ئێستا ئیسرائیل پەیڕەوی لە دۆکتڕینێکی نوێی سەربازی دەکات کە پێی دەگوترێت بەرپەرچدانەوەی پێشوەخت" (Forward Deterrence)، لە بواری سیاسی و سەربازیدا، ئەم ستراتیژە بریتیە لە ڕێگریکردنی پێشوەخت؛ واتە پێش ڕوودانی ھێرش یان دەرکەوتنی ھەڕەشە، بە بەکارھێنانی هێزی سەربازی ڕێگری لە دوژمن دەکرێت و سەرچاوەی ھەڕەشەکان لەناو دەبرێن پێش ئەوەی هەرەشەکە دروست ببن.
لەگەڵ ئەوەشدا، پێشھاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە—لەوانەش ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکەی سەربازیی ئەبو ئەلزھوور لە (Abu al-Duhur)— لە ١٨ ئابی ٢٠٢٦ بەشێکن لە جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژە نوێیە لە لایەن ئیسرائیلەوە لە سووریا، لوبنان و تەنانەت ئێراندا. ناوۆکی ئەم دۆکتڕینە ئەوەیە کە دەبێت بە خێرایی ھێرش بکرێتە سەر دوژمن پێش ئەوەی ھەڕەشەکان گەشە بکەن. کاتێک ئاماژەیەک دەردەکەوێت کە ھەڕەشەیەک لە دروستبووندایە، دەبێت خێرا لەناو ببرێت و نابێت هیچ سستییەک یان دواکەوتنێک هەبێت. لەم ڕووەوە، دەبێت ئیسرائیل دەستپێشخەر بێت لە دروستکردنی هاوکێشەکاندا، بە شێوازێک کە لە بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەییەکەی بێت.
لە چوارچێوەی ئەم دۆکتڕینەدا، ئیسرائیل لە سووریا کۆمەڵێک بەرژەوەندی دیاریکراوی هەیە و بەرگرییان لێدەکات:
1. لاوازیی هەڕەشەی سەربازی: حکوومەت یان دەسەڵاتی سووریا دەبێت لە ڕووی سەربازییەوە لاواز بێت؛ نەتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی پێشکەوتوو یان دەستی بە تەکنەلۆژیای سەربازیی هاوچەرخ بگات.
2. ڕێگریکردن لە پێگەی دژبەران: بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدرێت سووریا ببێتە بنکەیەک بۆ ئەوەی ڕکابەر و دوژمنەکانی ئیسرائیل پێگەی سەربازییان تێدا بەهێز بکەن و ببەخشنه هێرش بۆ سەر ئیسرائیل.
3. ڕێگریکردن لە هەژموونی تورکیا: ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات تورکیا پێگەی سەربازیی خۆی لە سووریا جێگیر یان بەهێز بکات، بەتایبەت ئەو هەنگاوانەی دەبنە هۆی دروستبوونی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لەسەر ئیسرائیل. هێرشەکەی سەر بنکەی ئەبو ئەلزھوور بۆ ئەوە بوو ڕێگە نەدرێت هێزەکانی تورکیا لەو بنکە سەربازییەدا سەرقاڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆیان ببن.
4. باڵادەستیی ئاسمانی: بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدرێت ئاسمانی سووریا بە ڕووی فڕۆکە و چەکەکانی ئیسرائیلدا دابخرێت. بەهێزبوونی بەرگریی ئاسمانی یان هێزی ئاسمانی لە سووریا دەبێتە کێشە بۆ ئازادیی مانۆڕی ئیسرائیل، بۆیە دەبێت ئەو هەڕەشەیە چێ نەبێت.
5. بڕینی هێڵی گواستنەوەی چەک: سووریا نابێت ببێتە ڕێڕەو یان کۆریدۆرێک بۆ ڕەوانەکردنی چەک و کەلوپەلی سەربازی بۆ ڕێکخراوە پرۆکسییەکانی ئێران لە لوبنان (وەک حیزبوڵڵا).
6. دابەشبوونی ناوخۆیی: لەسەر ئاستی ناوخۆیی، سووریایەکی لاواز و دابەشبوو بۆ ئیسرائیل لە دەوڵەتێکی مەرکەزیی بەهێز پەسەندترە؛ چونکە دەوڵەتی مەرکەزیی بەهێز دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل. بۆیە، ئیسرائیل پشتگیری لە کەمینەکانی وەک دروزەکان دەکات.
7. زۆنی داماڵراو لە چەک: ناوچە سنوورییەکانی نزیک لە ئیسرائیل (لەوانەش بەرزاییەکانی دراعا و قونەیترە) دەبێت بە تەواوی لە چەکی قورس داماڵرێن. نابێت به هیچ شێوەیەک ئەو ناوچانە وەک باشووری لوبنانیان لێ بێت، بۆیە ئیسرائیل ڕێگە نادات هیچ هێزێک ژێرخانی سەربازی لەو ناوچانەدا پەرە پێ بدات.