هەرێم نیوز
بۆ رۆژی دووەم مانگرتنی گشتی لە شارەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان بەڕێوەدەچێت و سەرجەم دوکان و بازاڕەکان لەلایەن کاسبکارانەوە داخراون، بڕیارە مانگرتنەکە سبەینێش بەردەوام بێت.
رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، رۆژی دووشەممە لە ٢٩ شاری چوار پارێزگای رۆژھەڵاتی کوردستان ماگرتنی گشتی بەڕێوەچوو کە مانگرتنەکە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان و سنە و ئورمیەی گرتەوە و ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.
راشیگەیاندووە، خوێندکارانی زانکۆکانی تاران و زانکۆی کوردستانیش لە سنە بڕیاریانداوە بەشداری مانگرتنی گشتی بکەن و نەچنە ھۆڵەکانی خوێندن و بڕیاریشە مانگرتنەکە سبەینێش بەردەوام بێت.
لەگەڵ مانگرتنەکەدا، شەوی رابردوو ھاووڵاتیانی تاران و سنە و کرماشان و شیراز و رشت و مەشھەد، رژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزاییان بەرامبەر حکومەتی ئێران دەربڕی.
لە دوای کوژرانی ژینا ئەمینی خۆپیشاندانی ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دوو مانگ و ٢١ رۆژە بەردەوامە، لە خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە ٤٦٠ کەس کوژراون.