ئا:دەریا سەمین
بریتییە لە هەوکردنی گەدەو ڕیخۆلەکان ، زۆربەی زۆری حالەتەکان بەهۆی ڤایرۆسەوە ڕوودەدەن ، ڕێژەیەکی کەمیان هۆکارەی بەکتریایەو لە هەندێ حالەتی دەگمەنیشدا دەکرێ مشەخۆرو زیندەوەرە سەرەتاییەکان (پڕۆتۆزوا) بەرپرس بن .
لە چیەوە تووش دەبین؟ بۆ لە وەرزی هاوین و گەرما زیاترە ئەو پەتایە ؟
• زۆربەی حالەتەکان هۆکارەکەی تێکچوونی خواردن و خواردنەوەوەیە کاتێک لە شوێنێکی گەرم دادەنرێ بەتایبەت لە ئێستادا پلەکانی گەرما زۆر بەرزن و خواردن بە ماوەیەکی کەم تێکدەچێت و پیس دەبێت ئەگەر بە شێوەیەکی دروست هەڵنەگیرێت.
• هەندێ جۆری ئەو ڤایرۆسانە لە پلەی گەرمی بەرز چاڵاکترن و کاریگەرترن
نیشانەکانی چین ؟
• ڕشانەوە
• سک چوون (پیساییەکە زۆر شل دەبێتەوەو نەخۆش زۆرجار وەکو ئاو پێناسەی دەکا)
• تایەکی نزم یان مام ناوەند
• بێتاقەتیەکی زۆر
• پێچ کردنی سک و سک ئێشە
چارەسەر چییە؟
پێویستە پزیشک نەخۆشەکە ببینێت بۆ دیاریکردنی هۆکارەکەی.
• گرینگترین شت بریتیە لە ڕێگریکردن لە وشک بوونەوە ، ئەو ئاوەی لە سک چوون و ڕشانەوە دەچێتە دەرەوە لە لاشە پێویستە قەرەبوو بکرێتەوە (چ لە ڕێگەی دەمەوە ئەگەر ڕشانەوەکەی کەم بوو ، چ لە ڕێگەی دانانی موغەزی)
• دەکرێ پاڕاسیتامۆڵ بەکاربێت (چ لە شێوەی دەرزی یان موغەزی) بۆ کەم کردنەوەی تا و ئازار
• ڕەنگە پێویست بە بەکارهێنانی چەند چارەسەرێکی تریش بکا بۆ ڕاگرتنی ڕشانەوەو کەمکردنەوەی ئازاری سک کە لە لایەن پزیشکەوە دیاریدەکرێت.
تێبینیەکی گرنگ دەربارەی بەکارھێنانی حەپی فلاجیل بۆئەم پەتایە !!
• فلاجیل (میتڕۆنایدازۆڵ) دەرمانی چارەسەری سکچوون نیە ، تەنانەت یەکێک لە کاریگەرە نەخوازراوەکانی (Side Effects) فلاجیل بریتیە لە سکچوون نەک خۆی ببێتە هۆی ڕاگرتنی سکچوون ، بۆیە بەهیچ شێوەیەک بەکاری مەهێنە بۆ چارەسەری سکچوون لەو پەتایە ، چون نەک هەر هیچ سوودێکی نیە ، بگرە زیانیشی هەیە بۆ نەخۆشەکە . چەند حالەتێکی کەم هەیە کە فلاجیل بەکاردێت بۆ نەخۆش وەکو چارەسەرێک بۆ سکچوون کە هۆکارەکەی بەکتریا یان پڕۆتۆزوا بێت ، ئەویش لە لایەن پزیشکەوە دیاری دەکرێ ،نەک لەلایەن خۆتەوە دەرمان بەکاربھێنی.
* تکایە لەخۆتانەوە ھیچ عیلاجێک بەکار مەھێنن.
«بەھیوای لەش ساغی و سەلامەتی بۆھەموولایەک »