دواین هەواڵ

ڤیدیۆ‌

 16/08/2022

دۆخی ئێستای میدیا لە کتێبێکدا ڕاگەیەندرا

بەهەست بەختیار- سلێمانی

ڕۆژی دووشەمە بەرواری (٢٠٢٢/٨/١٥)، لە کتێبخانەی ڕەهەند و ڕۆمان بە ئامادەبوونی ڕۆشنبیران و نووسەران ، کۆڕی ناساندنی کتێبی( شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم) لە نووسین و وەرگێڕانی نوسەر و ئەکادیمست ( پڕۆفیسۆر نەزاکەت حسێن ) لەلایەن ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ ڕاگەیەندرا.

کتێبی (شۆڕشی پیشەسازیی چوارەم)،کورتەیەکە لەسەر ئەو شۆڕشەی کە گەشەی تەکنەلۆجیا پێشڕەوی دەکات، باس لەو پێشبینیانە دەکات کە چاوەڕێدەکرێت بەهۆی گەشەی تەکنەلۆجیا و زیرەکیی دەستکرد بەسەر تێکڕای بوارەکانی ژیانی مرۆڤدا بێت، لەخودی مرۆڤ خۆیەوە تاوەکو کار، پیشە، خوێندن، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و گوزەران.

سەربەست مەمنی، سەرۆکی ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگ دەربارەی کۆڕەکە تایبەت بە هەرێم نیوز وتی، کتێبەکە لە لایەن ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگەوە کاری چاپکردنی بۆکراوە، خۆشحاڵانە ئەمڕۆ لەم مەڕاسیمەدا خوێندنەوەی تەواو بۆ کتێبکە کرا.

وتيشى، هەمیشە هەوڵمانداوە بۆ بە کلتوورکردنی خوێندنەوە و ئیشکردن لەسەر باشکردنی دۆخی میدیا.

پرۆفیسۆر نەزاکەت حسێن نوسەر وەرگێڕی کتێبی ( شۆڕشی پیشەسازی چوارەم) دەربارەی دۆخی میدیا كوردى  وتی،  میدیا کوردی ئاڵۆزە و لێی تێناگەیت ئەم هەنگاوە بەرەو کوێی دەبات،لە تەکنیکدا پێشکەوتووە لە پڕۆفیشناڵیدا کێشەی هەیە، کەناڵەکان زۆرن بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکەوە کێشەیان تێدایە، لەڕووی ئیتیکەوە خاڵییە و کۆدێکی وانییە بەرپرسیارێتی بۆ دانابێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، میدیای کوردی لە ئێستادا لە ڕووی چەندێتییەوە کاردەکات دوور لە چۆنیەتی.

لەپای هەوڵ و ماندووبوون وخزمەتی نووسەر بە کتێبخانەی کوردی لەلایەن چەندین ڕێکخراو کەسایەتییەوە خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە پرۆفیسۆر ( نەزاکەت حسێن)، دواتر بە واژووی نوسەر کتێبی ( شۆڕشی پیشەسازی چوارەم) بەخشرایە ئامادەبووان.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP