دواین هەواڵ

پژاک لە نێوان توانەوە و قوربانیبوونی سیاسییدا

‌عادل مەریوانی

14 کاتژمێر پێش ئێستا

چارەنووسی پژاک و پاشخانە فیکرییەکەی، بەتایبەت لە سایەی دەنگۆی چەکدانانی پەکەکە و شکستە ستراتیژییەکانی ئۆجەلان. پاش چەکدانانی پەکەکە:

پژاک لە نێوان توانەوە و قوربانیبوونی سیاسییدا ئەمڕۆ باس لە قۆناغێک دەکرێت کە تێیدا پەکەکە، دوای چوار دەیە لە جەنگێکی بێ ئەنجام، خەریکی ئامادەکارییە بۆ چەکدانان و تەسلیمبوونی سیاسی لە باکووری کوردستان.

لەم کێشمانکێشەدا، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: چارەنووسی پژاک وەک سێبەر و پاشکۆیەکی بێ ئیرادەی پەکەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چی لێدێت؟

وتاری ئەمڕۆمان شیکردنەوەیەکە بۆ ئەو داڕمانە فیکری و ڕێکخراوەییەی کە گەرای ئۆجەلانستی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووچاری بووە. پژاک: پڕۆژەیەکی هاوردە و نامۆ بە ڕۆژهەڵات پژاک هیچ کات بزووتنەوەیەکی ڕەسەن نەبووە کە لە ناو جەرگەی خەم و خواستی کۆمەڵایەتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەری هەڵدابێت. ئەم ڕێکخراوە لە تاقیگەی فیکری قەندیلدا دروست کرا تاوەکو وەک کارتێکی فشار لە دژی تاران بەکاربێت، نەک بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی.

مێژووی خەباتی ڕۆژهەڵات مێژووی کۆماری کوردستان و پێشەوا قازییە، مێژووی شۆڕشە ڕەسەنەکانە کە بۆ سەروەری و دەوڵەت تێکۆشاون، نەک بۆ وەهمی کۆمۆنالیزم کە تێیدا سنوورەکانی داگیرکەر بە پیرۆز دەبینرێت. تیۆری کۆمۆنالیزم: خۆکوشتنی سیاسیی نەتەوە ئەو کۆمۆنالیزمەی ئۆجەلان لە ئیمرالییەوە دایڕشتووە، گەورەترین خیانەتی فیکرییە لە دۆزی کورد. ئەم تیۆرییە داوا لە کورد دەکات لە جیاتی دەوڵەت، خەریکی کۆمۆن و ئەنجومەنی گەڕەک بێت. بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە ڕژێمی تاران بە موشەکی بالیستی و سێدارە وەڵامی بچووکترین داواکاری دەداتەوە، قسەکردن لە کۆمۆنی دیموکراتیک لە ناو جەرگەی کۆماری ئیسلامیدا تەنیا گاڵتەجاڕییەکی سیاسییە.

پژاک ویستی ڕۆژهەڵات بکاتە تاقیگەی فەنتازیاکانی ئۆجەلان، بەڵام ئەنجامەکەی تەنیا پەرتەوازەکردنی وزەی گەنجان و بێهێزکردنی سەنگەری نەتەوەیی بوو. چەکدانانی پەکەکە: پەتی سێدارە بۆ پژاک پژاک وەک مانگی دەستکرد وایە کە وزەکەی لە پەکەکەوە وەردەگرێت. کاتێک پەکەکە لە تورکیا بڕیاری چەکدانان دەدات و دەچێتە ناو پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەت، پژاک دەبێتە کارتێکی سووتاو. قوربانیی تەکتیکی: مێژووی پەکەکە پڕە لە قوربانیکردنی باڵەکانی (لە سووریا و ئێران) بۆ بەرژەوەندیی ناوەندیی بڕیار لە قەندیل و ئیمرالی. بێناسنامەیی: ئەگەر پەکەکە چەک دابنێت، پژاک چ ناونیشانێکی دەمێنێت؟ نە دەتوانێت جەنگ بکات (چونکە سەرچاوە لۆجیستییەکەی دەبڕێت) و نە دەشتوانێت ببێتە یزبێکی نەتەوەیی ،چونکە فیکرەکەی نامۆیە بە ناسیۆنالیزمی کوردستانی .

داهاتووی پژاک: توانەوە یان تەسلیمبوون؟

بە هەموو پێوەرەکان، پژاک بەرەو بنبەست دەڕوات.

سێ ڕێگا لەبەردەم ئەم هێزە نامۆیەدایە:

 توانەوە لە ناو تاراندا: پەیڕەوکردنی ڕێنماییەکانی ئۆجەلان بۆ کۆماری دیموکراتی ئێران و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی داگیرکەر، کە ئەمە واتا تەسلیمبوونی یەکجاری بە ڕژێمی تاران. قوربانیکردن لە لایەن پەکەکەوە: پەکەکە لە مامەڵەیەکی ئەمنیدا لەگەڵ ئێران، پژاک وەک دیاری پێشکەش بە تاران بکات تاوەکو لە شوێنێکی تر دەستکەوت بەدەست بهێنێت.

دابڕان و داڕمان: گەنجانی ناو پژاک کە بە ناوی کوردایەتی چوونەتە ئەوێ، هەست بە خیانەتی فیکری دەکەن و ڕیزەکانی ئەو حیزبە جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە ناو ڕیزە ڕەسەنەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی.

گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی: کورد پێویستی بە دەوڵەتە ئەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم قۆناغەدا پێویستیەتی، کۆمۆنالیزمی هاوردە نییە، بەڵکو یەکخستنی وزەکانە بۆ بونیادنانی دەوڵەتی نەتەوەیی. پێموایە کە هەر کاتێک تاران و ئەنقەرە لەگەڵ یەک ڕێککەوتن، یەکەم قوربانی ئەو هێزانەن کە بڕیاریان لە دەستی خۆیاندا نییە.

پژاک نموونەی ئەو هێزەیە کە بە ناوی ئازادییەوە، کورد بەرەو کۆیلایەتییەکی مۆدێرن لە ناو قەوارەی داگیرکەراندا دەبات. پژاک و فیکری ئیمرالی، تەنیا تەمومژێکی کاتی بوون لە ئاسمانی ڕۆژهەڵاتدا. بە چەکدانانی پەکەکە، ئەم تەمومژە دەڕەوێتەوە و تەنیا ئەو هێزانە دەمێننەوە کە ڕەگیان لە خاکی کوردستاندایە و ئامانجیان دەوڵەت و سەروەرییە، نەک خزمەتکردن بە داگیرکەر لەژێر پەردەی کۆمۆنالیزمدا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP