ئیدی لە وڵاتدا تەنیا چەپەكان نەماون، ئەوەی ماوەتەوە نیشتیمان و ئەوی تریش خیانەتكارانی نیشتیمانە ماوەتەوە، ئەمە گوتەی نووسەری تورك جەمیل مەریجە.
ئەم دێڕەی جەمیل زۆر مانا هەڵدەگرێت، چونكە بەدرێژایی مێژوو كۆمەڵگە هەمیشە لە ململانێدا بووە لە نێوان چەپەكان و راستەڕەوەكان و موحافیزكارەكان و عەلمانییەكاندا، بەڵام لە راستیدا بابەتێكی زۆر گەورە و گرنگیان لە بیر چووە، كە لە هەموو ئەو ئایدۆلۆژیانە گرنگترە ئەویش نیشتیمانە، چونكە ئەوەی وای كردووە كۆمەڵگە لەسەر پێی خۆی بوەستێت، ئەوە نییە كە مرۆڤەكان خاوەنی چی بیرۆكەیەكن، بەڵكوو ئەوەی وا دەكات كۆمەڵگە لەسەر پێی خۆی بوەستێت، ئایە دەبینە خاوەنی ئاییندەی وڵات و نەوەكانمان و هەوڵ بۆ سەربەخۆیی وڵات دەدەین؟ ئەمە بابەتە گرنگەكەیە.
تۆ نموونەی جوتیارێك وەربگرە، كاتێك خاكەكەی دەكێڵێت كێشەی ئەو چەپ و راستڕەو نییە، بەڵكوو كێشەی ئەوەیە باران لە كاتی خۆیدا ببارێت، تا لەپێناو ئەو ماندووبوونەی كردوویەتی پارەیەك قازانج بكات و ئاییندەی منداڵەكانی مسۆگەر بكات.
ئەمە بۆ مامۆستا و فەرمانبەر و كرێكارێكیش تەواوە.
بۆچوونی سیاسی هەر كەسێك گۆڕانی بەسەردا دێت، پارتە سیاسییەكان گۆڕانیان بەسەردا دێت، بەڵام كاتێك بابەت دێتە سەر نیشتیمان، هەموومان لەژێر یەك چەتر كۆدەكاتەوە و مانای هیچ گفتگۆ و ئایدۆلۆژیایەك ناهێڵێتەوە.
خۆشەویستیی بۆ نیشتیمان، تەنیا لە رێگەی وتنەوەی دروشمی بریقەدارەوە نییە، خۆشەویستیی نیشتیمان ئەوەیە راستگۆ بیت، پارێزگاریش لە عەدالەت بكەیت و هەموومان رێز لە مافی یەكتری بگرین.
لەم ساتە مێژووییەدا كە هەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت، دەبێت بیر لەوە بكەینەوە، دەكرێت لە بیركردنەوە جیاواز بین، لە قسەكردن جیاواز بین، بەڵام كاتێك لە بیرمان چوو كە ئێمە ئەو هاووڵاتییەین لە یەك خاكدا دەژین، ئەوكات ئەوەی كە دەدۆڕێت هەموومانین، لایەنێك یان حیزبێكی دیاریكراو نییە، بۆیە گوتەی جەمیل مەریج، رێك بۆ ئێستامان گرنگە و پێویستە بەر لەوەی بیر لە بەرژەوەندی حیزبی بكەینەوە، بیر لە نیشتیمان و قەوارەكەمان بكەینەوە.