ھەرێم نیوز
گەندەڵی، گرفتێکی حوکمڕانیی و ئەخلاقییە، کە لە هەمو وڵات و شوێنێك بە ڕادە و شێوەی جیا جیا هەیە. عێراق و باشوری کوردستان، لەو وڵات و شوێنانەن، کە تێیاندا، گەندەڵی لە ئاستێکی ترسناك و کەم وێنەدایە.
بێگومان، ئەو ئاستە لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، هەر دەبێت، چارەسەر بکرێت و ئەوەش لە رێگەی رێزگرتن لە دەستور و ئنجا بەهێزکردنی دەوڵەتی قانون و دامەزراوەکانەوە دەبێت، نەك بانگەشەی بریقەدار و بێناوەڕۆك، کە بێگومان بە شکست کۆتایی دێت و قەیران و کێشەکان بەردەوام دەبن.
بەڵام، ئەوەی جێگەی داخ و پەژارەیە، هەر کاتێك، گرفت و قەیرانێك لە نێوان دەسەڵات و حوکمڕانییە کوردییەکان و بەغداد و ئەوانیتر، رودەدات، رق و حەقدێکی کەم وێنە لە نەتەوە و نەژادە دراوسێکانیی کوردستانەوە، لە دژی کورد، دەتەقێتەوە، کە مایەی تێڕامان و حەپەسانە!
تەنها بە خێرایی چاوێك بە بەشدارانی حەشاماتی ئەعراب، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بگێڕە، بەسە تا ببینیت، چ رق و بوغزێکی ترسناك، لە ناو حەشاماتی شارە عێراقیی و تەنانەت وڵاتانی عەرەبی دراوسێ، دژی کورد، خۆی مەڵاس داوە؟
کورد، هیچ وڵات و شار و دەڤەرێکی عەرەب و نەتەوەکانیتری داگیر نەکردوە و نەتەوەکانیتری جینۆساید نەکردوە و شار و شارۆچکەکانی لەگەڵ زەوی تەخت نەکردون، بەڵام هەمو ئەوانە لە دژی کورد کراون. هەر بەڕاستی، سەرچاوەی ئەو هەمو بوغز و رق و حیقدە دژیی کورد، لە کوێوە سەرچاوەی گرتوە؟
هەر بەڕاستی، ئەگەر، حەشاماتی ئەعراب و نەتەوەکانیتری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەوەندە دژی کورد و هەمو شتێکی کوردیین، چما دەخوازن ئەگەر بە ئاگر و ئاسنیش بێت، پێکەوە بمێنینەوە؟!