دواین هەواڵ

کوردستان‌

 22/04/2021

وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ستایشی په‌یامێكی بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ ده‌كات

هەرێم نیوز
وەزارەتی رۆشنبیری لە راگەیەندراوێک لە یادی 123 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردیدا، ستایشی پەیامێکی بارەگای بارزانی و کۆسرەت رەسوڵ دەکات کە داوای دورکەوتنەوە لە زمانی زبر لە کاری رۆژنامەوانییدا دەکەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی رۆشنبیری: ''گشت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان (ئەوانەی لە دەسەڵاتن و ئەوانەش كە ئۆپۆزسیۆنن) بەهەمان شێوە فەرمان بە دەزگا میدیاییەكانیان بكەن كە دور بكەونەوە لە شێوازی ناشارستانی کاری میدیایی و بە تەواوی ڕەچاوی پێوەرە جیهانی و ناوخۆكانی كاری رۆژنامەنوسی و ڕاگەیاندکاری بكەن''.

لە راگەیەندراوەکە هاتوە: ''وێڕای دەستخۆشی لە بڕیار و پەیامی کاک مەسعود بارزانی و کاک کۆسرەت، داوا لە سەرۆک و سەرکردەکانی لایەنە سیاسییەکان دەکەین لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی، پەیام و بڕیاری خۆیان ئاراستەی میدیاکانیان بکەن،  پەیامێک روەو ئاشتەوایی و یەكڕیزی و پاراستنی بەھا بەرزەکانی کوردەواری بێت''.


دەقی راگەیەندراوەکە:

بۆ بەڕێزان گشت لایەنە سیاسییەکانی كوردستان و

      رۆژنامەنوسان و راگەیاندکارانی ئازیز.

بابەت/  پەیامی میدیایی هاوسەنگ و سەنگین

راگەیەنراوی بارەگای بارزانی كە لە ٢٠٢١/٤/٢٠ دا بڵاوكرایەوە و تایبەت بوو بە پەیامی بەڕێز کاک مەسعود بارزانی بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن و میدیایی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەناوەڕۆكیدا بەڕێزیان فەرمانی بەو دەزگایانە كردووە، خۆیان بە دوور بگرن لە دیاردەی ناپەسەندی بەكارهێنانی زمانی زبر لە ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا. ھەروەھا بەڕێز کاک کۆسرەت سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی وبەرژەوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەیادی ١٢٣ سالەی ڕۆژنامەگەریی کوردیدا، پەیامێکی بڵاوکردەوە، داوا دەکات ڕۆژنامەنووسان پابەندی ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی بن و بابەتیانەو پیشەییانە ئەرکەکانیان جێ بەجێ بکەن و دووربکەونەوە لە زمانی تەشھیر و ھاندانی توندوتیژی.

ئێمە وێڕای دەستخۆشی و سوپاسگوزاریمان، بۆ ئەم دوو هەڵوێستە، بە ھەلی دەزانین لە یادی ١٢٣ ھەمین ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردیدا لەبەر ڕۆشنایی ئەم دوو پەیامە، ئەم پێشنیارانە بۆ ھەموو لایەک بخەینە ڕوو.

یەکەم: گشت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان (ئەوانەی لەدەسەڵاتن و ئەوانەش كە ئۆپۆزسیۆنن) بەهەمان شێوە فەرمان بە دەزگا میدیاییەكانیان بكەن كە دوور بكەونەوە لە شێوازی ناشارستانی کاری میدیایی و بە تەواوی ڕەچاوی پێوەرە جیهانی و ناوخۆكانی كاری رۆژنامەنووسی و ڕاگەیاندکاری بكەن، بە تایبەتیش ڕەچاوی یاسا و ڕێنماییە بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بكەن.

دووەم: وا باشترە گشت حزب و لایەنە سیاسیەكان خەڵك و جەماوەری خۆیان بە ئاقاری پاراستنی یەكڕیزی نیشتمانی و ئاشتەوایی كۆمەڵگای كوردستانەوە هانبدەن و ئاراستەیان بكەن و دووریان بخەنەوە لەهەموو جۆرە دیاردەیەكی توندڕەوی و سڕینەوەی یەكتری و بێ ڕێزیكردن بە نەتەوەو مێژووی كوردستان و سەروەرییەكانی.

سێھەم : کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش پابەندی ئیتیک و موڕاڵی رۆژنامەوانی بن و ڕێز لە ئادابی گشتی و ڕەوشتی بەرزی کوردەواری بگرن و نەبنە ھۆکار بۆ زیاد بوونی توندو تیژی و کێشەی کۆمەڵایەتی.

پێوستە ھەمووان بەتایبەت لایەنە سیاسیەکان دور کەونەوە لە ھاندان و پشتگیری کردنی  ئەو سایت و لاپەڕەو ڕایەڵە ئەلیكترۆنییانەی تۆڕی كۆمەڵایەتی کە خەریکی تەشھیر و سوک کردنی بەھاکانی کۆمەڵگان كە زۆربەیان سێیبەر و ھەڵگری بیرو باوەڕی  لایەنە سیاسیەکانن، بەبێ جیاوازی.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ھەمیشە پشتگیری لە فراوان کردنی پانتایی زیاتری ئازادی ڕادەربرین و کاری راگەیاندن دەکات.

ئێمە جارێکی تر وێڕای دەستخۆشی لە بڕیار و پەیامی کاک مسعود بارزانی و کاک کۆسرەت، داوا لە سەرۆک و سەرکردەکانی لایەنە سیاسییەکان دەکەین لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی، پەیام و بڕیاری خۆیان ئاراستەی میدیاکانیان بکەن،  پەیامێک  روەو ئاشتەوایی و یەكڕیزی و پاراستنی بەھا بەرزەکانی کوردەواری بێت، چونکە بە ڕاست ھەرێمی کوردستان و ھەموو لایەک لەبەردەم مەترسیەکی ڕاستەقینە داین.             

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان
٢٠٢١/٤/٢٢



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP