ماوەیەک لەمەوبەر هەواڵێکم لەڕێگەی نامەی واتساپەوە، نارد بۆ زوربەی هاوڕێیانم. هەروەها لە وتارێکیشمدا کە لەکاتی گەیشتنی هەواڵەکەدا سەرگەرمی نووسینی بووم، ئاماژەم پێدا. دواتر دەرکەوت هەواڵەکە ناڕاستە. ئەم وتارەم نەک پاساوهێنانەوە نیە بۆ هەڵەکەم، بەڵکو دوو هۆی هەیە:
دداننان بەهەڵەکەمدا، کە نەدەبوو بەسەرمدا تێبپەڕێت.
وەک دەرفەتێک سەیرم کرد، بۆ تیشکخستنە سەر ئەو بەڵا گەورەیەی هەواڵی ناڕاست، کە نەک هەر بەهۆی سۆشیال میدیا تووشمان بوە، بەڵکو وەک دەردەکەوێت هەرە گەورەترین و خاوەن ئیعتیبارترین دەزگا گەورەکانی ڕاگەیاندنیش لێی دەرباز نەبوون.
دواتر دێمە سەر هەڵەکەی خۆم، بەڵام ئێستا بەدەرفەتی دەزانم هەندێک هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاریی دەزگا گەورەکانتان بۆ بخەمە ڕوو. دەزگای مسبار کە دەزگایەکی گەورەی چاودێریی هەواڵ و میدیایە و سەدان ڕۆژنامەوان و لە زۆر وڵاتانەوە کاری تێدا دەکەن، کار بۆ ئاشکراکردنی ئەو هەواڵ و ڕاپۆرت و لێدوان و تەنانەت ئەو وتارانەش دەکات، کە ناڕاستن و هەڵبەستراون. بەش بەحاڵی خۆم ماوەیەکی کەم نیە کەڵکی لێوەردەگرم. لێرەدا هەندێک لە نموونەکانی کاری ئەو دەزگایەتان بۆ دەخەمە ڕوو، کە بە ژمارە باس لەو جۆرە ڕەفتارانەی میدیا هەرەگەورەکان دەکات:
کەناڵی ئاسمانیی (RT) عەرەبی، کە لەهەرە گەورەترین کەناڵەکانی ڕووسیایە ٥٩ کردەوەی لەجۆرەی کردوە، کە بریتیین لە: ٣٢ چەواشەکردن، ١٧ هەڵبەستراو، ٧ ورووژاندن، ٢ ئیتیقائیی، ١ دانەش خورافە. ئەمانەشی بەپێی وڵاتەکان دابەش کردوە: میسر ١١، ئەمریکا ٤، هەریەک لە ئەفغانستان و سوریا و فەلەستینیش ٣. هەر وڵاتێکیش بکەیتەوە وردەکاریی هەریەک لەو هەڵبەستراونە بەوردیی دەخاتە ڕوو، بۆ نموونە سەبارەت بەئەمریکا، لێدوانێکی مارک رووتەی ئەمینداری گشتیی ناتۆیە کە باس لە دەرکردنی ئەمریکا لە ناتۆ دەکات، لە کاتێکدا کە مارک رووتە پەیوەندیی لەگەڵ ترامپ کردوە بۆ پیرۆزبایی سەرکەوتنی و جەختکردنەوە لەوەی گەڕانەوەی ترامپ کلیلی پاراستنی هاوپەیمانێتییەکەیە.
ئەمەش بوارەکانن: ٣٨% هەواڵ، ١٩% سیاسەت، ١١% وەرزش، تەندروستی ٨%، هی تریش ٢٤%.
کەناڵی ئاسمانیی ئەلعەرەبییە: ٥١، کە بەمجۆرە دابەش دەبن: ٣١ چەواشەکردن، ٥ هەڵبەستراو، ١٢ ورووژاندن، ٣ ئینتیقائیی. ئەوانەشی ئاوا دابەش کردوە: تورکیا ٦، هەریەک لە ئەمریکا و چین ٥، ڕووسیا ٤، سعودیە ٣.
سکای نیوز عەرەبییە: ٤٩، کە بەمجۆرە دابەش دەبن: ٣٠ چەواشەکردن، ٧ هەڵبەستراو، ١٠ ورووژاندن، ٢ گاڵتەپێکردن. بوارەکانیش بەم ڕێژانە دابەش دەبن: ٣١% هەواڵ، ٢٧% سیاسەت، ١٢% تەندروستی، ١٢% وەرزش، ١٨% هی تر.
رۆژنامەی ئەلشەرق ئەلئوسەتی لەندەنیی، کە گەورەترین ڕۆژنامەی جیهانی عەرەبە و هاوکات لە چەندین وڵاتی جیهاندا چاپ و دابەش دەکرێت: ١٢، کە ٧ دانە چەواشەکردن، ٣ هەڵبەستراو، ٢ ئینتیقائیی.
کەناڵی ئاسمانیی ئەلحوڕەی ئەمریکا: ١٧، کە ئاوا دابەش دەبن: ١٠ چەواشەکردن، ٤ هەڵبەستراو، ٢ ورووژاندن، ١ ئینتیقائیی.
کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرە: ١٥، کە ئاوا دابەش دەبن: ٤ چەواشەکردن، ٥ هەڵبەستراو، ٢ ورووژاندن، ٤ ئینتیقائیی.
ئەمانە تەنها نموونەی جیاجیان لە چەندین وڵات و دەزگای جۆراوجۆر، بەڵام هەرە بەرزترینەکەیان ئەلیەوم ئەلسابعی میسرییە کە بە پلەی یەکەم دێت: ٧٩، کە ئاوا دابەش دەبن: ٣٩ چەواشەکردن، ٢٧ هەڵبەستراو، ٩ ورووژاندن، ٢ گاڵتەپێکردن، ٢ ئیتیقائیی.
هەڵبەتە لیستەکە دوورودرێژە و چەندین کەناڵ و ڕۆژنامەی ناسراوی وەکو سپۆتنیک و ئەلبەیانی ئیماراتیی و ئەلوەفدی میسریی و نەهاری لوبنانی و ئەلقودس ئەلعەرەبیی تێدایە. کەچی سەیر لەوەدایە ڕۆژنامەی ئەلدیاری لوبنانی تێدا نەبوو. دەتوانن لەم لینکەوە سایتی میسبار بکەنەوە و هەموو وردەکارییەکان ببینن، هەروەها دەشتوانن بۆ دڵنیابوون لە هەر هەواڵ و بابەتێک کەڵکی لێوەربگرن.
من لەو کەسانەم کە زۆر منجڕیی دەکەم لە ڕاستیی و دروستیی هەواڵ و سەرچاوەکانی، بەجۆرێک کە زۆر جار لەو هاوڕێیانەم کە بابەت و هەواڵ و وتارم بۆ دەنێرن، داوای سەرچاوەکەی دەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا لە دواییدا هەر تێکەوتم.
ئەمەش حیکایەتی تێکەوتنەکەم:
دانیشتبووم وتارەکەم بەناونیشانی لەچاوەڕوانیی ترامپدا بنووسم کە لەم لینکەوە دەتوانن بینەری بن. پەیوەندییم لە هاوڕێیەکی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ هات. کە بڕیار بوو دوو ڕۆژ دوای ئەو پەیوەندییە بەشدار بێت لە کۆبونەوەیەکی نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکەدا باسی ئەوەی کرد کە کۆبونەوەکەی بڕیار بوو چەند کەسێکی کەم لە سووریا تێیدا بەشدار بن، بۆ کاتێکی نادیار دوا خراوە. کە لە هۆیەکەم پرسی، بێئاگایی خۆی دەربڕی، بەڵام ئەوەشی گوت کە دوور نیە ئەو بڕیارە پەیوەندیی بە بەو لێدوانە توندەی ترامپەوە بێت کە باس لەوە دەکات ترامپ بە نیازە داوای تەسلیمکردنی جۆلانیی لە ئەردۆغان بکات.
دوای تەواوبوونی پەیوەندییەکە، بە وێنەی ئەو تویتەوە نەوەستام کە هاوڕێکەم ناردبووی، بەڵکو ڕاستەوخۆ سایتی ڕۆژنامەی ئەلدیاری لوبنانییم کردەوە، دروست بوو، هەواڵەکەیان بڵاو کردبوەوە. پێوەری دڵنیابوون و باوەڕکردن بەهەر هەواڵ، یان وتار و ڕاپۆرتێک زۆرن، لەوانەش: سەرچاوەکەی و ئایا تا چەند موعتەبەر و جێمتمانەیە، ئینجا خودی بابەتەکە تا چەند دەچێتە عەقڵەوە، بەکوردییەکەی: تا چەند ڕێی تێدەچێت. ڕۆژنامەی ئەلدیاری لوبنانی، ڕۆژنامەیەکی دێرینی موعتەبەرە، کەواتە گرفت لە سەرچاوەکە نیە. ئایا داواکردنی تەسلیمکردنی جۆلانیی بە ئەمریکا ڕێی تێدەچێت؟ بە یەک وشە: نەخێر. بەڵام پێوەرێکی دیکە لێرەدا دەچێتە پاڵ ئەو دوو پێوەرەی سەرەوە، کە بریتییە لەوەی کێ لێدوانەکەی داوە. لێرەدا لێدوانەکە لە هی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا دەچێت، یان نا؟ دیسانەوە بەیەک وشە: بەڵێ. لە لێدوانی ئەو دەچێت.
هەربۆیە لەو سێ پێوەرەی پشتم پێ بەستبوون دوانیان دروست بوون. ئەمە جگە لەوەی هاوڕێ ڕۆژئاواییەکەم بە هەواڵی دواخستنی کۆبونەوەیەکەیان لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دڵنیایی زیاتری دامێ.
ئەوەی باسم کرد هیچ پاساو نییە بۆ خۆدزینەوەم لە بەرپرسیارێتیی هەڵەکەم، بەڵکو بەم وتارە ویستم ئەو فەزا ترسناکە بخەمە ڕوو کە نەک هەر سۆشیال میدیای بێ دایک و باوک، بەڵکو هەرە ناسراوترین و موعتەبەرترین دەزگاکانی جیهان تێیدەکەون. ئەوەتا ئەوانیش دەکەونە داوەکەوە، یان دەمانخەنە داوەکەوە.
دوای ئەوەی هەواڵەکەم نارد بۆ هاوڕێیان، چەند هاوڕێیەک پەیوەندییان کرد و باسیان لەوە کرد کە هەواڵەکە لە هیچ دەزگایەکەی دیکە بڵاو نەکراوەتەوە، هەرەها لە سایتی ڕۆژنامەکەشدا ناکرێتەوە، کە لینکەکەم کردەوە، دروست وابوو. هەواڵەکە لەلایەن برپرسانی ڕۆژنامەکەوە لابرابوو، بەڵام من پێشتر لە سایتی ڕۆژنامەکە خۆیەوە وێنەم گرتبوو، هەر ئەو وێنەیەشم بۆ هاوڕێکانم نارد. پاش تێپەڕبوونی نزیکەی دوو هەفتە بەسەر ئەو هەڵەیەمدا، بەدڵنیاییەوە سەرقاڵیی خەڵک بە ژیان و جەنجاڵییەکانی و لێشاوی هەواڵەکانەوە، هەڵەکەی منیان بیر نەماوە، بەڵام تاکە کەسێک کە لە بیری نەکردوە و لەبیریشی ناکات، خۆمم.
من نەدەبوو ئەو هەڵەیەم بەسەردا تێبپەڕێت، بۆیە داوا لەیەک بە یەکتان دەکەم بمبوورن کە ئەو هەڵەیەم بەسەردا تێپەڕی. بەڵێن دەدەم لە داهاتوودا وردتر و بەدیققەتترەوە مامەڵە لەگەڵ هەر بابەت و ڕاپۆرت و وتار و هەواڵێکدا بکەم. ئەگەر بمبوورن گەورەیی خۆتانە، نەشمبوورن مافی خۆتانە، منیش ملکەچی بڕیاری ئێوەم.