دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 28/04/2021

تۆ چی دەکەیت کاتێك نەخۆش دەکەویت؟

 د. سەڵاح عەبدولواحید:- پسپۆڕی قوڕگ، لووت و گوێ

1- زانیاری دروست وەربگرە! کاتێك نەخۆش دەکەویت هەوڵبدە پێشتر زانیاری تەندروستیت هەبێت لەسەر نەخۆشییەکەت و گرنگی دان بە تەندروستیت. زانیاری لە سەرچاوەی راست وەربگرە، لە هەموو پەیجێکی پزیشکیی فەیسبووك زانیاری وەرمەگرە. رەنگە ئەوەی زانیارییەکەی نووسیبێت، زانیارییەکەی زۆر لەخۆت زیاتر نەبێت!

2- دکتۆری خۆت مەبە! بەپێچەوانەی رای هەمووان، کاتێك نەخۆش دەکەویت، پزیشكی خۆت مەبە، دەبێت سەردانی پزیشك بکەیت، بۆ ئەوەی پزیشك نەخۆشییەکەت دەستنیشان بکات و چارەسەری پێویستت بۆ بکات، تەنیا جگە لە هەندێك نەخۆشییە سووکەکانی وەکو هەڵامەت و سەرئێشەیەکی سادە کە دەتوانیت دەرمان لەلای دەرمانخانەیەک بکڕیت و بەکاریبهێنیت.

3- دەرمانی کەس بەکارمەهێنە! زۆربەی هاونیشتمانییان کە نەخۆش دەکەون، بێ گوێدانە ئەوەی نەخۆشییەکەی سەختە یان نا، ئەوا دەچێت دەرمانی خزم، هاوڕێ یان هاوسێیەکیان دەخوات، کە ئەمەش کارێكی تەواو نادروستە، رەنگە نەخۆشییەکەی ئەو نیشانەکانی لە نەخۆشییەکەی تۆ نزیکبن، بەڵام هۆکارەکەیان تەواو جیاوازبن.

4- تەنیا بە لابردنی نیشانەکانیان نییە چارەسەری منداڵی ساوا، بەساڵاچووان و تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان تەنیا بە لابردنی نیشانەکانیان نییە، ئەگەر منداڵێك تای هەبوو، مەرج نییە تەنیا تایەکی ئاسان بێت، ئەگەر بەتەمەنێك کۆکەیەکی درێژخایەنی هەبوو، نابێت وەک کۆکەی منداڵێک سەیر بکرێت، چونکە ئەگەر لە منداڵێكدا هۆکاری کۆکە سەرمابوون یان هەوکردنێكی سنگ بێت، رەنگە هی بەساڵاچووەکە شێرپەنجە بێت.

5- پزیشكێكی باش دیاریبکە! زۆرێك لە خەڵکی تەنیا بە قسەی هاوڕێ و بە دەنگۆی خەڵکی سەردانی پزیشك دەکەن، ئەمەش نادروستە، سەرەتا دەبێت پسپۆڕییەکەی گونجاو بێت، پاشان دەبێت بڕوانامەکی جێگەی بڕوابێت. هەروەها باشترە سەردانی دکتۆرێك بکەی کە گوێت بۆ بگرێت و کاتت پێ بدات، نەک تەنیا سەردانی دکتۆرێك بکەی کە قەرەباڵخ بێت و کاتی نەبێت گوێت بۆ بگرێت، چونکە قەرەباڵخی مانای باشی پزیشكەکە ناگەیێنێت.

6- یەکسەر مەڕۆ بۆ تورکیا و ئێران! ئەگەر نەخۆشیەکی زۆر قووڕست هەبوو و پێویستیت بە نەشتەرگەریەکی گەورە هەبوو، سەردانی زیاتر لە دکتۆرێك بکە پێش ئەوەی هیچ چارەسەرێك وەربگریت. یەکسەر مەڕۆ بۆ تورکیا و ئێران!

7- واپیشان مەدە لە دکتۆرەکەت زیاتر دەزانیت! لەسەر نەخۆشیەكەت زانیاری وەربگرە لە ئینتەرنێت و پزیشكانی هاوڕیت، بەڵام کە سەردانی پزیشكێك دەکەی، هەرگیز مەڵێ بەڵام ئەو پزیشكەش ئاوای گووت، یان وا پیشانمەدە کە لە ئەو باشتر دەزانیت، وە هیچ کات مەڵێ لە ئینتەرنێت ئاوا نووسراوە، چونکە زۆربەی بابەتەکانی ئینتەرنێت بۆ پزیشك نەنووسراون و بە زمانێكی سادە بۆ نەخۆش دیاریکراون.

٨- پرسیارەکانت ئامادەبکە! پێش ئەوەی سەردانی پزیشك بکەی و بڕۆیتە کلینیکی پزیشك، هەندێك پرسیار ئامادەبکە، هەمیش بزانە کە ئەو گرفتەت چییە کە بەهۆیەوە بە دیاریکراوی سەردانی پزیشكەکە دەکەی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP