دواین هەواڵ

ئایا حکومەتی عێراق بە پێی دەستوری فیدراڵی مافی پەلاماردانی هەرێمی کوردستانی هەیە؟

‌چنور جەعفەر ئەحمەد

4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەگەر وەڵامێکی دەستوری و یاسایی ئەم پرسە بدەینەوە بە خوێندنەوەی دەقە یاسایی و ماددە دەستورییەکانی عێراقی فیدراڵی ساڵی ۲٠٠٥ کە کورد خۆی بەشێکی سەرەکی نوسینەوەی ئەم دەستورە بووە، وەڵامەکەی نەخێرە. 
چونکە حکومەتی فیدراڵی عێراق مافی نییە بە بیانوی کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکان یان خاڵە سنوورییەکان، بە شێوەیەکی سەربەخۆ پەلاماری سەربازی هەرێمی کوردستان بدات. بەڵام پێویستە دوو بابەت لە یەکتر جیا بکەینەوە:

یەکەم: دەسەڵاتی دەوڵەتی فیدراڵی لە بەڕێوەبردنی نەوت و سنوورەکان.
دووەم: دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە ناوخۆی عێراق.
ئەمانە دوو بابەتی جیاوازن و نابێت یەکێکیان ببێتە بیانوو بۆ پێشێلکردنی مافی دەستووری هەرێم.

١. دەستووری عێراق چی دەڵێت؟
بەپێی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، چەند ماددەیەکی گرنگ هەن:
ماددەی ١: عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵی، یەکگرتوو و سەربەخۆیە. واتە پەیوەندی نێوان بەغدا و هەرێم دەبێت لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا بێت.

ماددەی ٩: هێزە چەکدارەکان بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و پاراستنی خاکی عێراقن، نەک بۆ هەڕەشەکردن لە یەکە فیدراڵییەکانی ناو دەوڵەت.

ماددەی ١١٠: سیاسەتی دەرەوە، بەرگریی نیشتمانی و دانانی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانی لە دەسەڵاتی تایبەتی حکومەتی فیدراڵیدان.

ماددەی ١١١ و ١١٢: نەوت و گازی سروشتی موڵکی هەموو گەلی عێراقن، و بەڕێوەبردنیان دەبێت بە هاوبەشی و ڕێککەوتن لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتە هەرێمییەکان بکرێت.

ماددەی ١٢١: هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی دەستووری خۆی هەیە، لەوانە دەسەڵاتی جێبەجێکاری، یاسادانان و دادوەری لەو بوارانەی کە لە دەسەڵاتی تایبەتی فیدراڵیدا نین.
واتە کێشەی نەوت و سنوورەکان نابێت بە شێوەیەکی سەربازی چارەسەر بکرێت.

ماددەی ١١٥: ئەو دەسەڵاتانەی بە ڕوونی نەخراونەتە ناو دەسەڵاتی تایبەتی حکومەتی فیدراڵی، دەچنە خانەی دەسەڵاتی هەرێمەکان. لە کاتی ناکۆکی لە دەسەڵاتە هاوبەشەکانیشدا، یاسای هەرێم پێشینەی هەیە.

ماددەی ١٢١، بڕگەی پێنجەم: حکومەتی هەرێم بەرپرسی ڕێکخستنی پێداویستییەکانی ناوخۆی هەرێمە، بە تایبەتی هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و پارێزەرانی هەرێم.

سەرچاوەی دەقەکانی دەستور: 
٢. ئایا بەغدا دەتوانێت بە بیانووی نەوت هێزی سەربازی بەکاربهێنێت؟
دووبارە وەڵامە دەستورییەکە 
نەخێرە، بەڵام دەبێت جیاوازی بکەین لە نێوان ئەم دوو  مافە دەستورییەدا:

یەکەم: مافی دەوڵەتی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی سامانی نەوتی و دابەشکردنی داهاتی نیشتمانی.
دووەم: مافی حکومەتی فیدراڵی بۆ بەکارهێنانی هێزی چەکدار.
ماددەی ١١٢ ڕێکخستنی بەڕێوەبردنی نەوتی کێڵگە  بەرهەمهێنەرەکان بە هاوبەشی دیاری دەکات؛ بەڵام هیچ دەقێکی تێدا نییە کە ڕێگە بە حکومەتی فیدراڵی بدات بەهۆی ناکۆکیی نەوتییەوە پەلاماری سەربازی هەرێم بدات.

هەروەها ماددەی ٩ ڕێگری لەوە دەکات هێزە چەکدارەکان ببنە ئامرازی زۆرداری بەرامبەر گەلی عێراق. 

٣. خاڵە سنوورییەکان چی؟
لە خاڵە سنوورییەکاندا دەبێت دوو بابەت جیا بکرێنەوە:
یەکەم: پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی عێراق، کە لە چوارچێوەی بەرگریی نیشتمانی دەسەڵاتی فیدراڵییە.
دووەم: بەڕێوەبردنی خاڵە سنوورییەکان و گومرگ، کە پێویستی بە هاوئاهەنگی و ڕێککەوتنی نێوان دەسەڵاتەکان هەیە.

ماددەی ١١٠ بەرگریی سنوورەکانی عێراق دەخاتە ناو دەسەڵاتی فیدراڵی، بەڵام ماددەی ١١٤، بڕگەی یەکەم، بەڕێوەبردنی گومرگ بە بابەتێکی هاوبەش دادەنێت. ئەمە مافی پەلاماردانی ناوخۆی هەرێم دروست ناکات. 

٤. بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر نەوتی کوردستان
لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیارێکی گرنگی لەسەر یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ دەرکرد.
ئەم بڕیارە بووە هۆی ناکۆکییەکی یاسایی و سیاسی لە نێوان بەغدا و هەولێر. حکومەتی هەرێمیش بڕیارەکەی ڕەتکردەوە و داوای چارەسەری یاسایی و دەستووری کرد. 
بەڵام گرنگە ئەوە بزانین: تەنانەت ئەگەر بڕیارێکی دادگایی بەغدا دەسەڵاتی هەرێم لە بەڕێوەبردنی نەوت سنووردار بکات، ئەوە بە هیچ شێوەیەک مۆڵەتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ پەلاماردانی هەرێم نییە.

٥. خوێندنەوەی سیاسی و ستراتیژی
لە دیدی مێژووی سیاسی و سیستەمی فیدراڵی، ئەگەر حکومەتی عێراق بە بیانووی کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکان و خاڵە سنوورییەکان هێزی سەربازی بەرامبەر هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت، ئەوا ئەم پرسیارە دروست دەبێت:

ئایا ئەمە جێبەجێکردنی دەستووری فیدراڵییە، یان گەڕانەوەیە بۆ سیستەمی ناوەندگەرایی و هەڵوەشاندنەوەی بنەماکانی فیدراڵیزم؟
 هەڵبەت وەڵامەکە ڕوون و بێ گرێ کوێرەیە، ئەگەر هێزی سەربازی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکی ئابووری و کارگێڕی بەکاربهێنرێت، ئەمە مەترسییەکی گەورە بۆ:

۱. بنەماکانی فیدراڵیزم لە عێراق.
۲.متمانەی سیاسی لە نێوان بەغدا و هەولێر.
۳.ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە.
٤. مافی دەستووری هەرێمی کوردستان.
٥. پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ هاوپەیمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

کەواتە بە پێی ئەنجامە یاساییەکان و بە پێی دەستووری ٢٠٠٥ کە سەرکردایەتی کورد ڕۆڵێکی سەرەکی نوسینەوەی ئەم دەستورە فیدراڵیەن: 
عێراق مافی پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی هەیە.  هەروەها حکومەتی فیدراڵی مافی بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی نەوتی هەیە، بە پێی ماددەی ١١٢.

نوقتە سەری دێر 
ئێمە بە خوێندنەوەیەکی سادەی یاسایی دڵە ڕاوکێکانمان خوێندەوە،بەڵام هەموو هێرشێکی داگیرکاری بۆ سەرخاکی شەهیدانی کوردستان ڕەتدەکەینەوەو  نیشتیمان و کوردستانمان  لەهەموو حیزب و سیاسیەك لا لە پێشترە. 

#چنوورجەعفەرشارباژێری

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP