لە کاتێکدا ترەمپ ئۆپەراسیۆنێکی نوێی دەستپێکردووە بە ناوی پڕۆژەی ئازادکردنی ڕێڕەوە ئاویەکانی گەورەی هۆرموز لە دەستی تەهران، ئیران تاکوو ئێستا جۆرەئەتێکی ئەوەی نەبووە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا. لە جێگەی ئەوە، ئیران بە دەیان مووشەک و درۆن هێرشی کردووە سەر ئیمارات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە: بۆچی ئیران لە جێگەی هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا، دەوڵەتی ئیماراتی هەڵبژاردووە؟
یەکەم، ئیران ترسێکی گەورەی لە هەڵگیرسانی شەڕ هەیە و باش دەزانێت ئەگەر دووبارە شەڕ هەڵبگیرسێت، زیانێکی زۆر گەورەتر لە جارانی پێشوو بەر دەکەوێت. بۆیە هەوڵ دەدات بە هەموو شێوەیەک خۆی لە شەڕی ئەمریکا بپارێزێت. ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو دروشمانەیە کە بۆ ڕاگەیاندن باس دەکات، گوایە ئەمریکا شکستی هێناوە.
دووەم، ئیران دەیەوێت لە ڕێگەی بۆردومانکردنی وڵاتێک وەک ئیمارات، کە هەم هاوپەیمانێکی نزیکی ئەمریکایە و هەم سەرچاوەیەکی گەورەی نەوت و گازی هەیە، ئەو پەیامە بدات بە ئەمریکا کە ئەگەر ڕاستەوخۆ هێرش نەکاتە سەری، دەتوانێت هێرش بکاتە سەر هاوپەیمانەکانی. هەروەها دەیەویت بڵیت کە تەنناەت گەروی هورموزیش بکرێتەوە دەتوانین رێگە لە چوونی نەوت وگاز بۆ بازارەکانی جیهانی بگرین
سێیەم، ئیران دەیەوێت وڵات و ئیدارەی ئەمریکا تاقی بکاتەوە، بزانێت تا چەند ئامادەیە لە کاتی هێرشکردنە سەر هاوپەیمانەکانی بەرگرییان لێبکات. بەتایبەتی لە ترەمپ بەوە ناسراوی کە لە کاتی تەنگانەدا پشتیوانی تەواوی هاوپەیمانەکانی ناکات و بەجێیان دەهێلێت
چوارەم، لە دوو هەفتەی پێشوودا چەند ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی باسیان لەوە کرد کە ئیمارات سیستەمی بەرگریی لە ئیسرائیل هێناوە، و تەنانەت هێزەکانی ئیسرائیل یارمەتی ئیمارات دەدەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە درۆن و مووشەکیەکانی ئیران. ئەمەش زیاتر بووتە هۆکاری نیگەرانی ئیران و دەیەوێت هوشداری بدات بە ئیمارات لەم ڕووەوە.
پێنجەم، ئیران مەبەستیەتی دووبەرەکی و ناکۆکی لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا درووستبکات. بەتایبەتی هەوڵ دەدات بە هێرشکردنە سەر هەندێکیان و کردنەوەی دەرگای دیپلۆماسی بە رووی بەشێکی تر، رێگە لە درووست بوونی هاوپەیمانی وڵاتانی عەرەبی دژی ولاتەکەی بگرێت و ناکۆکی بخاتە نێوانیان، چونکە ئیران لەم جۆرە گەمانەدا خەبیرە.