دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 29/12/2021

خۆر...

نوسینی: لوقمان حەوێز

دڵنیابە ئەگەر بتەوێت وەکو خۆر بدرەوشێیتەوە دەبێت وەکو خۆریش بسوتێیت، نزیکەی 4.6 ملیار ساڵە خۆر دەدرەوشێتەوە تیشک و وزەکەی پەرش دەکاتەوە و بە چواردەوری خۆیدا بڵاوی دەکاتەوە... خۆر چیە..؟ چۆن دروستبووە..؟ ئایا خۆر‌ ئاگرە..؟ چیڕۆکی دروستبوونی خۆرەکەمان کە هەزارەها ملیۆن ساڵە دەسوتێت و دەدرەوشێتەو لە چەند دێرێکی کورتدا... خۆر، ئەو ئەستێرەیەیە کە پتر لە 4.6 ملیار ساڵە دروستبووە و دەدرەوشێتەوە و کەوتۆتە چەقی کۆمەڵەی خۆر کە گۆی زەوی یەکێکە لە هەسارەکانی،

تیرەی خۆر نزیکەی 1,390,000 کیلۆمەترە، ئەمەش واتە یەک ملیۆن و سێ سەد و نەوەت هەزار کیلۆمەتر، واتە تیرەکەی 109 ئەوەندەی تیرەی گۆی زەویە، بارستەکەشی پترە لە 330 هەزار ئەوەندەی بارستەی گۆی زەوی، تێکڕای دووریەکەشی لە زەوی نزیکەی 149 ملیۆن کیلۆمەترە، تیشکیش بە نزیکەی 8 خولەک لە خۆر دەگاتە سەر گۆی زەوی...

خۆر ئەستێرەیە وەکو هەموو ئەستێرەکانی تر، بەڵام نزیکترین ئەستێرەیە لەئێمە، لەبەر نزیکی ئاوا پڕشنگدار و درەوشاوە دەردەکەوێت بۆ ئێمە، خۆر لەو جۆرە ئەستێرەیە کە بە جۆری G ناسراوە، بەوردیش شەبەنگی تیشکەکانی لەجۆری G2V پۆلین دەکرێت...

کۆمەڵەی خۆر بەر لە نزیکەی 4600 ملیۆن ساڵ واتە 4.6 ملیارساڵ لە چڕبوونەوەی بەشێکی بچوک لە تەمە گازی هایدرۆجینی ئۆرایۆن دروستبووە کە زۆر گەورەیە و دەکەوێتە ناو باڵێکی گەلەئەستێرەی ڕێی کاکێشان و بەردەوام ئەستێرەی نوێ تیایدا دروست دەبێت،

دوای ئەوەی پلەی گەرمی لە چەقی خۆر گەیشتە نزیکەی 10 ملیۆن پلەی کێڵڤن کرداری لێکدانی ناووکی دەستی پێکرد Nuclear.Fusion کە بریتیە لە لێکدانی چوار گەردیلەی هایدرۆجین بۆ پێکهێنانی یەک گەردیلەی هیلیۆم و جیاوازی بارستەکەش دەبێتە ووزە لە شێوەی گەرمی و تیشكی درەوشاوە، تا ئێستا 73% ی هایرۆجینی خۆر ماوە و 27% ی بووە بە هیلیۆم...

ئەو بەشە لە تەمە گازە هایدرۆجینیەکەی خۆر و کۆمەڵەی خۆری لێ دروست بووە تیرەکەی نزیکەی 3 ساڵی تیشکی بووە، زۆربەی گازە هایدرۆجینەکە لە چەقەکەی چڕبۆوە و خۆر لێی دروست بوو کە بە ئەستێرەیەکی قەزەمی زەرد پۆلین دەکرێت و تێکڕای تەمەنی لە کۆتاییدا دەگاتە کەمێک پتر لە 10 هەزار ملیۆن ساڵ، واتە نزیکەی 5 هەزار ملیۆن ساڵی تر دەمێنێت و دوای ئەوە ئەو کاتەی کە هەموو گازە هایدرۆجینەکەی تەواو دەبێت و دەبێتە هیلیۆم و چیتر ووزە نابەخشێت،

هەندێک پێش ئەو کاتە دەکشێت و دەبێتە زەبەلاحێکی سور‌ بۆ ماوەی دەیەها ملیۆن ساڵ دوایی دەتەقێتەوە، پێش ئەوەی بتەقێتەوە بەهۆی ئەو کشانە خۆر ئەوەندە گەورە دەبێت تاڕادەیەک گۆی زەوی و هەسارەی زوهرە و عوتارد دەکەونە ناوی، لەگەڵ تەقینەوەکەش تەمەن و درەوشانەوەی خۆر تەواو دەبێت،

لەبەر ئەوەی خۆر‌ بارستەکەی هێندە زۆر‌نیە بەشێوەی سوپەرنۆڤا بتەقێتەوە، بۆیە ڕووداوی تەقینەوەی خۆر زۆر هێمنتر و لەسەرخۆتر دەبێت لە تەقینەوەکانی سوپەرنۆڤا...

دوای تەقینەوەکەش ناوکی خۆر زۆر بچوک دەبێتەوە تا رادەیەک کە تیرەی ئەوەی لێی دەمێنێتەوە لە گۆی زەوی ئێستا بچوکتر دەبێت و دەبێتە قەزەمێکی سپی، بۆ ملیارەها ساڵ بڕێکی زۆر کەم درەوشانەوەی دەبێت بەڵام ووزەیەکی ئەوتۆی لێوە دەرناچێت،

ئەو ساکەش هەموو هەسارەکانی کۆمەڵەی خۆر بە پاشماوەی هەسارەی زەویشەوە لە تاریکیەکی تەواو و بێدەنگیدا نقوم دەبن و هەموو جۆرە ژیانێک ئەگەر تا ئەو کاتە مابێت لە کۆمەڵەی خۆر کۆتایی پێدێت...

خۆر ئاگر نیە، چۆن..؟

ئەستێرەکان بەخۆریشەوە ئاگر نین بەو مانایەی ئێمە هەمانە بۆئاگر لەسەر زەوی، لەسەر زەوی ئاگر دروست دەبێت کاتێک ماددە هایدرۆکاربۆنیەکان وەکو دار ونەوت بۆ نمونە کار لەگەڵ ئۆکسجین دەکەن بەهۆی بڵێسەیەک و دەسوتێن، یان هەندێک گاز وەک هایدرۆجین لەگەڵ ئۆکسجین کارلێک دەکات و دەسوتێت، بەڵام ئەستێرەکان لە چڕبوونەوەی تەمی گازی هایدرۆجینی و تەمی پاشماوەی ئەستێرە تەقیوەکان پێک دێن، کاتێک ئەو تەمانە زۆر چڕ دەبنەوە وردە وردە گەرمتر دەبن بەپێی یاسای یەکەمی ثەرمۆداینەمیک و لە ئەنجامدا زۆربەی تەم و گازەکە لە چەق و سەنتەرەکەی تۆپەڵ دەبێت،

بۆیە تەمە گازیەکە کە زۆربەی لە هایدرۆجین پێکدێت بەهۆی زۆر بچوک بوونەوەی قەبارەکەی دەبێتە هایدرۆجینی شلی زۆر زۆر گەرم و درەوشاوە، کاتێک پلەی گەرمیش لە چەقی ئەو تۆپەڵە گازە کە ئەستێرەکە پێک دەهێنێت دەگاتە نزیکەی دە ملیۆن کێلڤن ئەوا لە چەقەکەی کرداری لێکدانی ناوکی دەست پێدەکات ئەویش بەلێکدانی چوار گەردیلەی هایدرۆجین و پێکهێنانی یەک گەردیلەی هیلیۆم و لەم کردارە بڕێکی زۆر لە وزە دروست دەبێت کە بەشێوەی تیشک و گەرمی بەرەو ڕووی ئەستێرەکە پەرش دەبێتەوە و ئەوەندەی تر وا دەکات ئەستێرەکە گەرمتر بێت و دەدرەوشێتەوە، ئەم کردارەش هەر بەردەوام دەبێت تا کۆتایی تەمەنی ئەستێرەکە بۆ نمونە خۆر تێکڕای تەمەنی لەکۆتاییدا دەبێتە پتر لە دە ملیار ساڵ،

کەواتە ئەستێرەکان ئاگر‌نین بەو مانایەی ئێمە هەمانە بۆ ئاگر بەڵکو سەرچاوەی درەوشانەوە و گەرمیەکەی سەرەتا هی چڕبوونەوەی گازی هایدرۆجینە دواتر بەردەوامیدان بەو گەرمی و درەوشانەوەیە لەڕێگەی کرداری لێکدانی ناوکی...  



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP