محه‌مه‌د جه‌مال – هه‌ولێر
شاره‌زایه‌كی ئابووری باس له جوڵانه‌وه‌ی بازاڕی خانووبه‌ره ده‌كات و ده‌ڵێت، پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق به جۆرێك له جۆره‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌سه‌ر كه‌رتی خانووبه‌ره دا هه‌بووه و له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردووش به‌هۆی بریاری تاپۆكردنی به‌شێك له زه‌وی نیشته‌جێبوونی هاوڵاتیان له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه جۆرێك له جوڵانه‌وه‌ی بازاڕی خانووبه‌ره به‌دی ده‌كرێت.
بیلال سه‌عید، شاره‌زای ئابووری بۆ هه‌رێم نیوز ڕایگه‌یاند، بازاڕی خانووبه‌ره‌ی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌سته به‌و ڕووداوه سیاسی و ئابووری و ئه‌منییانه‌ی كه له ناوچه‌كه‌دا ڕوو ده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستان ده‌گوزه‌رێ، بازاڕی خانووبه‌ره ساڵێكی زۆر قورسی تێپه‌ڕاند، چونكه جۆرێك له چه‌قبه‌ستوویی هه‌بوو، هه‌روه‌ها دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق و ململانێ سیاسییه‌كان له‌نێوخۆی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی خراپی له‌سه‌ر بازاڕی خانووبه‌ره دروست كردبوو.
وتيشى، زۆری ژماره‌كانی پڕۆژه‌ی نیشته‌جێبوون كه هاتنه بازاڕ به‌شێوه‌یه‌كی نائاسایی زیاد ده‌كات، ئه‌مه‌ش یه‌كێكی تر بوو له‌و هۆكارانه‌ی كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر بازاڕی خانووبه‌ره هه‌بووه.
ده‌شڵێت:"له ڕۆژانی ڕابردوو جۆرێك له جوڵانه‌وه له كه‌رتی خانووبه‌ره به‌دی ده‌كرێ، ئه‌ویش به‌هۆی بڕیاری تاپۆكردن له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه بۆ به‌شێك له‌و زه‌وی و خانووانه‌ی كه له‌هه‌ندێك گه‌ڕه‌كی دیاریكراو كه زه‌وی كارت یان خانووی كارتیان پێ ده‌وترێت."
سه‌باره‌ت به دروست كردنی 20 هه‌زار شوقه بۆ كرێنشینان كه پێشتر بریاری له‌سه‌ر درابوو، ئه‌و شاره‌زاییه‌ی ئابووری ده‌ڵێت، به داخه‌وه تاوه‌كو ئێستا له سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌ی گه‌رمیان ده‌ست به هه‌وڵه‌كان نه‌كراوه بۆ دروست كردنی ئه‌و شوقانه، چونكه ده‌گوترێت خواستی وه‌به‌رهێنه‌ری له‌سه‌ر نیه، له‌لایه‌كی تر ئاماژه به‌وه ده‌كرێت كه تاوه‌كو ئێستا زه‌وی بۆ دروست كردنی ئه‌و شوقانه دابین نه‌كراوه، ئه‌مه‌ش گرفتێكه له ئه‌نجامی ململانێی سیاسی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان دروست بووه، به‌ڵام له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ڕایگه‌یاند كه له سنوری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ ده‌ست كراوه به دروست كردنی ئه‌و شوقانه، هه‌روه‌ها پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژه‌ی كردووه به‌وه‌ی كه هه‌وڵێك هه‌یه و لێره‌ش زه‌وی دابینكراوه بۆ قۆناغه‌كانی پرۆسیسی جێبه‌جێكردنی 20 هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون.
له‌باره‌ی ڕووداو و ناكۆكییه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان، بیلال سه‌عید ڕوونی ده‌كاته‌وه، كه هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شێكه له جوگرافیا گه‌وره‌كه‌ی عێراق و عێراقیش به‌شێكه له ململانێ هه‌رێمایه‌تییه‌كان، بۆیه هه‌ر ڕووداوێك له وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ڕووبدات به‌جۆرێك له جۆره‌كان ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر عێراق ده‌بێت و دواجار ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش ده‌بێت.
باسى لەوەشكرد، هه‌رێمی كوردستان سه‌رچاوه‌ی دابینكردنی به‌شێكی وزه‌یه بۆ به‌شێك له وڵاتانی ده‌ره‌وه، هه‌روه‌ها قه‌باره‌یه‌كی گه‌وره كه زیاتر له 450 هه‌زار به‌رمیل له ڕۆژێكدا نه‌وت هه‌نارده‌ی بازاڕه‌كانی جیهان ده‌كات، بۆیه كاتێك ململانێ له‌نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا توند ده‌بێ، نرخی وزه له بازاڕه‌كانی جیهان به‌رز ده‌بێته‌وه، كاتێك كه نرخی وزه به‌رز بووه‌وه، سه‌رچاوه‌ی داهات له هه‌رێمی كوردستان به جۆرێك له جۆره‌كان ڕووكارێكی ئه‌رێنی وه‌رده‌گرێت.
له‌باره‌ى به‌رزبوونه‌وه و نزم بوونه‌وه‌ی به‌های دۆلاريش ئەو شارەزایەی ئابوری روونی دەكاتەوە، سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی عێراق و ڕاوێژكاره‌كانی حكومه‌تی عێراق و سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی، و هه‌روه‌ها بانكی جیهانی كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه نایانه‌وێ له‌م كات و ساته‌دا به‌های دۆلار له‌و نرخه‌ی هه‌یه دایبه‌زێنن، بۆیه پێویسته هاوڵاتیان ئه‌وه‌نده نه‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری هه‌ندێ هه‌ژموونی سیاسی یاخو ململانێی سیاسی یان هه‌ندێك په‌رله‌مانتار له عێراق كه ئه‌م بابه‌ته ده‌وروژێنن له كاتێكدا ئه‌مه له ده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان له عێراق دا نیه، چونكه ئه‌مه له ده‌سه‌ڵاتی بانكی ناوه‌ندی دایه، هه‌روه‌ها بانكی ناوه‌ندی ئه‌گه‌ر هه‌ر نیه‌ت و هه‌وڵێكی له‌م جۆره‌ی هه‌بێ، ده‌بێت سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی جیهانی لێ ئاگادار بكاته‌وه.