دواین هەواڵ

کلتور‌

 27/06/2023

وشەیەک بۆ شیعری کوردی

فوئاد سدیق

لەماوەی یەک سەدەی رابردوودا ئەگەر گۆران ی شاعیر لەناو  شیعری کوردیدا دەربهێنین، تا سەرهەڵدانی شێرکۆ بێکەس (بەتایبەت تا نووسینی قەسیدەی کۆچ کە لە حوزەیرانی  1975 نووسیویەتی) شتێک نامینێتەوە ناوی شیعری نوێی کوردی بێت.  چونکە گۆران بە تەنیا بوو ، بەڵام  توانی شیعری کوردی بباتە قۆناخێکی نوێ و جیاواز لە رابردوو، ئەگەرچی هێشتا شیعری کوردی نەیتوانیبوو خۆی لە تەپ و تۆزی  کاریگەریی و لاساییکردنەوەی شیعری بێگانە رزگار بکات. گۆرانیش لێی قورتار نەببوو. بەڵام زۆر بە جوانی توانیبووی سوود لە شیعری بێگانە وەربگرێت و مۆرکێکی خۆمانەی پێبدات، داهێنانەکەی گۆران ئا لێرەدابوو. وشەی نوێ و زمانی نوێ و ئیقاعی نوێ و وێنەی نوێی لەناو شیعردا بەرجەستە کرد، بەڵام هەموو ئەمانە پێشتر  شاعیرانی رۆژئاوایی لەو داهێنانە نامۆو نەبان نەبوون. 

شیعری کوردی لە هەشتاکان بە چەندین رێچکەو بیرۆکەو بە چەندین فیکرو ئاراستەی جیاواز هاتە پێشەوە، کە من پێموایە شیعری کوردی لە ساڵانی هەشتاکان لە گەشاوەترین قۆناخی هونەریدا بووە. بەتایبەت کە شێرکۆ ئەو قەسیدە پڕ هونەرییەی کۆچ ی لە سەرەتای ساڵی 1980 چاپ و بڵاوکردەوە، بەڵام لە حوزەیرانی  1975 نووسیبووی . 

سەرچاوەی ئەم قۆناخە گەشاوەیەی هەشتاکان دەتوانم بڵێم بۆ نیوەی دووەمی حەفتاکان دەگەڕێتەوە، کە شێرکۆ بێکەس دیوانی کۆچ ی نووسی. دیوانی کۆچ بەرهەمێکی جیاواز بوو، وێستگەیەکی نوێ بوو کە بتوانیت بەهۆی ئەم وێستگەیەوە بچێتە وێستگەیەکی دیکە، واتا کۆچ زەمینەیەکی نوێی هێنایە ئاراوە کە ئیتر بتوانرێ شیعری کوردی ئاراستەیەکی زۆر نوێخوازانە بگرێتە بەر. هەر وایشی لێ هات. ناوەڕاستی هەشتاکان یان روونتر بڵێم نیوەی دووەمی ساڵانی هەشتاکان، شیعری کوردی گەیشتبووە ترۆپک، کە سەرچاوەی ئەو گەیشتن بە ترۆپکە بۆ قەسیدەی کۆچ دەگەڕێتەوە، کە لە ساڵی 1980 چاپکرا. قەسیدەی کۆچ نەک هەر روانگەی تێپەڕاند، بەڵکو (ئەگەر جەلالی میرزا کەریم ی لێ دەربهێنین، چونکە جەلال زۆر تایبەت و جیاواز بوو)  دەتوانین بڵێین قەسیدەی کۆچ روانگەیشی سەرسام کرد، ئەگەر چی شێرکۆ خۆی لە دامەزرێنەرانی روانگەش بوو. بەڵام روانگە رێک بۆچوونەکەی لەتیف هەڵمەت ی پێشتڕاست کردەوە، کاتێک گوتی روانگە هێلکەیەکی پیس بوو هیچی هەڵنەهێنا. 

بە دیوەکەی دی ئەوەندەی قەسیدەی کۆچ بووە سەرچاوە بۆ هونەری شیعری کوردی ساڵانی هەشتاکان، روانگە ئەوەی پێ نەکرا. جگە لە شێرکۆ بێکەسیش ئەوانەی خۆیان بە دامەزرێنەری روانگە دەزانی یان ئەوانەی لەگەڵ روانگەدا بوون، زوو کوژانەوەو نەیانتوانی بەردەوام بن. جەلالی میرزا کەریم ئەویش زوو کوژایەوە، بەڵام زۆر بە جیاواز دەستی پێکردو شیعری کوردی بە ئاراستەیەکی زۆر نوێدا برد، شاعیرانی هەشتاکان سوودی زۆریان لێی وەرگرتبوو.چونکە جەلال هەوێنی چەندین فیکرو فەلسەفەی شیعریی بوو.  

ئێستا دوای زیاتر لە 40 ساڵ لە تەمەنی شیعری هەشتاکان، بەڵام دوای راپەڕین، دۆخی سیاسی گورزێکی کەمەرشکێنی لە شیعرو شانۆو  رەخنەو لێکۆڵینەوەی ئەدەبی دا، تا ئێستا ئازاری ئەو گورزە بەهێزە، برینەکانی هێندە سەخت بوون، ئێستاش خوێن بە قەدو باڵای شیعرو لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و شانۆی کوردییەوە دێتە خوارەوە. تەنیا شێرکۆ بۆ شیعر ژیا، بۆیە هیچ تۆفان و زریان و رەشەبایەک نەیتوانی لوولی بدات، تا ئەو رۆژەی مرد هەر بە پێوە مایەوەو گەڵای رەنگینی  دەشەکایەوەو ئەتری پەخش دەکرد.

ئەو کاتەی خەلیل حاوی لە لوبنان و نازک ئەلمەلائیکە لە بەغداو  سەیاب لە بەسرەوە  گەرووی پڕ حەماسیان بە شیعری ئازاد پڕ دەکرد، گۆران ی شاعیر دەمێک بوو لە هەڵەبجەوە  دەیان شیعری جوانی چنیبۆوە 

عەرەب زۆر شانازی بە شیعری کولێرای نازک دەکات، بەڵام گۆران  ئەوکاتە چەندین دیوانە شیعری نوێی لە باخەڵە  دڕاوەکەیدا هەڵگرتبوو، کەس نەبوو بۆی چاپ بکات، دڵنیام بەهۆی ئەو کەساسی و بێکەسییەی کە بەسەری دەبرد چەندین شیعری جوانی دیکەی نوێی  لێ ون بووە. بەڵام لە کوێ شوێنەواری ئەو شیعرە جوان و نوێیانە دەدۆزرێتەوە؟!. 
ئەگەر گۆران بەبێ باوکی و بە کەساسی نەژیابایە، دوور نەبوو  ببوایە جەبران خەلیل جەبرانی کورد. بەڵام ژینگەی کوردیی ئەوەندە نقومی زەلکاوە، مرۆڤ ناتوانێ بە دڵی خۆی هەناسەیەکی لێ بدات.   



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP