دواین هەواڵ

دەسەڵاتدارێتی بە مافی پێشکڕینی سیاسی (شوفعە) ئاراستە ناکرێت

‌فازڵ میرانی

23 خولەک پێش ئێستا

نوسینی: فازڵ میرانی
وەرگێڕانی: سەردار پێنجوێنی
یاساناسان، خوێندکارانی یاسا و هەموو ئەوانەی لە نیشتمانی ئێمە و وڵاتانی دیکەشدا
مامەڵە بە زەویوزار و خانووبەرەوە دەکەن، واتای (پێشکڕین) (شوفعە) دەزانن، کە
بریتییە لەو مافە یاساییەی پێشینەیی بە هاوبەشێک دەدات تا لە پێش کەسانی دیکەوە،
پشکی ئەو هاوبەشانە بکڕێتەوە و بیخاتە سەر پشکەکەی خۆی، لەو کاتەدا کە هاوبەشەکانی
دیکە پشکەکانی خۆیان لە خانووبەرە یان موڵکێکی هاوبەشدا دەفرۆشن.

ئەم ڕێکارە کە لە بواری خانووبەرەدا بۆ ئاسانکردنی مامەڵەکان پەیڕەو دەکرێت، بنەما
و کردارێکی یاسایی دروستە، هاوکات مافێکە کە هاوبەش دەتوانێت پەنای بۆ ببات ئەگەر
توانا و خواستی هەبێت.

بەڵام هەرگیز ڕەوا نییە ئەم پێوانەیە بگوازرێتەوە بۆ بواری سیاسەت و بەڕێوەبردنی
وڵات، چونکە ئەمە بەو واتایە دێت، وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین و تێپەڕبوونی ڕۆژگاریش
سەلماندوویەتی ، کە زۆرێک لە بانگەشەکارانی سیاسەت و ئەوانەی خەریکی ئەوەن کە خۆیان
بە سیاسەتی دەزانن، وەک موڵکێکی تایبەت مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی نیشتماندا دەکەن.
ئەمەش لێدانە لە ماف و لە ڕەگ و بنەمای ڕەوایەتی.

هەندێک لەو بڕیارانەی لە چوارچێوەی مامەڵە و ڕێککەوتنە سیاسییەکاندا دەدرێن، دەکرێت
پەسەند بکرێن، بەو مەرجەی زیان بە دەستوور نەگەیەنن، فێڵی لێ نەکەن و لە دەرەوەی
بەرژەوەندیی گشتیدا لێکدانەوەی خۆسەرانەی بۆ نەکەن، تەنانەت ئەگەر بڕگەکانی
دەستووریش لە ڕێکخستنی بەشێک لە پرسەکانی وڵاتدا کەموکوڕییان هەبێت.

وڵاتە سەرکەوتوو و شکۆمەندەکان بەخێرایی ئەو گرێکوێرە و کێشانە هەڵدەوەشێننەوە کە
فەرمانڕەوایانی پێش خۆیان بەجێیان هێشتوون، تەنانەت ئەگەر مینە شاراوە سیاسی یان
یاساییەکانیان لە دوای خۆیان چاندبێت، لە هەمان کاتدا خۆشیان لە دروستکردنی کێشەی
نوێ دەپارێزن، جا چ لەبەر کەمئەزموونی بێت، یان بەهۆی چاوچنۆکی و پیلانگێڕییەوە بۆ
ئەوەی مانەوەی خۆیان بەو بیانووەوە گرێ بدەنەوە کە گوایە ئەوان باشترین دەسەڵاتن.

ڕەوا نییە هیچ کردارێک  ،چ تاکەکەسیی ئاسایی بێت، یان فەرمی، یاخود بەهۆی دۆخی
نائاساییەوە سەپێنرابێت  ، ببێتە سەرچاوە و پاساو بۆ پێشکەشکردنی دیدگایەکی حوکمڕانی
کە لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی فەرمانڕەوایی دروستەوە دوور بێت،  چونکە حوکمڕانیی خراپ بە
ئاسانی دەگوازرێتەوە و لاسایی دەکرێتەوە. نەزانی دەشێت زۆر کەس هان بدات، هەر وەک
چۆن هانیشی داون، لاسایی ئەو دەسەڵاتانە بکەنەوە کە لە تەواوی وردەکارییەکانی
ژیاندا خراپەیان بەرامبەر عێراقییەکان کرد، هەر لە سووکایەتیپێکردن، دوورخستنەوە،
ڕاگواستن، گرتن، زیندانیکردن، ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدانەوە، تا دەگاتە ڕێگریکردن
لە سەرهەڵدانی هێزی سیاسیی تەندروست و خاوەن ئاراستەی ئازاد لە چوارچێوەی سنوور و
ناوەڕۆکی دەستووردا.

بەریەککەوتنی بیروباوەڕەکان هاوشێوەی بەریەککەوتنی یاساکانە، بگرە دەبێتە مایەی
زیانیش ئەگەر ئەو بیروباوەڕانە ئامانجەکانیان لە نێوان نهێنی و ئاشکرادا بێت، واتە
ببنە بیروباوەڕی پەرتەوازەکاری و هاندان دژی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ئەگەر لە
ململانێدا بدۆڕێن، یان بە چەکداری بمێننەوە و هەڕەشە لە نەیارەکانیان بکەن تەنانەت
لە کاتێکیشدا کە لە ناو دەسەڵاتدان.

زۆرینەی سیاسییەکان نایانەوێت ڕووبەڕووی ڕاستیی خۆیان و هاوبەشەکانیان ببنەوە لەو
بەرنامەی فەرمانڕەواییەی کە گۆڕاوە بۆ بەرنامەیەکی چینایەتی و لە دەرەوەی ئەو
ڕێڕەوە دروستە هەڵسوکەوت دەکات کە بۆ بوونی دەسەڵاتێکی کارامە پێویستە، دەسەڵاتێک
کە دەبێت پاک بکرێتەوە لەو لافاوی بەڵگە و ئاشکراکردنانەی باس لە تێوەگلانی زۆرێک
لە نوێنەرەکانیان دەکەن لە تاوانەکانی گەندەڵیی ئابڕو بەرانەو و زیانبەخشدا. ئەم
گەندەڵییە زیان بە تێکڕای خەڵک دەگەیەنێت و پاشماوەی متمانەی نێوان تاک و دەسەڵات
دەڕووخێنێت، کە بە ڕوونی لە جیاوازیی زەقی نێوان بێبەشیی زۆرینەی پێکهاتەکان و
خۆدەوڵەمەندکردنی دەسەڵاتداراندا دیارە. هاوکات زیان بە بیروباوەڕەکانیش دەگەیەنێت،
چونکە زۆرینە لە ژێر فشاری کۆمەڵایەتی و ئابووریدا ناتوانێت بگاتە ئەو ئاستەی
هۆشیاری کە بیروباوەڕی پاک لەو کەسانە جیا بکاتەوە کە دەیقۆزنەوە و بە ناوییەوە
دەکوژن و تاڵان دەکەن.

بۆ ئەوەی ئەم خراپەکارییە هێندەی تر تەواو ببێت، هەوڵی ڕازیکردن ڕوو لە فریاکەوتن و
بەهاناوەچوونی خەڵک ناکات، بەڵکو ڕوو لە ڕازیکردنی ئەو کەسانە دەکات کە ژیانی
گەلەکانمان دەخەنە بەردەم مەترسیگەلێکەوە کە دووبارەکردنەوەی کردەوەکانی
دەسەڵاتەکانی پێشووە، بگرە لەوانیش دژوارتر و خراپترە.

هەرگیز ڕەوا نییە مافی پێشکڕین (شوفعە) لە سنووری خۆی دەربهێنرێت و بخرێتە ناو
گۆڕەپانی کارکردن و ڕێکخستنی بڕیاری سەروەرییەوە؛ چونکە ئەم کارە تەنیا یاریکردن
نییە بە مافەکان، بەڵکو ئەو پارە و سامانەش کە پشکی دەستبەرداربوونی پێ
دەکڕدرێتەوە، سامانێکە کە خاوەندارێتییەکەی بۆ گەلەکانمان دەگەڕێتەوە.

(شوفعە)زاراوەیەکی یاساییە لەبواری ڕوپێوو و زەوی وزاردا بەکار دەهێنرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP