دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 14/08/2021

کاتێك منداڵەکان لەقوتابخانە دەگەڕانەوە

 دكتۆر : ئەحمەد خالید تۆفیق
 و: فەرمان بەکر  

خێرا بەرەو لای چەپ بۆ چێشتخانەکە ئەچوون بەدوای دایکیان دەگەڕان . بەرەولای ڕاست نەدەهاتن بۆ من بگەڕێن، هەرچەندە ژوورەکەی من چەند هەنگاوێك لەچێێشتخانەکەوە دوورە.

زۆر گوێم بەوە نەدەدا،هەندێجار گوێم لێبوو دایکیان پێی دەگوتن: «سڵاوتان کرد لەباوکتان؟...بڕۆن سڵاوی لێبکەن».. لەنێوان داواکەی دایکیان و جێبەجێکردنیدا چارەکێکی دەخایاند.

قەرەباڵغییەکی زۆر لەچێشتخانەکە دروست دەبوو ،زۆر درەنگ دەگەشتنە لای من. ئەوانیش یەکە بەیەکە ئەهاتن و بەساردیەکەوە سڵاوێکیان دەکرد !! هەفتەی ڕابردوو، کاتێك کوڕە گەورەکەم هاتەوە،بەڕێکەوت لە کتێبخانەکەم هاتمەدەرەوە بینیم لە چێشتخانە وەستاوە، دیاربوو شتێکی گرنگی پێبوو بۆ دایکی.

کاتێك منی بینی چووە دواوە شتەکەی لەمن شاردەوە،منیش وام نیشاندا هیچم نەدیوە بەردەوام بووم لەڕۆشتن..

کاتێك گەڕامەوە بینیم شتەکە لەدەمیدایە « پارچەیەك چوکولاتە»ی گرانبەها بوو، کوڕەکەم کە منی بینی شەرمی کرد،نەیزانی چۆن هەڵوێستەکەی ڕاست بکاتەوە!!

پاش چەند چرکەیەك ویستی لەگیرفانی پانتۆڵەکەی پارچەیەك شیرینی دەربکات (شیرینیەکی ئاسایی شەکراوی) لکابوو بە گیرفانیەوە و دەریکرد، هەندێ پارچە کلینێکسی پێوەبوو،ویستی بەدیاری بیداتە من ،منیش سوپاسم کرد !! من زۆر لەسەر ئەوە ناوەستم « ئەو جیاکارییە ڕەگەزپەرستیە »، ڕاستە ئەو پارچە چوکولاتەکەی پێشکەشی دایکی کرد بەتامتر بوو، بەڵام من هیچ کات لەوە بێزار نابم مەیلیان بۆ ئەو زیاترە،

منیش بەمنداڵی وەك ئەوان وابووم !! سەرەڕای سەختی باوك ،هیلاکی باوك، سەفەری باوك،میهرەبانی باوك، بەڵام منداڵان خۆیان بەقەرزاری دایکیان ئەزانن، ئەوە سروشتێکی بۆماوەییە ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت !!

ئەوەی سەیرە منداڵان خۆشەویستی خۆیان بەقوڵی بۆ باوکیان دەرنابڕن تا درەنگ نەکات،یان دوای مردن ، یان دوای نەخۆشی و نەمانی ئارەزووی ژیان ..!!

ئێستا کاتێك لەبریاردان دائەمێنم،یان ژیان تەنگم پێ هەڵئەچنێت ، بۆ یەکلاکردنەوەی شتەکان،هەناسەیەك هەڵدەکێشم و دەڵێم : « بابە تۆ لەکوێی » . تەنیا ئەوکاتەی باوکت دەمرێت.. دەست لەگلەییکردنی هەڵدەگریت،لێی دەبووریت، تێدەگەی ئەوەی لەتونایدا بوو بەزیادەوە بۆی کردووی..

تێدەگەی ئەویش مرۆڤێکی ئاساییە هەمان هێزو توانای ‌مرۆڤەکانی تری هەیە. تێدەگەی ئەو پیاوەی داوای زۆرت لێدەکرد ئەویش مرۆڤێکی سادەی ئاسایی بوو ..دەتوانرا تێكبشکێنرێ، ئەوەتا مردن زەفەری پێ برد..

تەنیا کاتێك دەمرێ ، ئاواتەخوازیت پێشتر ئاشنا بوویتایە بەو ڕاستیانە... بریا لەجێی ئەو هەموو گلەیی و توڕەبوونە ،کەمێك خۆشەویستی و تێگەشتنت پێدەبەخشی..

هەر لێرەوە دڵتەنگی دەست پێدەکات... ژیان بەبێ باوك وەك ئەوەوایە بەدرێژایی ژیانت لەناوەڕاستی ژوورێكی تاریك ڕاوەستابیت و ڕێگەت نەدەن پاڵ بەهیچەوە بدەیتەوە

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP