دواین هەواڵ

"تۆ نابی بە ھەڵۆ پیاوی بچوک"..دوکەڵی سەر بارەگاکانی پارتی و لێدان لە کۆرمۆر

‌تەنیا کوردی

پێش 2 هەفتە

"تۆ ناتەوێت ببیت بە ھەڵۆ، بۆیە سیسارکەکان دەتخۆن، چونکە لە ھەڵۆکان دەترسیت، سیسارکەکان بوون بە رابەرت لە خەباتدا دژی ھەڵۆکان، ئەو ھەڵویانەی دەیانویست ھەرێمی بەرفراوان و چاکترت نیشان بدەن، سیسارکەکان فێریان کردی، بە لاشەی تۆپیو و کەلاش رابێیت، بە چەند دەنکە گەنمێک رازیبیت و ھاوار بکەی بژی سیسارکی مەزن، رۆژێ دێ لە برساندا ناڵەت بێت و بمریت، ھەر بەردەوامیش لە ھەڵۆکان دەترسیت.*

رێک لەم تەوقیتە لێدان لە بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا لەلایەن پەکەکە بە دەستێکی ئیقلیمی، لێدان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە درۆن لە چەمچەماڵ بە دەستێکی ئیقلیمی، ھەمان وێنەی ئەو سیسارکانەمان دێنێتە پێشچاو، کە پیاوی بچوکی نێوخۆیی چاوساغیان بۆ دەکەن لە پێناو لێدان لە ژێڕخانی ئابووری کوردستان.

بەبێ ئەوەی ئەم پیاوە بچوکانە ھەست بە مێژوو و شارستانیەت و کوردایەتی بکەن، وەک رایش دەڵێت،" منداڵەکەم بزێوە ھەرچی دەستی بکەوێ دەیشکێنێت، بەڵام شەوانیش لە ترسان دەقیژێنێت"..ئەی پیاوە بچوکەکان، ھەر چەند لە خوێنتان، میراتی پەکەکەو حەشد ھەبێت و برای خوێنی بن، چەند بە خەتێکی گەورە باڵۆنێک ھەڵدەنە سەر ئاسمانی کۆرمۆر، چەند چاوساغی بۆ سیسارکەکان بکەن، ھێندەی تر لەبەردەم ھەڵۆکاندا بچوک دەبنەوە.
بارەگاکان دەسوتێن، بەڵام باوەڕ نامرێ، کۆرمۆر بە درۆن ئاگری لێ ھەڵدەستێ، بەڵام ئەم قەوارەیە لەم بەر ئاگربێ یان ئەم بەر، ھەڵۆ رادەستی سیسارکی ناکات، چەند بۆ ئێوە سیسارک مەزنی ھەبێت، جا باشترە لە شکاندنی شتەکان بوەستن، تا لە نیوەشەوێک لە ترساندا قیژەتان نەیەت.

*پەرتوکی ویلھێلم رایش بەناوی گوێ بگرە پیاوی بچووک لە وەرگێڕانی خەبات عارف.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP