هەرێم نیوز
حکومەتى ئێران، بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان، سزای لەسێدارەدان بەسەر دوو برا لە شاری شنۆ دەسەپێنێت .
سەرچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوەتەوە و فەرها و فەرزاد تەهازادە دانیشتوی شاری شنۆ لە دادگایەکی ئێران لە شاری ورمێ سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە.
تۆمەتی ئەو دوو برایە بەشداریی بوە لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تا ئێستا تەنها لە شاری شنۆ پێنج گەنج بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان لە لایەن دادگاکانی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.
لە لایەکی دیکەوە ناوەندی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردوەتەوە لە سەرەتای خۆپیشاندانەکان و دەستگیرکردنی گەنجانی ناڕزایی، زیاتر لە هەشت گەنجی کورد لەژێر ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەکان و لە زیندان گیانیان لەدەستداوە.
لە ماوەی 85 رۆژی رابردوی ناڕەزایەتییەکاندا نزیکەی 130 گەنج و لاوی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و بە گشتیش لە سەرتاسەریی ئێران 485 کەس کوژراون.