دواین هەواڵ

عێراق‌

 19/10/2021

فەیاز داوا دەکات دەنگی کاندیدەکانی بەدەست بژمێرێتەوە

هەرێم نیوز
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق بە فەرمی داوای لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد بە دەست دەنگەکانی ئەو وێستگانەی دەنگدان بژمێرێت کە دەنگی کاندیدانی هاوپەیمانییەکەیانی تێدایە، ئەوەش دوای ئەوەی هاوپەیمانیی فەتح، کە باڵی سیاسی گرووپەکانی حەشدی شەعبییە گومانی خستووەتەسەر راستی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و دەڵێت ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە "ساختەکراون".

فالح فەیاز، کە هاوکات سەرۆکی هاوپەیمانیی عەقدی نیشتمانییە و لە هەڵبژاردنی پێشوەختی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق کە لە 10ی ئەم مانگەدا ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو هاوپەیمانییەکەی پێنج کورسی بردەوە، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە داوا لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات: "رەزامەندی بدات بۆ بە دەست ژماردنی دەنگەکانی ئەو وێستگانەی، کە دەنگی کاندیدانی هاوپەیمانیی عەقدی نیشتمانییانی تێدایە؛ بۆ دڵنیابوون لە راستی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن".

هەر لە نووسراوەکەی هاوپەیمانیی عەقدی نیشتمانیدا هاتووە: "پێویستە کۆمیسیۆن بەرپرسیارێتی یاسایی و رەوشتیی لە ئەستۆ بگرێت بەوەی لێکەوتە نەرێنییەکانی مانەوەی گومان و بێمتمانەیی بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 2021 بڕەوێنێتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە لە دوو رۆژی رابردوودا لە بەغدا و بەسرە لە باشووری عێراق لایەنگرانی گرووپەکانی حەشدی شەعبی خۆپێشاندانیان کرد و ناڕەزایەتییان لە دژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەربڕی و بە ساختەکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن تۆمەتباریان کرد.

هاوکات یەکینەکانی حیزبوڵڵای عێراق و (بەرەی موقاوەمە) واتا بەرەی بەرگریی کە دیارترین گرووپەکانی حەشدی شەعبی تێیدا ئەندامن؛ لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا کۆمیسیۆن و چەند لایەنێکی نێوخۆیی و چەند وڵاتێک بە ساختەکردنی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق تۆمەتبار دەکەن.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکان کە کۆمیسیۆن رایگەیاندوون و هێشتا قابیلی تانەلێدانن، چونکە دادگای فیدراڵیی عێراق هێشتا پەسەندی نەکردوون، رەوتی سەدر گەورەترین براوەی هەڵبژاردنە و 72 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، هاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی 37 کورسی ، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 33 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام هاوپەیمانی فەتح کە لە خولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسی هەبوو لەم هەڵبژاردنە تەنیا 15 کورسی بەدەستهێناوە، هاوکات سەربەخۆکان 35 کورسییان لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان بردووەتەوە.

بەڵام بە پێچەوانەی نووری مالیکی و هاوپەیمانەکانی؛ موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدری شیعە کە رکابەری سەرسەختی مالیکییە پێداگیریی دەکات و دەڵێ ئەو هەڵبژاردنەی پەرلەمان کە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو بێگەردترین هەڵبژاردنە لە عێراق لەوەتەی ساڵی 2003 وە؛ بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بە ئەنجامەکەی رازی بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP