دواین هەواڵ

کوردستان‌

 30/09/2022

وەزارەتی ناوخۆ: هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک رەزامەندی لە سەر هێرشەكانی ئێران نەداوە

هەرێم نیوز

وەزارەتی ناوخۆی  ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک و ھیچ کاتێک، رەزامەندی لە سەر پێشێلکردنی سەروەری خاک و ئەنجامدانی  هێرشەكانی ئێران نەداوەو بە توندیش ئیدانەی دەکەین.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی دەربارەی  قسەکانی فەرماندەیەکی هێزەکانی ئێرانە سەبارەت بە دوا هێرشیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان  بڵاو كردەوە و تێیدا هاتوە، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک و ھیچ کاتێک، رەزامەندی لە سەر پێشێلکردنی سەروەری خاک و ئەنجامدانی ئەم هێرشانە نەداوە و بە توندیش سەرکۆنەیان دەکەین.

راشیگەیاندوە، نوێنەر و شاندە ئیرانییەکان لە کۆبوونەوەکان و لە راگەیاندنەکانیش، بە ئاشکرا و بەردەوام  هەڕەشەی لێدانی بنکەکانی ئوپۆزسیۆن و بنکەکانی ئەمریکایان کردووەو لایەنە ئوپۆزسیۆنەکانیش ئاگاداری ئەو گەف و ھەڕەشانە بوون.

ئەوەش لەكاتێكدایە ئەمرۆ هەینی، محەممەد باقری، سوپاسالاری ئێران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی،"هێزەكانمان زانیاریی وردیان لەبارەی بنکە سەربازییەکانی هەریر، هەولێر و دهۆک لە عێراق هەیە. بەڵام لە  ئێستا تەنیا هێرش دەکەنە سەر جوداخوازەکان و  هیچ جووڵەیەکمان بەرامبەر ئەمریکا نابێت و لە دۆخی ئێستادا تەنیا لە دژی ئەو لایەنانەی دەیانەوێ ئێران پارچەپارچە بکەن ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن.

ئاماژەی بەوەش كردبوو، دانپێدانانی ئەمریکا سەبارەت بە خستنەخوارەوەی درۆنێکی ئێران بەو مانایەیە کە ئەوان پشتیوانی لە گرووپە جیاخوازەکانی دژ بە ئێران دەکەن و خەریکی هاوکاریکردنی ئەوانن و ئەگەر ئەمه‌ریکییەکان دژ بە درۆنەکانی ئێران لەئاسمانی هەرێمی كوردستان بجووڵێنەوە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌ڵامی ئەم کردەوە دوژمنکارانەیەی ئەمه‌ریکا دەدەنەوە.







Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP