دواین هەواڵ

کورد لە ئێستادا !

‌دڵشاد ئەنوەر

2 رۆژ پێش ئێستا

مەزڵوم عەبدی هێنرایە هەولێر بۆ لای وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە کاتی هاتوچۆکردنیشیدا هاوپەیمان پاسەوانی دەکەن، تورکیاش لە ئێستادا بەراورد بە ڕابردوو بێدەنگە.

ئەمەریکاو فەرەنسا، کۆمەڵگای نێو دەوڵەتیش هیچ متمانەیەکیان بە حکومەتەکەی شەرع نییە کە تورکیاو قەتەرو هەندێک وڵاتی عەرەبی سەپۆرتی دەکەن. بە پێچەوانەوە ئەوان پێیانوایە گەر دۆخەکەش تێکبچێت، دەتوانن لە کوردستانی سوریاوە کار لەسەر ناوچەکانی تر بکەن.

شەرع نزیکەی شەست راوێژکاری هەیە، هەر لە جل و بەرگەوە تا دەگاتە چۆنییەتی جوڵەو پێشوازی و چۆنیەتی ڕێکردنیش ئەو ڕاوێژکارانە ڕاوێژی پێدەدەن، پارەی ئەو ڕاوێژکارانەش کە ملیۆنەها دۆلارە قەتەرو چەند وڵاتێکی ئەوروپی دەیدەن.

تەنانەت قسە هەیە لەسەر ئەوەش، شەرع پيش ئەوەی دەسەڵات بگرێتە دەست، کێشی جەستەی زۆربووەو لەسەر ڕێنمایی وڵاتان کێشی دابەزێنراوە، وەکو ئامادەکارییەک بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات.

ئێستا سوریا بووەتە جێگەی کێشمەکيشی وڵاتان، کێشمەکێشی نێوان ئەمەریکاو روسیا بە کاڵی، کێشمەکێشی نێوان تورکیاو ئیسرائیل بەقوڵی، کێشمەکێشی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کێشمەکێشی نێوان وڵاتە عەرەبییە بەرژەوەندی جیاوازەکان.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هاتە هەولێر و مەزڵوم عەبدی بینی، هۆکاری هاتنەکەی بۆ هەولێر کۆمەڵێک شتی تێدایە، لەوانە بەرپرسانی پارتی ئێستا ڕۆڵی نێوەنگیر دەگێڕن لە نێوان هەسەدەو تورکیاو شەرع بۆیە کۆبوونەوەکە خراوەتە هەولێر.

هۆکارێکی تری ئەوەیە گوایە فەرەنسا هەوڵی یەکخستنی هەسەدەو ئەنەکەسە دەدات و دەیەوێت لەم قۆناغەدا کورد یەکگرتوو بێت، بەتایبەت ئەوان لە ئایندەی سوریاو چۆنیەتی مامەڵەی شەرع پێش چاویان ڕوون نییە.

لێرەدا دوو ڕای تر دێنە پێشەوە، گوایە تورکیا بۆیە بێدەنگە لە دۆخەکە، رێککەوتنێک هەیە سەرێکانی و عەفرین رادەستی کورد بکرێتەوە، بەڵام کورد لەو ناوچە عەرەبییە سورییانە بکشێتەوە کە کورد کۆنترۆڵی کردوون.

ڕایەکی تریش هەیە وەک جەنەراڵێکی ئەوروپی لای هەندێک دۆست باسیکردووە، گوایە جوڵە ئێستا خێراییەکان ئامادەکارییە بۆ کشانەوەی ئەمەریکاو ڕوودانی شەڕ لە نێوان عەبدی و شەرع، تا گەر شەڕ ڕوویدا داڕمان دروست نەبێت.

گەرچی هەندێ تریش پێیانوایە، گەر ئەمەریکاش بکشێتەوە ، کشانەوەکە جوزئی دەبێت، نەک کشانەوەی یەکجاری.

بۆیە، شەرع ئیسلامییەکی جیهادییە، عەبدیش کوردێکی ناسیۆنالیستییە، لەحیم کردنی پێکەوە کاردنی ئەم دوانە زۆر قورس و ئەستەمە..

جوڵەکان، هاتنی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و بینینی عەبدی لەهەولێر ئاماژەن بۆ ئەوەی ڕووداوی ترمان لە پێشە، ئاماژەن بۆ ئەوەی بارزانیش بەشێکە لە یارییەکان، ئاماژەشن بۆ ئەوەی ئەردۆغان گیرۆدەی دەستی نەیارە ناوخۆییەکانیەتی و لە ئێستادا پێویستی بە کوردە ، هەروەک ئاماژەشن بۆ ئەوەی شت بەڕێگەوەیە..

با چاوەڕێ بین..



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP