دواین هەواڵ

ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و دەھۆڵ ژەنە تەسلیم بووەکان

‌فرسەت سەید شوكر

27/03/2023

ئەزموون و پێگەی ھەرێمی کوردستان لەدوای ساڵی 1991ەوە، دوای ڕاگەیاندنی بڕیاری 688 دەست پێدەکات. دەستپێکێک کە حکوومەت و پەرلەمان و دامەزراوە حکوومی و یاساییەکانی بەھۆی شۆڕش و خەباتی چەکداریی دەیان ساڵەوە لێ کەوتەوە، ھەرێمێک، کە نوێنەرایەتیی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دەکات، وەک ئومێدێکی نیشتمانی تەماشای دەکرێت.

ئاڵنگارییە درێژخایەکان

لەو کاتەوە تا ئێستا ھەمیشە ئەو ھەرێمە لەژێر کاریگەری و فشاری وڵاتان و چاوتێبڕینی دەوڵەتانی زلھێزی ناوچەکەدا بووە، خۆڕاگرتن بەرامبەر ئەو ھەموو ئالنگارییانە بە بارتەقای شۆڕش و جووڵانەوە سیاسییەکان، ئاستەنگ بووە. کورد بەدرێژایی مێژوو ھەمیشە گلەیی و گازاندەی لە زلھێزان ھەبووە لەوەی کە لە چوارچێوەی عێراقدا بە ئامانجە نەتەوەیی و مافە سەرەتاییەکانی خۆی نەگەیشتووە.

لەدوای شەڕی براکوژی و ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری (سەدام حوسێن) و دواتر نووسینەوەی دەستووری عێراق و ڕۆڵ و کاریگەری و پێگەی کورد لە بەغدا بە شێوەیەک بوو کە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش چاوەڕوانی بڕیار، یان لێدوانێکی سەرکردە کوردەکان بوون، بەتایبەتیش سەرۆک بارزانی کە لە (ئەنجوومەنی حوکم)یش ڕۆڵی باڵای ھەبوو.
یەکگرتنەوەی ئیدارە و خوێندنەوەی ھەڵەی ھەندێک لایەنی سیاسی
لەدوای یەکگرتنەوەی ئیدارە لە ساڵی 2005 و پێکھێنانی حکوومەتی ھاوبەش لە ساڵی 2007، دەرچەیەکی ڕوون بۆ ئیدارەیەکی سیاسیی، حوکم، ھاوبەشی، یەکگرتوو، ھاتە پێشەوە، بەڵام کاریگەریی دەوڵەتانی ناوچەکە و ملكەچبوونی سیاسیی ھەندێک لەلایەنی سیاسی بە ئەجێنداکان، ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەم یەکگرتوویی و یەکبوونییەی کاڵ كردەوە. ڕەنگبێ ئەمە ھۆکار بێت کە ھەندێک ھێزی سیاسی، بەھۆی کەمکردنی دەنگەکانی ھەڵبژاردن، دوای ھەڵبژاردن ھەمیشە بە ھەڕەشەی دووئیدارەیی و سیاسەتی حساب نەکردن بۆ حکوومەت، ھۆکاری سەرەکیی ئەم دابەشبوونە بێت، لەکاتێکدا گەورەترین ئاستەنگ لە ماوەی ڕابردوودا ئەو دژایەتییە بە ڕکانە بوو لە سنووری سلێمانی، لە دژی پرۆسەی چاکسازی.
ئێستا، کە کورد لە قۆناغێكی سەختی بەڕێوەبردن و ڕووبەڕوونەوەی ئالنگارییە سیاسی و هەرێمییەکاندایە، ھەندێک لەلایەنە سیاسییەکان بە ناڕاستەوخۆ خزمەت بەو ئەجێندا دەرەکییە دەکەن، کە ھۆكارە بۆ لاوازبوونی پێگەی ھەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا بەھۆی ڕۆڵی (سەرۆک بارزانی) لە ماوەی ڕابردوودا، ئەزموونی ئاوەدانی و ئارامیی ھەرێمی كوردستان وەک نموونەیەک لە ناوچەکە، پێگەیەکی نێودەوڵەتیی گرنگی بۆ خۆی دروست کردووە.

وا دەردەکەوێت دوای بڕینی ھەموو ئەو ئاستەنگییانە، بەشێک لەو لایەنە سیاسییانە، بەھۆی کورتبینی و خوێندنەوەی ھەڵەیان بۆ ڕۆڵ و پێگەی ھەرێمی كوردستان، لە ناوچەکە ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاستەنگ بۆ بەرەوپێشچوونەکان و باشترکردنی ژیانی خەڵک دروست دەکەن، بێشک کاریگەریی ئەم خوێندنەوە خراپە، کاردانەوەی نەرێنیی لەسەر پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا دەبێت.

ھەڵپەی خۆفرۆشانە

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ھەندێک لایەنی سیاسیی، بەناو ڕۆژنامووس و سیاسییە دۆراوەکانی ھەرێم شاگەشکە بوون بە بڕیارێکی (دادگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی) کە بڕیارە لەبارەی تورکیاوە دا نەوەکو ھەرێمی کوردستان، کەچی بەبێ زانینی ڕاستی و ناوەڕۆکی بڕیارەکە وەک پیشەی ھەمیشەییان کەوتنە پەلەقاژە ناوزڕاندن پەلاماردانی ئەزموونی ھەرێم.

لەڕاستیدا ئەگەر بۆ مێژووییەکی نزیک بگەڕێینەوە ھەر لە دوای ساڵی 2014 لە کاتی ھێرشی تیرۆریستانی داعش و گەرمەی شکاندنی ئەفسانەی داعش و دواتریش لە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 ڕووبەڕوونەوەی گەلی کوردستان بەرامبەر ھەموو ئەو ئاڵنگارییانە بێ ووچان ئەم تاقمانە لە جووڵەدا بوون، جووڵەی ناشەریفانە بە ئاراستەی چوونە (بەرەی داگیرکار) و نەیارانی میللەتی کوردەوە، ھەر ڕۆژە و بە تۆمەت و بوختانی جیاجیا پەلاماری ئەزموونی ھەرێمیان دەدا، بەڵام قۆناغی ڕابردوو و ئێستاشەوە؛ بەردەوام لە شکست و دۆراندا بوون، چونکە ھەرێمی کوردستان بەردەوام و ھەمیشە پشتی بە پایە بەھێزەکانی ئیرادە بەستوون کە ئەوانیش لە (سەرۆک بارزانی) و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئیرادەی بەھێزی گەلی کوردستاندا دەبیندرێنەوە، بەڵام ئەمانە بە مەبەستی سیاسیی بە لێدوان و گوتاری جوودا دەکەونە لێکدانەوەی ڕەشبینانەی بێ ناوەڕۆک و نادروست، 
قەوارەی ھەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری عێراق قەوارەیەکی یاساییی و دەستوورییەو لەگەڵ بنەما نێودەوڵەتییەکان و ڕێساکانی دەوڵەتی عێراق یەکدەگرێتەوەو ڕێکخراوە، ھیچ کێشەیەکی یاسایی نییە، کەچی ماوە دوای ماوە، گوێمان لە قەوانی نابەرپرسانەی ھەندێک سەرکردەی حیزبی سیاسیی و کۆمەڵێک بەناو سیاسەتووان دەبێتەوە!

ھەرچی لەبارەی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوەیە، بەشێوەیەکی پووخت ھەڵوەستەیەک لەسەر ئەو ڕاپۆرتە دەکەین، بۆ ئەمساڵ نەک ھەرێمی کوردستان بەڵکو چەندین دەوڵەتی زلھێز و گەورەی جیھانی وەک (چین-کۆریای باشوور-ئیسرائیل_ئێران-ڕووسیا) و چەندین وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکایی و عەرەبیشی تێدایە کە ڕەخنەیان ئاراستە کراوە بەڵام بەشی ھەرێمی کوردستان کە تەنھا ٪‏١٠ی لە بەشی عێراقدا تێدا باسکراوە؛ ناحەقی و بێ ویژدانی زۆری تێدان کە ناکرێت بە ئاسانی تێپەڕێن و وەڵامی لۆژیکیان نەدرێتەوە:

١- بۆ وەرگرتنی داتا و زانیاری پشتڕاستکراوە پشت بە دامودەزگا فەرمییەکانی حکوومەت دەبەسترێت، نەک تاقم و گرووپ و حیزبی دۆڕاو لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان

٢- لە ھەرێمێکی بچووکی وەک کوردستان دەیان دەزگای ڕاگەیاندن ھەیە کە بە ڕێژە زیاترە لە ھەر دەوڵەتێکی گەورەی ڕێکخراو و زۆرینەیان ڕەخنەگری دەسەڵاتن

٣- دەزگا ئەمنی و ھەواڵگرییە ئاسایشییەکانی ھەرێم لە زۆرینەی دەوڵەتە پێشکەوتووەکانی دوونیا بەھێزترن، ھەوڵە بێ ووچانەکان بۆ کۆنتڕۆڵی ماددە ھۆشبەرەکان-گرتنی ڕاوەدوونانی تیرۆریستان سادەترین نموونەن کە بوونەتە نموونە بۆ وڵاتانی دەوروبەر

٤- ئازادی ڕادەبڕین لە ھەرێمی کوردستان گوزارشت نییە لە سووکایەتی بە پیرۆزییە نەتەوەیی و مێژووییەکان، ئەوە لە عورفی ئایینی و کۆمەلایەتی کورددا قبوڵ ناکرێت

٥-ناکرێت ڕێگە نەدان بە (ھاوڕەگەز بازی) لە ھەرێمی کوردستان بەرچاوی ڕاپۆرت نووس ھێندە تاریک بکات، کە ھەموو ڕاستییەک لەبارەی کوردستانەوە چەواشە بکات

دۆخی سیاسیی و ئابووریی کوردستان ئەگەرچی پێویستی بە پێداچوونەوەی بەردەوام ھەیە بەتایبەتی؛ ڕووبەڕوونەوەی گەندەڵی و سەروەرترکردنی یاسا بەڵام دەبێت (وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا) ئەوەی لە یاد بێت کە ھێزی پێشمەرگە نەبێت ئێستاش دەستی تیرۆر دەگاتە ھەموو ئەوروپا و ناوەڕاستی ئەمریکا ئەمە جیالەوە ھەر (ھەرێمی کوردستان) بوو، بووە پەناگەی دەیان ھەزار ئاوارەی جەنگ بەبێ جیاکاری ئاینیی و نەتەوەیی حەواندنەوە و ئەرکی پاراستنی لە ئەستۆگرتن.

حەق بوو (وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا) پێش بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکەی بگەڕابایەتەوە بۆ دواین بۆچوونەکانی 
١-سەرۆکی وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٢- وەزیری بەرگریی ئەمریکا ٣- خودی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا،  کە ئەوان بەردەوام جەخت لە ئاوەدانی و ئارامی و بەھێزی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکە دەکەنەوە، بنیاتنانی گەورەترین کوونسڵخانەش لە ناوچەکە لە ھەولێری پایتەخت دەلالەتە لە ناوچەی ئارام و تەناھی و باوەڕبوون بە دامودەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان.

 سیفاتی لەمێژینە و ستراتیجیەتی حکومڕانی ھەرێمی کوردستان بووە، کە بە قەدر و ڕێز و وەفاوە لە ھاوکاری ھاوپەیمان و بەتایبەت ئەمریکای ڕووانیووە، بەڵام بەھەڵداچوون یاخود وەرگرتنی زانیاری ھەڵە بەبێ گەڕان بەدوای سەرچاوە حەقیقییەکان و ئاراستەکردنی تۆمەتی بێ بنەما لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا یەکناگرێتەوە.

شکاندنی بەربەستەکان

ھەرێمی کوردستان ڕۆڵ و پێگەی خۆی لەناوچەکەدا دیارە نە بە ڕاپۆرت نووس و ڕۆژنامووسی کڕدراو و نە بە خەڵکانی بەکرێگیراو ناکەوێتە مەترسییەوە، پێشتر زۆرێک خۆیان تاقیکردەوە ھەر ڕۆژە و سواری شەپۆلی خیانەت و داگیرکاری دەوڵەتێک دەبوون لە ھەموولایەکەوە شکستیان ھێنا و نەگەیشتنە ئامانجە گڵاو و پیلانەکانیان، گەلی کوردستان بەرھەمی خوێنی شەھیدان خەباتی سەدان ساڵەیە و قۆناغی دژواتر و ئاستەنگی زۆری دیکەی تێپەڕاندووە، پشت ئەستوور بە خۆڕاگری و ورەی نەبەزیووان، ئاڵنگارییەکان دەشکێنێت و پێگەی ھەرێمی کوردستان نەک ھەر لاواز نابێت، بەڵکو لەوەش بەھێزتر دەبێت کە خەو لەچاوی بەکرێگیراواندا بڕزێنێت.

ھەرێمی کوردستان و ئاشتی

ھەرێمی کوردستان ھەردەم نموونەیەکی گەورە بووە بۆ ئاشتی پێکەوەژیان لەسەرو ھەمووشییانەوە ڕێزگرتن لە مافی کەمە نەتەوایەتییەکان و ئاین و ئایننزاکان لە ناوچەکە، ئەم دونیا بینیی و تێگەیشتنە فراوانەی ھەرێمی کوردستان بە ڕابەرایەتی «سەرۆک بارزانی» ھۆکار بوو بۆ کرانەوەی ھەرێمی کوردستان بە ڕووی نێودەوڵەتیدا، ھەموو ئـەمانە بوونە ھۆکار کە پەیوەندییە سیاسیی و دیپلۆماسییەکانی ھەرێم لەگەڵ دونیای دەرەوە فراوان بێت.

لەو کاتەشی، ڕێکخراویی تیرۆریستیی داعش بە ئاسانی موسڵ و ڕوومادی و ھەندێک ناوچەی دیکەی عێراقی گرت و سوپای عێراق شکستی ھێنا، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان،  بە سەرۆکایەتی "سەرۆک بارزانی" پێشی لە ھێرشی دڕندانەی داعش گرت و بە بەنوێنەرایەتی ھەموو جیھان شەڕی داعشی کرد، ئەم قارەمانێتیی و گیانفیدایەی پێشمەرگە مێژوویەکی پڕ شانازی تۆمارکرد، کە داعش کەسەردەستی ھێزی پێشمەرگە شکاو لە کۆتایھاتن نزیکبووەوە.

ڕوونتر و درووست خوێندنەوەکە وایە؛ ھەموو ئەوانەی کە ڕۆژانە بـە لێدوانی جیاواز باسی ئەو مەترسییانە دەکەن کە لەسەر قەوارەی ھەرێم ھەیە، ئاراستەکراون بەمەبەست بەکاردەھێنرێن، چونکە گەیشتنووتە ئەو  بڕوایەی کە دەنگی ھەڵبژاردن و ھێزی جەماوەر، ناتوانن گۆڕانکاریی بکەن، پەنا بۆ بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک ھوتافاتی، بێ بناغە، دەبەن کە وا دەردەکەوێت، لەبنەڕەتدا بۆیان نووسراوە و ئەوان گوێزەرەوەین.

بوونی ھەر مەترسییەک لەسەر «قەوارەی ھەرێم» ھەمیشە ڕەنگە لەلایەن وڵاتانی دژبەری ھەرێمی کوردستانەوە ھەبووبێت، بەڵام ڕێکخراویی و تواناکانی ھێزە سەربازییەکانی ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئەو مەترسییانە وەستاوەتەوە، بۆ ئەم قۆناغە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە یەکگرتوویی و کۆدەنگی ھێزە سیاسییەکان ھەیە، نەک دژایەتی ناڕاستەوخۆ و خزمەتکردن بە بیری نەرێنی نەیاران بەم قەوارە دەستوورییەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام گرنگە ھەروەک (مەسرور بارزانی) سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گووتی؛ ئەوانەی ئەمڕۆ لەگەڵمان ناوەستن، با سبەی خۆیان نەکەنە خاوەن دەستکەوتەکانمان و سوود لە سەرکەوتنەکانمان وەرنەگرن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP