ئیدریس نوری
جەنگ: ئەو حاڵەتەیە کەدەکرێت لەخوودی مرۆڤێک بۆ خۆی بەجەنگ بێت، یان لەنێوان دووکەس، یان دووگرووپ، یان دوو دەوڵەت و زیاتر ...هتد.ڕوودەدات،بە ئامانجی زیان گەیاندن بەبەرامبەر و سەرکەوتن وهێنانەدی بەرژەوەندی خودی یان هابەش، کە سەرئەنجام دۆخێکی نەخوازراوو دەهێنێتەکایەوە، بەشێوەیەکی نەرێنی کاردەکاتە سەر ڕەهەندە جیاوازەکانی ژیان، ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەخۆ، لێکەوتەکانی ئەم جەنگەش هاوسەنگی ئەم لایەنانەتێک دەدات لەوانە شێوازی ململانێ، یان ئاڵوو گۆڕ، یان هاوکاری، لەڕوانگەی کۆمەڵایەتی و دەروونی وجەستەی ئابووری و سیاسی مەعریفی وهەندێ جار دیمۆگرافی، زۆر لایەنی تر...هتد.
وا لەتاک و کۆمەڵگا دەکات، ڕووبەڕووی چەندین تەنگ و چەڵەمە ببنەوە، بەگشتی بنەماڵەی ئەو کەسانەی کە لە جەنگدا بریندار دەبن، یان دەکوژرێن، ڕەنگە نەتوانن هەتا دوای جەنگ لەگەڵ ئەم ڕووداوانەداخۆیان بگونجێنن، ئەوکێشە تاڵانە ئەزموون بکەن.
جەنگ؛ فاکتەرێکی کاریگەرە، لە نائارامییە دەروونییەکانی خەڵک؛ بۆیە بەگشتی جەنگ کاریگەری و دەرەنجامی دەروونی زۆری لەسەر کۆمەڵگا هەیە، کە زیاتر بەفراوانی ئاماژەی پێدەکەین.
چەمکی تاڵاوی جەنگ!
جەنگ ململانێیەکی چەکداری، یان ئابووری، یان ئایدۆلۆژی،یان فکری درێژخایەن، یان کورتخایەنە، تەنها چەکدار و بەکارهێنانی کەرەستەی سەربازی ناگرێتەوە، بگرە لەڕووی دەروونییەوە دەتوانێت ئامانجی گەورەتر بپێکێت، لەپارسەنگ نەبوونی دووجەمسەردا، دەکرێت جەنگ بەهۆی دەستکەوتنی بەرژەوەندی و زاڵ بوونی دەسەڵاتی ئاشکرا وپاوەنخوازی، یان تەنانەت شێواندنی بیروبۆچوونەکان و بێهێزکردن و پاڵنەرەکانی کەم کردنەوەی دەسەڵاتی پارتەکەی تر بێت.
بە گشتی دەرئەنجامەکانی جەنگ بریتییە: لە لەدەستدانی خوودی مرۆڤ و خزم و ماڵ و موڵک و سامان، یان هەموو لایەنە مادی مەعنەوییەکان.
ئاسەواری وابەستە بە مرۆڤ وەک: ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسی و گرتنی دیل و کۆچ بەرەو تاراوگە چەندین شتی تر.
کاریگەرییە دەروونییەکانی جەنگ چین؟
ئەنجامی جەنگ، هۆکارێکە بۆئەوەی کە کەسەکە لە ڕووی دەروونییەوە تووشی نەخۆشییەکانی وەک خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، و پەستان و سترێس (PTSD) ببێتەوە، لەم حاڵەتەدا، دەتوانیت جۆرەها نەخۆشی دەروونی بخەینە ڕوو:
۱. خەمۆکی:
خەمۆکی بەو شێوەیەیە کە مرۆڤ هەست بە بێ بەها و تاوان و بێ هیوایی دەکات، لەوانەیە بە شێوەی زیادەڕۆیی یان بێ ئارامی تووشی نەخۆشی لەناکاو یان لەسەرخۆ وەک: تێکچوونی خەو و خواردنببێتەوە. کەسی خەمبار هەست بە خەمێکی زۆر دەکات و لە پرۆسەی جەنگدا لە دەستدانی خۆشەویستان و سامان و دوورکەوتنەوە لە ماڵ و خزمانی سەرهەڵدەدات. ئەوانەی لە ناوچەکانی نیشتەجێبوونیاندا شەڕیان کرد و نەیاندەتوانی ڕێگە لە هەڵگیرسانی جەنگ بگرن و کاریگەرییەکانی خۆیان هەستیان بە تاوان کرد و ژیانێکی سەختیان بەسەر برد.
۲. دڵەڕاوکێ
دڵەڕاوکێ ترس بەگشتی دوای جەنگ ڕێژەی دڵەڕاوکێ لە کۆمەڵگەدا زیاد دەکات و ژمارەی خەڵکی نیگەران لە زیادبووندادەبن، ئەو کەسانەی کە تووشی دڵەڕاوکێ دەبنەوە لەوانەیە ئەو هەستە جیاوازانە ئەزموون بکەن و ڕووبەڕووی چەندین بەرەنگاری ببنەوە. زۆربەی ئەو کەسانەی کە شەڕیان ئەزموون کردووە، بەردەوام نیگەرانن لەوەی دووبارە ببێتەوە. ئەم دڵەڕاوکێیە لەوانەیە ژیانی ڕۆژانەیان تێکبدات تەنانەت بەبێ بنچینە و درێژخایەن کارلەسەر لایەنەکانی ژیانیان بکات.
۳. پەشێوی یان سترێس(PTSD)
باوترین و مەترسیدارترین نەخۆشیی کە لەدوای جەنگەوە ڕوودەدات، نەخۆشی یان حاڵەتی سترێس کە لە ئەنجامی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی کێشەیەکی وەک:جەنگ دەردەکەوێت. بێگوومان کاتێک باسی جەنگ دەکرێت ئەوەی پێشتر بەهۆی جەنگەوە ئازاری چەشتبێت وەک کوولانەوەی برین دووبارە برینەکەی دەکولێتەوە، هەربۆیە لێکەوتی جەنگ بەو جۆرە دەبێتە هۆی سترێس و فشاری دەروونی کەسەکان، لەئەنجام دا کەسەکە هەست بەگۆشەگیری و سترێس دەکات.
کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر چینە جیاوازەکان لە کۆمەڵگادا
۱.کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر منداڵان:
منداڵ بەو پێیەی ئەزموونی تاڵی جەنگی نەچەشتووە، بیرو ئەندێشەی بەتەواوی پێنەگەیشتووە، زۆر ئەستەمە منداڵ بەرگەی کارەسات و ئارام و ئۆقرەبگرێت، لەسەر ئەنجامی شەڕ، هەربۆیە هەرزوو منداڵ دەروونی تێک دەشکێت، بەهاوارو گریان و ناڵەی کەسەکان، منداڵ پەلکێشی تۆقین و دڵەڕاوکێ دەبێت، بەوە ناوەسێت تا کۆتا تەمەنی لەناو مێشکی دا نەخشەی دەکێشێت، دوورنییە ئەگەر لەمنداڵییدا هیچ کێشەی بۆ درووست نەبێت، لەپێگەیشتنی تەمەنی بەشێوازێکی نەرێنی ئەزموونی ژیان بکات، هەربۆیە زۆر گرنگە بۆئێمەی دایک باوک لەکاتی شەردا تادەکرێت منداڵ دووربخرێتەوە، هەوڵی دڵنەوایی و دڵدانەوەی بۆبکەین، بەڕەچاوککردنی تەمەنیان.
٢.کاریگەریەکانی جەنگ لەسەر پێگەیشتووان:
هەروەها پێگەیشتووەکان لە کاتی جەنگدا وەک منداڵ دەناڵێنن و ڕووداوی تاڵ دەچێژن. هۆکارەکانی وەک حەزنەکردن لە چالاکیەکانی ژیان، پەشێوی فشاری دوای شۆک بوون، هەستکردن بە نامۆیی بەرامبەر ئەوانی تر، کەمئەندامی،کێشەی یادگە، بێزاریی خەوتن، هەستیاریی بۆ دەنگ، بێزاریی لەژیان، سەرئێشە، کەمبوونەوەی کارامەی، ،دڵەڕاوکێ، خەمۆکی، پەست بوون و ڕق لێبوون، نەمانی چێژ بۆ ژیان.
٣. کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر ژنان:
ئەگەرچی زۆرێک لەکووژراوەکانی جەنگ ڕەگەزی نێرینەیە، بەڵام ئەمە ئەوەناگەیەنێت ژنان بێبەشن لەناخۆشیەکانی ساتی جەنگ دوایی جەنگ، بەشێکی زۆری ژنان مێردەکانیان لەجەنگ دەکوژرێن، یان کەم ئەندام دەبن، بەو پێیە ژنان قورساییەکی ئابووری و فیزیکی و دەروونی ئەزموون دەکەن، سەرەڕای ئەوەی کەژن لەڕووی دەروونییەوە زووتر هەست بەئازار دەکات بەبەراورد بەپیاوان بەگشتی.
٤. کاریگەری جەنگ لەسەر پیاوان:
پیاوان ئەرکێکی قورس و گرانیان دەکەوێتەسەرشان لەکاتی جەنگ و لەدوایی جەنگیش، خەمی دووری و لێکدابڕان، دڵەڕاوکێی مان و نەمان و نەگەڕانەوە، خەیاڵی ئاییندەی کەس و کار، لێڵی سەرکەوتن و شکست و برسی بوون و زەحمەتی بەرپەرچدانەوەی بەرامبەر..
لەکۆتاییدا
زۆر گرنگە بۆئێمەی مرۆڤ بەهۆشیارییەوە، مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان بکەین، ئەنجامی شەڕ ماڵ وێرانی و نەهامەتی و ڕووخانی ناخی مرۆڤی بەدواوەیە، باچیتر لەبەر لایک و کۆمێنت، لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵاییەتییەکانەوە، تاکی کورد هێندەی تر، نەترسێنین، کورد بەدرێژایی مێژوو، کەمی بەسەرنەهاتووە،کەم نین لەو جەنگ و نەهامەتیانەی بەرۆکی ئێمەی گرتووە، هەربۆیە پێویستە لەسەر ئێمەش ڕۆنەچینە نێو بابەتی باسکردنی جەنگ، خەریکی ژیان خۆتبە، خۆت مەڕووخێنە، خۆت تەسلیم بەهەواڵێک مەکە، کەدوورنییە سبەی پێچەوانەی ئەو هەواڵە نەبێت، گەشبین بە.
با ئاگامان لەپەروەردەیی منداڵەکانمان بێت، ئەوان نەسپێرین بەڕەشبینی و ترس و دڵەڕاوکێ و تۆ قاندن.
پێغەمبەری ئازیز(ص)فەرموویەتی: ئەگەر ووتیان قیامەتە، تۆ نەمامێک بنێژە....