هەرێم نیوز
وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێم کاردەکات بۆ ئەوەی لە بری پێدانی زەوی، یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیکراو و گیراوی سیاسی دابینبکرێت.
وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە وەزیری کاروباری شەھیدان لەگەڵ وەزیری داد و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنان و نوێنەری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار کۆبوونەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسوکاری شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیکراو و گیراوی سیاسی، بە جۆرێک لە بری پێدانی زەوی، یەکەی نیشەجێبوون دروستبکرێت.
لە کۆبوونەوەکە پێشنیازکراوە بە ئامادەکردنی کۆنوسێکی ھاوبەش لەلایەن وەزیرەکان و سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنان بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون لە رێگەی دەستەی گشتی وەبەرھێنان بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی شەھیدان.
وەزارەتی شەھیدان راشیگەیاندووە، بەپێی یاسا بەرکارەکان، کەسوکاری شەھیدانی سەنگەر و جینۆسایدکراوان و زیندانیکراو و گیراوی سیاسی کوردستان، شایستەن بۆ سوودمەندبوونیان لە وەرگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون.