هەرێم نیوز
وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە ئەمڕۆوە سیستەمی ئەلیكترۆنی گرێبەستە گشتییەكان خرایە بواری جێبەجێكردن و وەك قۆناغی یەكەمیش چەند وەزارەتێك و پارێزگای هەولێر لە سیستمەكەدا بەشدار دەبن و لە قۆناغەكانی داهاتووشدا سەرجەم وەزارەتەكانی دیكە دەگرێتەوە.
دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاندووە، " لەهەوڵە بەردەوامەكانمان لەگەڵ تیمی وەزارەت و ئاژانسی كۆیكای كۆریا، لەئەمڕۆوە یەكشەممە، سیستەمی ئەلیكترۆنی بۆ گرێبەستە گشتییەكانی حكومەتی هەرێم دەكەوێتە بواری جێبەجێكردن".
وەزیری پلاندانان ئاماژەی بەوەكردووە، وەك قۆناغی یەكەم هەریەكە لە وەزارەتەكانی (كارەبا، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون، تەندروستی، شارەوانی و گەشتوگوزار) و هەروەها پارێزگای هەولێر لەم سیستمەدا بەشدارن و لە قۆناغەكانی داهاتووشدا وەزارەتەكانی تر و سەرجەم دەسەڵاتەكانی گرێبەست لە حكومەت دەبنە بەكارهێنەری ئەم سیستمە.
لەباری گرنگی و بایەخی سیستمەكە، د. دارا رەشید باسی لەوەكردووە، ئەم سیستمە بەشێوەیەكی كردەیی كارایە و وەزارەتەكان دەتوانن لە قۆناغی بانگەوازی تەندەرەوە تا دەگات بە واژۆكردنی گرێبەست، سوودی لێ ببینن و بەكاری بهێنن.
وەزیری پلاندانان داواشی لە هەموو كۆمپانیا و ئەو شوێنانە كردووە كە دەیانەوێت لە كێبڕكێی وەرگرتن و ئەنجامدانی پڕۆژەكان لەڕێگەی ئەم سیستەمەوە (http://www.keps.digital.gov.krd/) خۆیان تۆمار بكەن و لەماوەیەكی كەم و بە شێوازێكی زۆر ئاسان، پرۆسەكانی تەندرین و دیاریكردنی گرێبەستەكان ئەنجامبدەن، كە پێشووتر چەندین رۆژی پێویست بوو بۆ ئەوەی پرۆسەی تەندرین و گرێبەستی پرۆژەكان ئەنجامبدرێت.
جەختی لەوەشكردووەتەوە، كە پشتگیرییەكانی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت، لەماوەی كاركردنی لە سێ ساڵی ڕابردوودا، هۆكارێكن بۆ بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێنەی لەكاتی دەستبەكاربونی وەك وەزیری پلاندانان دابووی لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەكانی وەزارەت بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و گەندەڵی و پیادەكردنی دادپەروەری و خێرا ڕاییكردنی مامەڵەكانی گرێبەست و تەندەرین و پرۆسەكانی تری ئەو سیستەمەیان خستەكار.