دواین هەواڵ

عێراق‌

 29/07/2021

کازمی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا بەسەرکەوتن ناودەبات

هەرێم نیوز
سەرۆکوەزیرانی عێراق واشنتنی بەرەو بەغدا بەجێهێشت و سەردانەکەی بۆ واشنتن بە ''سەرکەوتوو'' ناودەبات و دەڵێت، لەگەڵ ئەمریکا لە بواری ئابووری و سیاسی و رۆشنبیری لێکتێگەیشتنمان هەبووە.


مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند "واشنتنمان بەرەو بەغدای خۆشەویست بەجێهێشت، پاش سەردانێکی سەرکەوتوو و لێکتێگەیشتن لە بواری ئابووری و سیاسی و رۆشنبیری."

سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها دەڵێت، رێککەوتن کراوە بۆ گۆڕینی پەیوەندی ئەمنی بۆ راهێنان و راوێژی ئەمریکا لە بواری سەربازییدا، بێ بوونی هێزی شەڕکەر لە کۆتایی ساڵدا.

لە بەشێکی دیکە توویتەکەیدا کازمی ئاماژە بەوە دەدات "هەوڵی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی کۆمەڵایەتیی و سیاسی دەدەین لە پێناو بەرژەوەندی گەلەکەمان، ئەویش بە پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و بەردەوامی هاوکاری و گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا."

کازمی دوو رۆژ لەمەوبەر لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە و دواتر رایگەیاند "رێککەوتن کراوە کۆتایی ساڵ هێزی شەڕکەری ئەمریکا لە عێراق نەمێنێت."

ماوەی چەند رۆژێک بوو شاندێکی عێراقی بە مەبەستی گفتوگۆ لەبارەی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق و چەند تەوەرێکی دیکە بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەمریکابوون.

رۆژی دووشەممە 26-07-2021 گەڕی چوارەمی دانوستاندنی ستراتیژیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو، لە راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکە هاتووە، هەردوو وڵات و توێژەکانیان لە رێگەی لیژنەی هاوئاهەنگی پەیوەست بە رێكکەوتننامەی ستراتیژی درێژەپێدەدەن، هەروەها تێیدا هاتووە کە ئەمریکا رێزگرتنی بۆ سەروەریی عێراق و یاساکانی عێراق دووپاتکردووەتەوە و بەڵێنی بە دابینکردنی ئەو یارمەتیانە داوە کە عێراق پێویستی پێیانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP