دواین هەواڵ

توركیا ئیسرائیلی پێدەوڵەتی تیرۆرە كەچی ناتوانێت ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵدا بپچڕێنێت

‌كارزان گلی

01/12/2023

لە ماوەی یەك مانگدا سەدان كەشتی بارهەڵگری توركیا بەرەو ئیسرائیل بەڕێكەوتوون

لەوەتەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دروست بووە، توركیا لە هەموو وڵاتە ئیسلامییەكان زیاتر توندە بەرامبەر بە ئیسرائیل، تەنانەت رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، بە ئیسرائیلی گوت دەوڵەتی تیرۆر و حەماسیشی وەكوو رێكخراوێكی خەباتگێڕ ناوبرد. بەڵام سەرەڕای ئەو توندییە توركیا، پەیوەندییە بازرگانییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل نەپچڕاندووە، بەپێچەوانەوە پەیوەندییە بازرگانییەكان زیاتر بوون و سەدان كەشتی بارهەڵگری توركی، لەوكاتەوەی شەڕ دروست بووە، كە 7_10_2023 بوو، بەرەو ئیسرائیل بەڕێكەوتوون.

ئەردۆغان، زۆر توندە بەرامبەر بە ئیسرائیل، دەڵێت ئێمە راناوەستین تا لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ئیسرائیل دەدەینە دادگا و هەروەها وەكوو دەوڵەتێكی تیرۆر دەیناسێنین، بەڵام كاتێك دێتە سەر ئەوەی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ بپچڕێنێت هیچ هەنگاوێكی كرداری ناهاوێت.

لەناو پەرلەمانی توركیا و هەروەها لە هەموو وەزارەتەكانی توركیا، خواردنی ئیسرائیلی بایكۆت كراوە، لەناو مێنۆی خواردندا بەهەموو شێوەیەك خۆراكی ئیسرائیلی دەرهێنراوە، بەڵام پەیوەندییە بازرگانییەكان زیاتر بووە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەنووسی دیاری توركیا مەتین جیهان، توركیا سەدان كەشتی بارهەڵگری بەرەو ئیسرائیل ناردووە، تەنانەت باس لەوە دەكات یەكێك لەو كەشتییە بارهەڵگرانە سەر بوراك ئەردۆغان، كوڕی رەجەب تەییب ئەردۆغانە.

جیهان، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و ئاشكرای دەكات، كەشتییەك بەناوی كەشتی خالید یڵدرم، لە 11_10_2023، واتە شەش رۆژ دوای شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە توركیاوە بەبەتاڵی دەچێتە ئیسرائیل، لەوێ كەشتییەكە پڕ دەكرێت و بەرەو فلۆریدا بەڕێدەكەوێت.

باس لەوەش دەكات، ئەو كەشتییە سەر بە كۆمپانیایەكە خاوەنی ئەو كۆمپانیایە ناوی مەرد چەتینە، كە هاوبەشی لەگەڵ بوراك ئەردۆغانی كوڕی رەجەب تەییب ئەردۆغاندا هەیە.

زیاتر ئاشكرای دەكات، لەوەتەی شەڕ لە نێوان حەماس و ئیسرائیل دروست بووە، زیاتر لە 335 كەشتی توركی بەرەو ئیسرائیل بەڕێكەوتووە بۆ مەبەستی بازرگانی.

ئەو ژمارە كەشتییەی لە توركیا بەرەو ئیسرائیل رۆیشتووە، سێ ملیۆن و نیو تەن كەلوپەلی هەڵگرتووە، بەڵام تاوەكوو ئێستا روون نییە ئەو كەلوپەلانە چین.

هەفتەی رابردوو، پارتی سەعادەت پڕۆژەیەكی رادەستی پەرلەمان كرد و داوای كرد كە ئاشكرا بكرێت توركیا چی جۆرە كەلوپەلێك دەنێرێتە ئیسرائیل و هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان ئاشكرا بكرێت، بەڵام لەلایەن ئاكەپە و مەهەپەوە، ئەو پڕۆژەیاسایە رەتكرایەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەزگا فەرمییەكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، لەدوای چین و ئەمریكا و ئەڵمانیا، ئیسرائیل، چوارەم وڵاتە كە توركیا زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵدا هەیە، پلانیش هەیە كە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوانیان ساڵانە بۆ 20 ملیار دۆلار بەرز بكەنەوە.

جارێ روون نییە، ئاخۆ لە ئەگەری توندبوونی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل و بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و كوشتنی منداڵ و ئافرەت، ئەردۆغان هەنگاوە گەورەكە دەنێت كە بەتەواوی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بپچڕێنێت؟

بۆ ئێستای توركیا هەنگاوێكی لەوشێوەیە ئەستەمە، چونكە رەوشی ئابووری توركیا زۆر خراپە، لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار هاڕەی كردووە، جیا لەوەش ئەگەر ئەردۆغان هەنگاوێكی لەوشێوەیە بنێت، ترس هەیە، سەرمایەدارەكانی جیهان، بایكۆتی توركیا بكەن و لەڕووی دراییەوە سزای بدەن، ئەمەش باجەكەی بۆ توركیا زۆر قورس دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP