حزب دروست دەکەن".
رونى کردووەتەوە،" پرۆژەی کامێراکانی هاتوچۆ وەکو هەر پڕۆژەیەکی دیکە حکومەت بە کۆنتراکت (قۆنتەرات بە زمانی بازار) داویەتیە دوو کۆمپانیا و ئەوان بە پارەی خۆیان کامێراکانیان کڕیووە، دایانمەزراندووە، ئینتەرنێتیان بە فایبەر بۆ ڕاکێشاوە، داتا سەنتەریان دامەزراندووە، دوای ئامادەکردن کلیلەکەی دەدەنە پۆلیسی هاتوچۆ تا هەموو داتاکانی سەرپێچی لای ئەوان بێت".
لە بارەی داهاتی کامێراکان ئەوەشی خستەڕوو: حکومەت لە داهاتی کامیراکان پارەی تێچووی پرۆژەکە دەداتەوە کۆمپانیای جێبەجێکار تا خەرجییەکان تەواو دەبن، دواتر کۆمپانیا ئیشی تەنیا دەبێتە چاکردنەوە و کاری تەکنیکی و سۆفتوێر ئەپدەیتکردن، لەبەرامبەر ئەوەش بێگومان پارە وەردەگرێ کە 20%ی داهاتی کامیراکانە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، "بابەتە زۆر ئاسانە، وەرن با بە سەلامەتی لێخوڕین و پارەی خۆمان نەدەینە کەس، نە حکومەت و نە کۆمپانیا، بەڵام بتانەوێ حکومەت دەستەوەستان بێت و شوفێری سەرکێش و نابەرپرس ژیانی هەموومان بخەنە مەترسی، ئەوە نابینن چونکە ئەرکی حکومەتە سەلامەتی گشتی بپارێت".
لە کۆتایى پۆستەکەشدا نوسیویەتى: هەمووی بۆ سەلامەتی و پاراستنی ژیان و سەروماڵمانە، سەلامەت لێخوڕن و رێگا مەدەن پۆپۆلیستەکان بەو چەواشەکارییە ببنەوە ئەندام پارلەمان و مانگانە ملیۆن دینار موچە وەرگرن.