یان فۆڕم و شێوازە نوێیەکانی توندوتیژی دژی ژنان...
سەرقاڵکردنی ژنان بە کۆمەڵێک سەرگەرمی و چێژی کورتخایەن و ناتەندروست، شێوازێکی ترن لە توندوتیژی کە دەرئەنجامەکانیان درەنگ یان زوو دەردەکەون،
سەرگەرمییەکان ئەگەر بریتی بن لەجوانکاری و زیادڕەوی کردن لە نەشتەرگەری و خواردنەوەی مەیی و کێشانی جگەرەو نێرگەلە، یاخود دەرکەوتنی هەرزانبەهای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بەهەدەردانێکی ترسناکی کات و پێدانی پۆست و پێگەی کەم نرخ لە ڕوی جۆرایەتی و تەنانەت لە ڕووی کرێی کاریشەوە، یاخود سەپاندنی کۆمەڵێک ئایدۆلۆژیای ئاینی و فیکری.
ئەمانە کۆمەڵێکن لەو توندو و تیژیانەی کە ژنان بەدەستیانەوە گیرۆدە دەبن، بەڵام لێکەوتەکانیان ڕاستەوخۆ نیە، لەم ساڵانەی دواییدا کرانەوەیەکی زۆر بەڕووی دنیای دەرەوەدا رووی دا ئەم کرانەوەیە شەپۆلێک ئازادی و شێوازی ژیان و کەلتوری جیاوازی لەگەڵ خۆی ڕاپێچ کرد کە نامۆ بوو بۆ کۆمەڵگای کوردی،
بێ ئامادەسازیەکی فەرهەنگی و کلتوری باوەشی بۆ کردەوە بیگومان سەرەڕای لایەنە باشەکانی لایەنی خراپیشی هەبوو من لێرەدا دەربارەی لایەنە خراپەکانی پەیوەند بە ژیانی ژنەوە دەدوێم.
خراپیەکانی ئاسایی نین و بگرە هەندێک جار ترسناکە، فۆڕمێک ژیانی دروست کرد، کە بووە هۆی كڵۆم دانی بیرکردنەوەو هەوڵەکانی ژنان، هەروەها ویستی ژنان بۆ فێربوون و کاری گرنگ و جدی پەک دەخات. بێگومان خوێنەری ئەم وتارە ڕاستەوخۆ لێرەدا دەڵێت ئەمانە هەمووی ئازادین و تاکەکان خۆیان بەرپرسن لەهەڵبژاردنی ئەم جۆرە ژیانە، بەڵام حەقیقەت ئەم وەڵامە نیە بەڵکوو ئەم جۆری ژیانە بە نۆرم کردنەو سەپێنراوە، کۆمەڵگا و دەسەڵات و سیستەم و پاتریاکی جۆرێک ژیانی بۆ زۆرێک لە ژنان بە نۆرم کردووە کە تاک هەست بە هەڵبژاردنی بکات و لای وا بێت خۆی ئەو ژیانەی هەڵبژاردوە و ئەمە هەموو داخوازیەکانی ئەوە شوێنی ژن تا ئێرەیە، ئازادە! چی لەبەر دەکات و چۆن دەردەکەوێت و کار دەکات پێگەی هەیەو ئابوری هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە سیستەمی پیاو سالاریە ئەم شێوازە ژیانەی دیاریکردووە، ئازادیەکەو کارەکەو ئابوریەکەش فۆڕم گرتوو، داڕێژراوەو کۆمەڵێک قاڵب و پێوەرە کە دواجار وەکو ژن هەر دەخزێیتە یەکێک لە قاڵبەکانەوە.
ژنی لە چوارچێوەی (جوانی، میهرەبانی، شەرمنی) هەروەها پێگەی ژن و پێشکەوتنی سنوردار کردووە، قبووڵکرنی بەردەوام و نەبوونی ناڕەزایەتی لەلای ژنان. ژن بوون بەستراوەتە بەو کۆمەڵە پێناسەیەی کە لەسەری ڕێک کەوتوون، ئازادیەکیش کە هەیە لە ڕاستیدا ئازادی نیەو وەهمی ئازادیە، دۆخێکی هەڵبژێرداروو حەق پێدراوە لە خزمەتی پیاودا کە خۆی دەبێنێتەوە لە هەڵبژاردنی ژیانێکی شکست هاتووی بێ مۆراڵانە ، کە ئەمیش وابەستەیە بە شکستی ئابووری ناوچەکەو نەبوونی هەلی کار و دەرفەتی خوێندن و هۆشیاری کۆمەڵایەتی و هۆشیاری تاک بەرامبەر مافەکانی خۆی، ئەم جۆرە ژنانە لە ڕووی دەرکەوتن و شێوەی لەش و لارو و ڕوخساریشیان هەڵبژاردنیان بۆکراوە. هەردوو نمونەکە لێرەدا لەژێر هەڕەشەی تووندی کۆمەڵگادان خۆیان دروستیان دەکەن هەر خۆشیان وێرانیان دەکەن. تا دەگات بەوەی ژنانێکی تر دێن و لە ترسی ئەو نەفرەتە گەورەیەی کۆمەڵگا لەم دوو گرووپە ژنەی دەکات گرووپی سێیەم دەردەکەوێت، کە ئەویش هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکی تووندی ئاینیە کە ئەمەش هەڵبژاردن نیەو سەپاندنە. بۆ سەربەرزکردنی خۆی خانەوادەی دەبێت لە درزی نیقابەکەیەوە تەماشای دنیا بکات، ئەم گروپە خانمە نەک کاریگەریەکی ئەوتۆیان لەسەر بەرەو پێشچوونی ژنان نیەو مولتەزیمیکی ئاینی نین بەڵکو ئایدۆلۆژیستێکی مەترسیدارن، بە ئایدۆلۆژیایەکی پیاو سێنتەرانەی دژە ژن مێشکیان پڕ کراوە، هیچ کات هاوسۆز نین لەگەڵ پرسی ژن، بە پێچەوانەوە لەگەڵ دەرکەوتنی هەموو توندوتیژیەک بەرامبەر ژنان ئەمان لە بەرەی دژە ژنن و دەیەها بیانوو بۆ ئەوتوندوتیژیە دەهێننەوەو ڕەوایەتی پێدەدەن.
گروپی چوارەمی ژنان کە گروپێکی دەستە بژێری کەمی خانمانن کارەکانیان هەوڵی جدی و کاری گرنگ لەخۆدەگرێت دەتوانین بڵێن ئەم ژنانە زۆرترین قوربانی دەدەن، لەلایەن پیاوان ودەسەڵات و ئاینەوە وەکو هەڕەشە دەبینرێن نەفرین دەکرێن، لەلایەن کۆمەڵگا عەوامیەکانەوە وەکو تێکدەری شیرازەو هاندەری خراپە دەبینرێن و لەلایەن ئایدۆلۆژیستیە ئاینیەکانیشەوە زۆر بە توندی دژایەتی دەکرێن تەنانەت هەندێک جار تەکفیریش دەکرێن و ئەمەش مەترسی گەورە دروست دەکات بۆ سەر ژیانیان. دژایەتی کردنی ئەم دەستەیە لە ژنان کارێکی عەمدیەو بۆ لە ناو بردنی هەموو وزەیەکی گرنگی ژنانە، چونکە تەنها ئەم دەستەیە بەرگری دەکات لە چوارچێوە سەپێنراوەکان.دواجار ئەم دەستەو تاقمە ژنە کارەکانیان بە چەندین شێواز پەک دەخرێت و ئەمان خۆشیان لە بەر هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیەکی زۆری ژن بوون دابەش دەبەن بەسەر چەندین کارو بواردا بۆ پڕکردنەوەی هەموو ئەو بۆشاییانەی دروست بوون لە ئەنجامی کارنەکردن و نەهاتنە پێشەوەی ژنانی سێ گروپەکەی دی کە باسمان کرد. ئەمەش وا دەکات کەمترین ژن ببینین خۆیان تەرخان بکەن بۆ بوارێک و بێخەم بن یەک ئاڕاستە کارەکانیان ئەنجام بدەن یاخود ئازادی تەواویان هەبێت لەکارکرد چونکە هەندێکجار کارەکانیان دەچێتە ژێر هژموونی لایەنێکی سیاسی، یاخود ئەجێندای ئەو ڕێکخراوو جێگایەی کاری لێدەکەن.
لێرەدا کاری دەوڵەت و دامەزراوەکان و پیاوانی دەسەڵات کە هەموو پۆستە هەستیارەکانیان داگیر کردووە، ئەوەنیە خەریکی تەشەر لێدان بن لە ژنان و بچوکردنەوەو بێ بایەخ کردنی کارەکانیان،بەڵکو ڕەخساندنی دەرفەت و دروست کردنی دەرفەتەکانە، بڕوا پێدان بە ژن و پێدانی پۆستە هەستیارەکان لە شوێنی کاردا، هەروەها هاوتا کردنەوەی کرێی کار بۆ ژن و پیاو، جارێکی تر پەروەردە کردنەوەی تاکەکان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ناو خێزان بۆ ژنان، ئێمە پیاوانێکمان هەن بانگەشەی گەورە بۆ یەکسانی و مافەکانی ژنان دەکەن بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەڵگری ئەو بانگەشەیەی خۆیان نین بۆ نمونە لە هەموو ئەرکەکانی ماڵەوەدا خۆیان بێ بەری کردووە،هەموو ئەرکێکی خێزانی ماوەتەوە بۆ ژن.ئەمەش پێویستی بە کات و وزەیەکی زۆر هەیە، دووبارە ژنان قفڵ دەکات و دەستکراوەیی کارکردن و بیرکردنەوەو خۆ تەرخانکردنی بۆ بوارێکی دڵخوازی خۆی لێ زەوت دەکات، یاخود ئەو پیاوانەی لە بواری کاردا هەمان بانگەشە دەکەن ئەمانیش بانگەشەکانیان زارەکییەو کردەکی نیە بەوەی کە هیچ پێگەیەکی هەستیار و پلە بەرز بە ژن ڕەوا نابینن. بەڕێوەبەری هەموو بەشەکانیان پیاوە، یاخود مووچە بەرزەکان تەنها بۆ ئەو پێگانەیە کە پیاوان قۆرخیان کردوون.
ژن وەکو بیرکردنەوە قبوڵ ناکەن تەنانەت گەر هەستیارترین کار بکات دانی پێدا نانێن، وەکو فیکر و بیرکردنەوە وەری ناگرن بەڵکوو تەنها لە ئاستی ڕۆبۆتێکی کاربەڕێکەر تەماشای دەکەن، دواجار لەم بە کۆیلە کردنەی ژندا یاخود لەم بە ئامرازکردن و بچوکردنەوەو بێ بەها کردنەی کارەکانی ژناندا تاکە زەرەرمەند ژنان نین، بەڵکو پیاوانیش هێندەی ژنان زەرەرمەند دەبن بەڵام نائاگاییە وا دەکات ئەم بە ئامرازکردن و بچوککردنەوەیەی ژنان بە دەستکەوت بزانرێت لەلایەن پیاوان و درک بە مەترسیەکانی نەکەن. لیکەوتەکانی ئەم دۆخەش بۆ کۆمەڵگای پاتریاکی لە داهاتوودا دەردەکەوێت درەنگ یان زوو.